دواین وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر

ئه‌وه‌ی سه‌یری دوایین ووته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بكات ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕێزیان ده‌یه‌وێت باره‌كه‌ بخاته‌ سه‌رشانی خه‌ڵك وتاوانی گشت هه‌ڵه‌كانی سالانی ڕابردوو بخاته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌.به‌ڕێزیان دوای خۆڕاگری له‌موچه‌خۆره‌كان ده‌كات كه‌ بۆ زیاتر له‌ دووساڵه‌ له‌سه‌ر نیوه‌وموچه‌وچارێكه‌ موچه دانیان به‌خۆیان گرتووه‌‌،كه‌چی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ چاره‌سه‌ر ڕیشه‌یی بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ بدۆزێته‌وه‌ ده‌لێت:ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی موچه‌ بده‌ین ئه‌وا پێیان ده‌لێن ئه‌وانیش تێمان ده‌گه‌ن.
واته‌ ده‌یه‌وێت خه‌ڵك بێ موچه‌ش ده‌وام بكه‌ن بچنه‌ سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی خۆیان،ئایا ئه‌و ئاگاداری ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك ده‌وامی ته‌واو ناكرێت.قوتابخانه‌كان هه‌موویان سێ دوو رۆژ وسێ ڕۆژ پشویان بۆ هه‌ر مامۆستایه‌ك داناوه‌،یانیش ئاگاداری ئه‌وه‌ نین كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بێ به‌ ته‌له‌فۆن به‌دوای پزیشكه‌كان بگه‌ڕێین تا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بیدۆزیه‌وه‌.ئایا ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ هۆكاره‌كه‌ی چیه‌؟ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ی كه‌مته‌ر خه‌می خه‌ڵكه‌ له‌كاره‌كانیان ئه‌وا پێویسته‌ خه‌ڵك باجه‌كه‌ی بدات.به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قه‌یرانه‌ حكومه‌ت خۆیه‌تی چونكه‌ له‌ژێر هه‌جمونی حزب كاری كردووه‌ ..كل شیء من اجل الحزب بووه‌ نه‌ك خه‌ڵك.حزبیش وه‌كو مۆته‌كه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ هه‌میشه‌ حكومه‌ت ده‌سته‌مۆی خۆی بكات .له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سنوری حزب دیار بێ وسنوری حكومه‌ت دیار بێ كه‌چی،تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كراون ویه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویتردا زاڵ كراوه‌،ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین هۆكاری ئه‌م هه‌موو شكست وقه‌یران وكێشانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنی وخه‌ڵكیش باجه‌كه‌ی ده‌دات.ئێستا حكومه‌ت توشی فه‌شه‌ل بووه‌ له‌گشت ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌.به‌ڵام له‌وبواره‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌حزبه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا به‌یه‌كه‌م ده‌رچوه‌.
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئۆبالی خرابی كاره‌با ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵك ئیتر نازانم به‌ئاگایی ومه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كات یانیش بیانوو هێنانه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌ شكست خواردووه‌كان له‌بواری نه‌وت وووزه‌و گاز.تۆ كه‌نه‌توانی كاره‌بای هه‌میشه‌یی بۆخه‌ڵك دابین بكه‌ی ئیتر گله‌یی له‌كام به‌هه‌ده‌ر دان ده‌كه‌ی كه‌ نه‌توانی سیسته‌مێكی سه‌رده‌میانه‌ دابنێی بۆ كۆنترؤلكردنی ئه‌م به‌فیڕۆدانه‌ بێگومان خه‌ڵك به‌گوێره‌ی پێویستی خۆیان وبه‌زیاده‌شه‌وه‌ به‌كاری ده‌هێنن.ئه‌وه‌ حكومه‌ته‌ كه‌ ئه‌بێ بالانس ڕاگرێت له‌نێوان داهاتی خه‌ڵك وخه‌رجیه‌كانیان ئه‌مه‌ حكومه‌ته‌ كه‌ ئه‌بێ خزمه‌ت گوزاری بۆ خه‌ڵك دابین بكات وخۆشگوزه‌رانیان بۆ بهێنێ وله‌هه‌مان كاتیش به‌یاسا سه‌روه‌ری ڕێگری بكات له‌گشت ئیسراف وبه‌هه‌ده‌ردانه‌كانی سامانی گشتی به‌ڵام ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات،چونكه‌ كه‌ خۆتان ده‌ست به‌یاساوه‌ نه‌گرن وملیارێك دینار قه‌رزاری فه‌رمانگه‌ی كاره‌با بیت ئیتر خه‌لكی تر چۆن ده‌ستی پێوه‌ بگرێت،ده‌بێت گشت به‌رپرسه‌كان له‌خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن له‌هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك وبڕیارێك كه‌ ده‌ری ده‌كه‌ن.ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌ حكومیه‌كان ده‌ست به‌ كاره‌باوه‌ نه‌گرن ومه‌زره‌عه‌كانیان به‌سه‌دان گلۆپ به‌شه‌و ڕۆژ بده‌روشێته‌وه‌ ئیتر گله‌یی له‌كام هاوڵاتی ده‌كه‌ی له‌سه‌ر سپلیتێك یان گلۆپێكی زیاده‌.
به‌ڵێ سه‌رۆكی حكومه‌ت باسه‌ره‌تا له‌م وه‌زیره‌ بپرسێته‌وه‌ بۆچی به‌ڵێنه‌كانی له‌ 24 سعات كاره‌با نه‌هێنایه‌ دی؟با له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بپرسێته‌و‌ه‌ بۆچی ناتوانێ بن دیواره‌كان له‌لیستی موچه‌ لاببات ؟بۆچی چاودێری دارایی ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ت وسامانی به‌رپرسه‌كان بكات.بۆچی حزبه‌كانیان ده‌ست له‌یه‌خه‌ی حكومه‌ت به‌رناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هاوڵاتیان كار بكات.بۆچی دوای ئه‌زمونی 26 حكومڕانی گیرفانی به‌رپرسه‌كان ودوو حزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات یه‌كێتی وپارتی پڕیه‌تی ولێی ده‌ڕژێ وقاصه‌ی حكومه‌ت به‌تاڵه‌ .بۆچی له‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا گشت خزمه‌تگوزاریه‌كان ڕاگیرا ون گشت رسوماته‌كانی حكومه‌ت ده‌ قات كراون.بۆچی ناتوانن پاشه‌كه‌وتی موچه‌خۆران به‌ئه‌لیكترۆنی بكه‌ن..بۆچی ناتوانن هێزێكی كوردستان یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن.ئه‌مانه‌ چه‌ندین پرسیاری تر ڕوبه‌ڕوی حكومه‌ت وسه‌رۆك وجێگره‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌ ..
كاتێك تۆ ئه‌ركی خۆت به‌رامبه‌ر خه‌لك جێ به‌جێ نه‌كه‌ی چۆن ده‌توانی داوای مافی خۆت بكه‌ی،به‌ڵكو خه‌ریكه‌ ئه‌ركیان قورستر ده‌كه‌ی .پڕۆژه‌كان گشتی ڕاگیراون بێكاری ته‌نگی به‌خه‌ڵك هه‌لچنیه‌ وبازاڕ ساردوسڕه‌،به‌ڵام لای ئێوه‌ نه‌بای دێ نه‌باران چونكه‌ قه‌یرانه‌كه‌ بۆ ئێوه‌ كاریگه‌ری نیه‌،ئێوه‌ مه‌تالێكی پۆلایین بۆ خۆتان دروست كردووه‌ كه‌ هیچ شتێك وهیچ قسه‌یه‌ك وڕه‌خنه‌یه‌ك وخۆپیشاندانێك ومان گرتنێك كاری تێ ناكات ،له‌وڵاتانی دیموكراسی وه‌زیر له‌سه‌ر یه‌ك ڕه‌خنه‌ واز ده‌هێنێت له‌ پۆسته‌كه‌ی وسه‌رۆك وه‌زیران ده‌هێنرێته‌ به‌رامبه‌ر دادگا بۆ چه‌ند هزارێك كه‌ به‌نایاسایی بردویه‌تی له‌ داهاتی گشتی .كه‌چی لێره‌ ملیارات دۆلار له‌داهاتی گشتی دیار نیه‌وكه‌سیش نازانێ بۆكوێ چووه‌.ئیترسه‌دان دۆسیه‌ی گه‌نده‌لی ئاشكرا كراون كه‌چی به‌پرسێك سزا نه‌درا.ئیتر تۆ ئه‌ته‌وێ خه‌ڵك به‌قسه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ بكات؟؟ حكومه‌تێك كه‌ده‌ستی له‌ بینه‌قاقای میلله‌ت ناوه‌و تا ئه‌وپه‌ڕێ توشی زیلله‌تی كردوون.بۆیه‌ به‌ڕێزتان بزانن وته‌كانتان ته‌نها كوڵاندنه‌وه‌ی زیاتری برینه‌كانن..

عبدالعزیز هه‌ركی