فرعۆن!

  سێ شەممە, 12 کانونی یەکەم 2017 10:41

وەك چۆن لە كۆندا بە فەرمانڕەواكانی فارس گوتراوە (كیسرا) و بە هی ڕۆمەكان گوتراوە (قەیسەر) و بە پاشای حەبەشە گوتراوە (نەجاشی)... ئەوهاش بە فەرمانڕەواكانی میسری كۆن گوتراوە (فیرعەون).
ڕاستە سەردەمی فەرمانڕەوایی فیرعەنەكان، وەكوو ماوەی فەرمانڕەوایی زۆرێك لە زنجیرەی خێزان و گروپە حومكدارەكانی مێژوو، پڕە لە وێنەی هەم جوان و هەم ناشرین، هەم ڕۆشن و هەم تاریك، كە دوور نییە سەردەمە هەرە تاریك و خراپەكەی مێژووی حوكمداریی فیرعەونەكان، سەردەمی فیرعەونی سەردەمی پێغەمبەر موسا بووبێت (د.خ)، چونكە فیرعەنی سەردەمی موسا، جگە لەوەی بكوژ و گەندەڵكار و چەوسێنەر و سەرەڕۆ بوو، هەروەها تاكڕەو و خۆبەخوازانیش بوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش مێژوو پێمان دەڵێ‌: لە سەردەمی فیرعەونەكانی میسردا، شارستانییەتێكی گەورە بونیاد نراوە و ئەو وڵاتە لەوسادا لە زۆر ڕووەوە پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە دیوە، لەوانە لە سێكتەری كشتوكاڵییەوە پلانیان داناوە كوو كەڵك لە ئاوی نیل وەربگرن و ڕێگە لە لافاو بگرن. لە كەرتی بازرگانیدا هەوڵیان داوە بە كەمترین خەرجی، زۆرترین قازانج بە وڵاتەكەیان بگەیەنن. لە كەرتی سەربازیدا پلانی تۆكمەیان هەبووە و ویستوویانە هیچ هێزێكی دەرەكی نەتوانێ‌ زەفەریان پێببات. لە بواری پزیشكیدا بە سوود وەرگرتن لە گژوگیا و بەرهەمە ڕووەكییەكان پێشكەوتووترین جۆری دەرمان و خزمەتگوزاریی تەندروستییان لەو سەردەمەدا فەراهەم كردووە. هەر لە سەردەمی حوكمڕانی فیرعەنەكانی میسردا كاری بیناسازی و عیمرانی و دروستكردنی كەشتیگەلی تۆكمە و سیستمی ماتماتیك و كاری هەلكۆڵین و هتد... گەیشتووەتە ئاستێكی هەرە پێشكەوتووی سەردەمی خۆی.
لەبەرئەوە لێكچوواندنی هەندێ‌ گەورەدز و باندی مافیا و توخمی گەندەڵكاری ئەم سەردەم و سەر زەمینەی خۆمان بە (فرعۆن)، لێكچوواندنێكی ورد و زانستی نییە، چونكی فیرعەنەكانی میسری كۆن لەپاڵ نەزعەی تاكڕەوی و چەوساندنەوە و گەندەڵكاری، پیاوی حوكمڕانی و بونیادنانی شارستانییەتیش بوون...