۱٦ی ئۆكتۆبەر زەنگی كۆتایی

  شەممە, 16 کانونی یەکەم 2017 09:09

ڕوداوی ۱۱ی ئۆكتۆبەر خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگە بۆ دەسەڵات وحكومەت و پارتە سیاسیەكان و هاوڵاتیانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی ،پاش ۲٦ساڵ لە حوكومڕانی یەكێتی و پارتی لە هەرێمی كوردوستاندا، هەمو لایەنی سیاسی و ئابوری و سەربازی بە شێوەیەكی گشتی كەوتە بەردەم تاقیكردنەوە ،ئایا ئەوەی دەسەڵاتی كوردی بەدرێژایی زیاتر لە چارەكە سەدەیەك زیاتر بنیاتی ناوە بەرگەی چەند دەگرێت و دەتوانێت خۆڕاگربێت لە بەرامبەر فشارە دەرەكیەكاندا ؟

بەڵام بەداخەوە ئەوەی بینرا تەنها سەرابێك بوو ،چونكە لە یەكەم كاتژمێری جوڵەی هێزەكانی دوژمن حكومەتی هەرێم وەك شێرە بەفرینە لە بەردەم هێزێكی ناڕێكخراوی میلیشیای لاوازی وەك حەشدی شەعبیدا هەرەسی كردو توایەوە ،نیوەی خاكی هەرێمی كوردوستانی لە دەستدا ،٥٥۰ بیرە نەوتی ڕۆیشت ،خاڵە سنوریەكان و فڕۆكە خانەكانی ڕادەستكرد ،واتە زۆرینەی هێزی سەربازی و ئابوری لە دەست دا ،كەواتە لە ئێستادا حكومەت چی ماوەتەوە؟لەوەش خراپتر ئەوەیە كە پلانی ئایندەی دەسەڵات لە بەغدا ئەوەیە كە قۆناغ بە قۆناغ كاردەكات بۆ ئەوەی لە ئایندەدە شتێك نەمێنێت بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردوستان ،بەڵام لێرەدا دەكرێت بپرسین ئایا یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی بەپرسیار لە ئایندەی چارەنوسی گەلی كورد لە هەرێمی كوردوستاندا ,چیان لە سەر دۆخەكە ووت و پلانیان چیە بۆ ئایندە ؟ئایا چۆن دەتوانن ئەم دۆخە تێپەرێنن ؟

یان بە چ ئالیەتێك بتوانن كۆدەنگیەكی نیشتمانی دروست بكەن بۆ تێپەرراندنی دۆخەكە ؟ئەوەی كە بینیمان تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو ، هەردوو پارتە دەسەڵات دارەكە سەڕای تەخوینكردنی یەكترو هەوڵدان بۆئەوەی كە هەریەكەیان خۆیان بدزنەوە لە بەر پرسیارێتی ،لە دیوێكی ترەوە بەهەمان گوتارو ریتم و دەم و چاوەوە هاتنەوە سەر شانۆو درێژەیان بە كارەكانیاندا .پارتە سیاسیەكانی تریش هیچیان هەتا ئێستاش بەرنامەیەكی رۆشنیان نەبوە بۆ دۆخەكەو نازانن چۆن بەرەو ئایندە هەنگاو هەڵبگرن ، هەندێك لە حیزبە سیاسیەكان هەتا ئێستاش پڕۆژەی چاكسا زی دەدەنە پەڕلەمان یان ئامادەن پێشوازی لە وەفدەكانی یەكێتی و پارتی بكەن بۆ قسەكردن لە سەر دۆخی ئێستا یان شێوازی پێكهێنانەوەی حكومەت یان چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا ،من پێم وایە زەمەنی هەموو ئەو شتانە بەسەرچوە ،لە دوای ۱٦ی ئۆكتۆبەر هەموو شتەكان گۆڕاون ،هەموو كەسێك و لایەنێكیش بەتایبەت دو پارتە دەسەڵاتدارەكەو بەتایبەتیش پارتی بەباشی ناسراون ،پاش تێپەڕبوونی ۲٦ ساڵ بەسەر حوكمڕانی یەكێتی و پارتی ئیتر كاتی زێڕینی ئەم دو حیزبە كۆتاییان هات ،بە درێژایی ئەو ساڵانە ئەوان تاقیكرانەوە،دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و مەعریفی هەموی لە دەست ئەواندابوو، سەرچاوەكانی هێز هەموی لە ژێر هەژمونیاندا بوو ،۱٦ی ئۆكتۆبەر زەنگی كۆتایی بوو ،ئەنجامی كەوتنیان ڕاگەیەندرا ،ئەوان تەواو بوون، ئیتر ئەوان ناتوانن دۆخەكە چاك بكەنەوە ،چونكە ئەوان هەر هەمان كاراكتەری ڕابردون هەمان عەقڵیەتیان هەیە ،بەهەمان دیدو ئایدیاوە سیاسەت دەكەن ،ئەگەر سەیریان بكەیت ئێستاش هەر شەڕی خەوە بچوكەكانی خۆیان دەكەن ،ئامادەی هیچ گۆڕانكاریەك نین ،هیچ پلانێكیان بۆ ئایندەنیە ،لە عەقڵیەتی ئەواندا شتێك نیە بەناوی پلانی ئایندە بۆڕزگاركردنی نیشتمان و نەتەوە لەو قەیرانە گەورەی ئێستا تیای دەژی ،كەواتە لێیان گەڕێن باخۆیان چۆن تێكیانداوە با هەر خۆیان چاكی بكەنەوە ،ئەم دۆخە چاوەڕوانی هێزێكی نوێیە كە خۆی نمایش بكات و ڕابەرایەتی خەڵك بكات بۆڕزگاری ئەو هێزە نوێیە نابێت هەڵەی لایەنە سیاسیەكان لە ڕابردودا دوبارە بكاتەوە دەبێت بە پلان و سترتیجیەتێكی نوێ بێتە ئارا، دوربێت لە حقدو بوغزی ڕابردو، بۆ ئایندەبژی و تەنها ئامانجیشی بنیات نانی كوردوستانێكی نوێ بێت لەژێر سایەی سیستمێكی دیموكراسی و داد پەروەر ،ئەو هێزە نوێیە دەبێت نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردوستان بكات ،واتە دەبێت لە نوێنەری سەرجەم لایەنەكان پێك بێت ،ئامانجی یەكەمیش پاراستنی كوردوستان بێت لە توندوتیژی ،چونكە لە رابردووودا توندوتیژیەكان هیچیان لێ نەكەوتۆتەوەو نمونەی ووڵاتانی یەمەن و سویاو لیبیا لە بەر چاوە كە توندوتیژی چ كارە ساتێكی دروست كردوە ،لە بەر ئەوە تەنها رێگە خەباتی مەدەنیە ،خەباتی مەدەنی باشترین رێگەیەو زۆریش كاریگەرە بۆ چاكسازی و گۆرینی دەسەلات و دەتوانرێت ئەگەر بە پلان بێت و هێزی مەدەنی سەرپەرشتی بكات بە كەمترین كات ئامانجەكانی بپێكێ و دەسەلات ناچار بكات كە ملكەچی داواكانی جەماوەر بێت .