تكایە مەهێڵن بۆ كۆتاجار بێ ئومێدی بڕوێنن !

  شەممە, 16 کانونی یەکەم 2017 13:00

 

... ئەزانم وتراوە ئەگەر بتەوێ شارستانێتی هەر گەل و نەتەوەیەكـ داڕوخێنی و بۆ كۆتاجار لەناویبەی ، ئەوا پێویستە لەسێ بڕگەو كۆڵەكەو كەمەری ئەو میللەتە بدەی كە بریتین لە ( خێزان ، پرۆسەی فێربوون‌ و فێركردن ، پێشەنگـ و پیرۆزیەكانی ئەو گەلە ) ، چونكە بەهەڵوەشانەوەی خێزان وتێكدانی شیرازەی خێزان وئیفلیجكردنی پرۆسەی خوێندن وفێربون لەوێشەوە بۆ لەكەداركردن و ناشیرینكردن ڕەمزو پیرۆزیەكانی هەر گەلێكـ ، دەرەنجام تاكێكی بێ ڕەچەڵەكـ و خاڵی لەپەروەردەیەكی تەندروست و بوغزاو تۆراو لەهەموو پیرۆزی و جوانیەكـ داڕنراو لە بەهاكانی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستنی دەورووبەر بەرهەم دێت ، كە دواجار نابێتە خاوەنی هیچ شتێكـ یان بەهیچەوە پەیوەست نابێ هەتا لەخەمی بێ یان بۆ لەدەستدانی بەخەم بێ ! ئەوەش دیارە خیانەت و یەكتربڕو پاكتاوكردنی ئەویتر بووەتە سیماو ناسینەوەی گەلانی ناوچەكە كوردیش وەكـ بەشێكـ لەوان و كۆپیكراوی خەصڵەتەكانی ئەوانیتر خیانەت وهەرزان فرۆشی خاكـ و ئاو تێكەڵ بەجیناتی سەركردەكانی بووە بەجۆرێكـ بەشانازیەوە لەباوانەوە بەمیراتی وەردەگیری و هەنوز لەو ڕێبازە لانادەن و نایانەوێ ونیكەن ! دەی خۆ ئەوەش ڕوون و ئاشكرایە كە سەركردەكانی ئێرە باوەڕیان بە جێگۆڕكێ نیە تەنانەت بۆ ماوەیەكـ ئەگەرچی كاتی و بۆ خولێكـ بێ دەستبەرداری شكۆی بێ شكۆی خۆیان بن ، بەڵكو تا ئەبەد بڕیاریانداوە‌ بمێنەوەو نگۆڕدرێن ، تەنها لەپێناو مانەوەو هیچی تر ، واته بۆ مانەوەو جێنەهێشتنی پلەو پۆستەكانیان بەبێ گویدانە میللەت كە چۆنن یان چین ، قبوڵیانە هەرچیەكـ بن هەر چۆنێكـ بن !

ویستم بڵێم لەوەتەی خۆم ناوسیوەتەوەو بەبیرم دێ میللەتی كورد هەر وەكـ ئێستاو هەندێ جار خراپتر و بەدبەختر ئاوارەو دەربەدەرو خەڵتانی خوێن و كوشتوبڕكراوە ، نەكـ بۆ خۆم تەنانەت بەدرێژایی ‌تەمەنی باوكـ و دایكـ و بیرەوەری و یادەوەریە تاڵەكانی ئەوانیش هەر ئەمە بووە كە هەیە و ڕووداوو چەرمەسەریەكانی ڕابووردوویان بەم جۆرە گێڕاوەتەوە‌ ! وەلێ ئەفسوس و سەد مەخابن ئەوەی ئێستای لەڕابووردوو جیاكردۆتەوەو جێاوازتر دیارە بێ ئومێدی و ڕەشبینەكـی تەواو سامناكـ سەرجەم چین و توێژەكانی ئەم میللەتەی تەنیوە بەخوێنەوارو نەخوێنەواریەوە بەئاگاو بێ ئاگایەوە‌ بەسەردەرچوو لەسیاسەت و دوورە پەرێزی سیاسەت و سەرقاڵ بەسیاسەتێكـ خزمەت بەسیاسەتی سیاسیەكان !

لەمەش خراپتر بۆ هیچ حزبێكـ نیەو نەماوە یان سەركردەو سیاسیەكـ نیە جەماوەرو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە متمانەی ‌پێ بكەن یاخود متمانەی مابێ ولەمتمانەی نەدرابێ !! ئەمەی كۆتایی گوایە هەڵوێستە لەبەرانبەر سیاسیە دۆڕاوەكان و لەگۆڕنانی ڕوخسارە هەربووەكان و دەمووچاوە دووبارەكانی دەسەڵاتداران و سیاسیەكانی حزبی دەسەڵاتدار ! وەلێ نازانن ئەم بێ ئومێدی و تەڕو وشكـ سوتانە بەسەریەكەوە خزمەتێكی بێ بەرانبەرو بێ سوپاس و پێزانینە بۆ خودی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم ! چونكە بەشێكـ لەهەوڵ و ئامانجی كاراكتەرە دۆڕاوەكانی ئەم دەسەڵاتە وەكـ چۆن لەڕابووردوودا پەرلەمان و حكومەت و دامودەزگا شەرعیەكانی ئەم میللەتەیان خاڵیكردوە لەشەرعیەتی یاسایی و مایە پووچكرا ! بەهەمان شێوە بێ ئومێدكردنی خەڵكـ و یەكسانكردنی هەموو حزب و سیاسیەكان پێكەوە لەیەكـ بەرەو بەهەمان تۆمەت و بارتەقای تاوانەوە ئامانج ودوا هەوڵی فریوودەرانەی ئەوانەو دەچێتەوە سەر ئەو ڕێگایەی كە دواجار دووڕیا‌نی بەرەی گەل و دەسەڵات تێكەڵ بەیەكدی ئەكاتەوە وڕێگرە لەناسینەوەی باش لە خراپ و ‌تاوانكارو لەبێ تاوان و گەندەڵكار لەپەرێزپاكانی ئەم گەلە !

واتە بەبێ پۆلێنكردن و تەتەڵەكردنی هەمووان بۆ دوو دەفرو دووبەرەی جێاواز ، جگە لە درێژەدان بەماوەی تەمەنی دەسەڵاتدارانی ئەم حكومەتە ، ئاهو گوڕێكـ كە لەناخی جەماوەرو چین و توێژەكاندا ماوەو كڵپەی دێ خامۆش ئەكات كەهێشتا توخم و پایەكانی هەڵسانەوەو سەرلەنوێ بنیادنانەوەی هەڵگرتووەو لەئەگەری خۆڕێكخستنەوەو گیان كردن بەبەریدا ، ئەكرێ ئومێدو ئایندەی ئەم گەلەی پێاهەڵواسرێ و مانایەكـ بۆ نیشتمان و نەتەوەو خاكـ و ئاو بگێڕێتەوە ، لەوێشەوە سنورێكـ دیاری بكات بۆ دوژمنان و چاو تێبڕینی داگیركەران و هەژمونگەرای وەڵاتانی ئیقلیمی و بێ باكی زلهێزان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست خواست و مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان ! هەر بۆیە لەپێناو مانەوەی دەستكەوتەكانی ئێستاو ئایندەو چاوەڕوانیەكانی ڕۆڵەكانی ئەم گەلە مەهێڵن بۆ كۆتاجار بێئومێدی لەناخ و خاكی ئەم گەلە بڕوێنن !