كارگە و حكوومەت و باڵەخانە

  یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 13:00

 

له‌ ساڵی 1991 ژمارەی كارگەكانی كوردستان 100 كارگە بووە، بەڵام ئێستا نزیكی 4 هەزار كارگە هەیە بێگومان ئەو ژمارەیە لە رووی داتاوە دڵخۆشكەرە و جێگەی ئومێدە بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە لەو 4 هەزار كارگەیە بە كردار نیوەیان كاردەكەن و ئەوانی تر داخراون یان بێ بەرهەمن.

پێش ئەوەی مووچە و بودجەی كوردستان لە لایەن بەغدا ببڕدرێت و شەڕی داعش بێتە كایەوە كارگەكان بەردەوام ژمارەیان زیادی دەكرد و خەڵك بەدوای كردنەوەی كارگە كردنەوە بوون، بەڵام بەداخەوە ئەو ماوەیە دۆخەكە بە جۆرێك خراپ بوو ئەوەی كارگەشی هەبوو دای دەخست.

ئێستا بەهۆی دووركەوتنەوەی شەڕی داعش و چوونەوەی پارەی كاش بۆ بازاڕەكان و زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی، كارگەكان جۆرە چالاكیەكیان بۆ گەڕاوەتەوە و ژمارەی مۆڵەتدانی كارگەكانیش بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو زیادی كردووە بۆ نمونە نزیكەی 50%ی كارگەكانی هەولێر وەگەڕخراونەتەوە.

ئەوەی جێگەی ئومێدە ئێستا بەشێكی بەرهەمی ئەو كارگانە بۆشارەكانی عێراق هەناردە دەكرێن ئەوەش مانای ئەوەیە كارگەكانی ئێمە دەتوانن لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بازاڕ بۆخۆیان پەیدا بكەن.

كارگەكانی كوردستان لە رووی پۆڵێن بەندی دابەش دەبنە سەركارگەی بچووك و مامناوەند و گەورە،بێگومان كارگە بچوكەكان ژمارەیان زۆرترە بەراورد بە كارگە گەورە و ستراتیژیەكان،بۆیە دەبێت خەمی ئەوە بخورێت كارگەی ستراتیژی و گەورەش زیاد بكرێت بۆ ئەوەی بەرهەم و فەراهەم كردنی هەلی كاریش زیاتر بكرێت.

لایەنێكی گرنگی كردنەوەی كارگە دەستەبەركردنی هەلی كارە بە تایبەت لە دۆخێكدا كە ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەت دامەزراندنی وەستاندووە ئەوەش وای كردووە رێژەی بێكاری بەرز بێتەوە كە ئێستا لە نێوانی 13% بۆ 16 یە، بەپێی داتاكان بەهۆی دامەزراندنی كارگەكانی كوردستان بە هەزاران هەلی كار رەخساوە بۆ نمونە تەنها لە هەولێر هەلی كار بۆ 20 هەزار كەس رەخساوە.

ئەگەر خاوەنی كارگەی خۆماڵی و بەرهەمی خۆماڵیمان بین ئەوە ترسمان لەوە نابێت وڵاتان سنوور دابخەن یان هەڕەشەمان لێ بكەن، بەڵكو دەتوانین خۆمان خۆمان بژێینین.


پێویستە پلان و ستراتیژیەتی حكوومەت و كەرتی تایبەت بەرامبەر كردنەوەی كارگە بگۆڕدرێت، حكوومەت مەرج و رۆتینەكانی كەم بكاتەوە و باج و رسومات لابدات و ئیمتیاز بەوانە بدات كە كارگە دەكەنەوە، كەرتی تایبەتیش لە بڕی شتی رووكەش و باڵەخانەی بەرز روو لە كردنەوەی كارگەی خۆماڵی بكەن و پارەی تێدا خەرج بكەن ئەگەر قازانجیشی كەم بێت .

 

 

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .