چارەنوسی حكومەتی هەرێم لەژێر چەكوشی هەڵوەشان و سندانەی بەردەوام بوون دا

  دوو شەممە, 18 کانونی یەکەم 2017 12:48

 

 

دۆخی هەرێم دوای شكستی 16ی ئۆكتۆبەر هێندە پەڕپوت و شلۆقە مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە لەگەڵ ئەو هەموو قەیران و ماڵوێرانیانەی ناتەبایی و یەكترقەبوڵنەكردن و ستەم و نادادیەی كردویانە بە دەسكەگوڵی جەژنانەی هاووڵاتیان لەگەڵ ئەو هەموو ڕسـواییەی بەسەرحكومەت و جەماوەریان هێناوە هێشتا لایەنەكان وەك كەڵەشێری دۆڕاو شەڕبە یەكتری دەفرۆشن !! لەبری بیركردنەوە لە گێڕانەوەی شكۆی تێكشێكنراوی پێشمەرگە و ئاوڕدانەوە لە ئاوارەكانی شەنگار و مەخمورو و تیماری برینەكانی كەركوك و ساڕێژی ئازاری هەتكی پاكیزەی خورماتوو دڵدانەوەی شێرە زنجیركراوەكانی گەرمەسێر هێشتا گەوجاندن و موزایەدە بەردەوامە !!!

ئاخر بەرپرسان ئێوەو خوداتان .... لەیەكبەیەكتان دەپرسم ئاخۆ كەی دەستبەرداری ئەم گڕگنی و ڕقئەستوری و لوتبەرزی و گەندەڵی و دووڕووییەتان دەبن؟؟؟ 

ئەزانن ئەو منداڵانەی لەگەڵ حكومەتە هەمیشە ساواكەی كوردوستاندا لەدایكبوون ئیتر كۆرپەكەی جاران نەماون ئەوان پۆلەكانی خوێندنیان لەسێبەری براكوژی و شەڕی كورسی و داستانەكانی گردەگڕە و كەپكی حەمەدئاغا و سەیرانبەند و دوكان و شیراتون ودەیانیتردا بڕی....

ئەوانەی نەبوون بەسوتەمەنی شەڕە ناشەرعیەكانی ئێوە ئێستا مامۆستا وئەندازیار و پارێزەر وپزیشك و كارمەندی بێمووچە و...كرێكاری بێكارن بوون بە باوك و ئەفسەر و بەڕێوەبەر وبازرگان و دەیانیشیان شەهیدو بریندار و بێسەروشوێنن.. هەزارانیش سەری خۆیان هەڵگرت و ڕوویان لە هەندەران و تراوگەنشینی كرد لەداخی ستەم و گەندەڵی ئێوە هەتا بەرگ و كولتوور و ناوەكوردیەكەشی فڕێداوە !! زۆربەیان بەدەم تەمەنی پڕخەمەوە سەریان وەك قەدیاڵەكانی قەندیل بەفری سپی خاڵخاڵی كردوە. كەچی ئێوە هەر ساوان و قۆناغی هەرزەكاریتان تێنەپەڕاند!!!

ئەدی ئێوە كەی دەگەنە تەمەنی ڕوشد و شەرم داتاندەگرێت و بەخۆتاندا ندەچنەوە؟؟!!! بەڵێ هێشتا دەستبەرداری گەوجاندنی ڕۆڵەكانی ئەم میلەتە خێرلەخۆ نەدیوە نەبوون؟؟ هێشتا هەریەكەتان پاساو بۆ هەڵە قێزەونەكانی قۆناغی مێژووی تفت و تاڵی حیزب سالاری و بەخودا كردنی مەردم دەهێننەوە؟؟!!!

هەندێك وەك صنم ڕەق و چاووگوێ داخراوون لەئاستی ڕاستیەكان و ئامادەنین سازش بۆپاراستنی نیشتمان بكەن. هەندێكیش ڕەنگ نەما نەیپۆشن بەرگ نەما لەبەرینەكەن ناونەما لەخۆتانی نەنێن من تێناگەم ئێوە ئەڵێی ڕۆحتان بەخوێن ئاودراوە كەڕەناو بووق نەما فووی شەڕی پیانەكەن لەسەر لاقەكورسیەك بیرەنەوتێك باڵندەیەك چووزانم لەوانەیە مەستی پێكێك و نەشوەی شەوێكی سوور چەندان ڕۆڵەی قارەمانی ئەم هەرێمەی بۆكرابێت بەقوربانی .. دەزانن ئەمانە هەمووی بۆ بەرژەوەندی ئەهریمەنی بیری چەوت و لاری ڕەوت بوون نەوەك قوربانیدانی ڕەوای مۆراڵێكی خواویستی و نیشتمان قەروەری ..

ئێستاش بەجۆرێكیتر دژبە خۆتان و میلەتوكەتان لەشەڕدان!!! شەڕی دەنگ و شەڕی ڕەنگ و شەڕی ئەمدیوو ئەودیوو ناوەند و...هتد بەیەكدی دەفرۆشن جاربەجار چنگێكی چڵكنیش لە كۆتری منارە و ڕیشی سۆفی سەربەرماڵ و ئەندازیارانی ڕوناكی و باخەوانی باخچەی ووشەش دەوەشێنن بۆ كپكردنی دەنگی حەقبێژی و تاریككردنی مۆمە داگیرساوەكانی سەرەڕێی كاروانی بەرەوخۆرچوون.

لەكۆنەوە ووتراوە كات بەشێكە لە چارەسەر داخەكەم ئێوە كاتتان تەنها بۆ خۆكۆكرنەوە و خۆبەهێزكردنبووە لەپێناو بەڕێوەبردنی خولێكیتری جەنگ و كاولكاری و نەهامەتی , بەڵكو بتوانن دەمامكێك لەسەر لك وچك و گڕگنیەكانتان ببەستن و چاوبەسی لە هاووڵاتیانی سڤیل و سادە بكەن و خۆتان بەسەرچاوەی ڕوناكی و پاڵەوانی ڕزگاری نیشتمانی نمایش بكەن بەڕاست دەزانن وەرزەكان و مانگەكانی ساڵ و تەنانەت ڕۆژەكانی هەفتەش بێبەشنەبوون لە ستەم و نادادی و مۆركی عەیبداری و شەرمئاوەرتان !! هەرجارەو ناوێك و هەر ڕۆژەی بەلایەكدا ترازوەكە لاسەنگ و خوار دەكەنەوە بەداخەوە سوتەمەنیەكەشی هەڵۆكانی نیشتمان بوون ..

ئێستەش دەهۆڵی پێكهێنانی حكومەتی كاتی و ڕزگاری نیشتمانی دەنگیان كپبوەتەوە نۆرەی ڕاپەڕینی جەماوەری و سەرتاسەریە بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت دڵنیام ئەمەش چارەسەری كێشەو قەیرانەكان نیە و ترسی شەڕی نێوخۆ و تێكچوونی ئاسایش و پەككەوتنی دامودەزگا حكومیەكانی لێدەكرێت . ڕۆژانێكی شوم و كردارگەلێكی قێزەونیان لێبەرپادەبێت و قلتەی ئەمنی ڕودەدات و دواتر (بانگەشەكاران و داكۆكیكاران ) پێكەوە لەسەرمێزی ( 2و 3و 4 و( 5 قۆڵی بەدەم پێكەنین و میوە خواردنەوە دانوستان و مامەڵەیان پێوەدەكەن ولەكۆتاییدا ئەهریمەنەكانی شەڕ فریشتەن و لەپەپولە بێتاوانتر دەردەچن و زیانەكانی هاووڵاتیان خەتای ڕەشەبای سلێمانی و خوێنی بەهەدەرچووی ڕۆڵەكانیشمان شەربەتاوی شێخەڵایە . ئەمە وەك داكۆكی لە هیچ كەس و لایەنێك ناڵێم بەڵكو لەبەرئەم هۆكارانەیە:

1ـ دڵنیام هەرحكومەتێك پێكبهێنرێت ئەوانەی ئێستا باڵدەستن لە لوتكەی هەرەمەكەدادەمێننەوە (هێزێكی زۆری حیزبیان لایە) تەنها هەندێك گۆڕانكاری لەخوارەوە ڕودەدات ئەونەتیجە بە دانوستانیش بەدەستدێت

2ـ ئاستی گشتی هۆشیاری و حسی ئەمنی هاووڵاتیان ئەوەندە بەرزنیە بتوانن لەكاتی ڕوودانی هەر ئەگەرێكدا پارێزگاری لە دامودەزگاكان و سەروماڵی هاووڵاتیان و ئاسایشی گشتی بكەن.

3ـ حكومەتی بەغداخۆی مەڵاسداوە لەڕۆژێكی وادەگەڕێت تاكۆتا بزمار بدات لەنەعشی هەرێم نابێت ئێمەش هاوكاربین پاساوی بەدەستەوە بدەین

4ـ گرنگترین خاڵ ئەم شەپۆلە ململانێی نادروستی سیاسیە واتە هەردولا میلەت بەكاردێنن نەك كار بۆ میلەتبكەن بۆیە بەدیلەكان لە ئەصیلەكان باشترنین و نابن مێژوو شاهیدە ئەوانەی ئەمڕۆ بانگەشەی پشتگیری و داكۆكی لەهاووڵاتیان دەكەن تەمەنێكیان لەنێو ئەو سیستەمە گەندەڵە گوزەراندوەوبەشێكبوون لە شەڕەكانی ناوخۆ و لەهیچیشی پەشیمان نەبوونەتەوە و دەستبەرداری فلسێك و سانتیمێك و دڵۆپێك نەبوون شانازیشی پێوەدەكەن.

بۆیە بەدڵێكی پڕلەحەسرەت داوادەكەم و بەگوێی هەردوولا ویەكبەیەكتاندا دەچریكێنم هۆۆۆ بڕیاربەدەستان !!!

تكایە ئەگەر بۆجارێكیشبێت دەستبەرداری حەز و ڕق و گیانی تۆڵەسەندن و بەرژەوەندیە تەسكە حیزبی و تاكەكەسیەكانتان ببن و بیرێك لە داهاتوی ئەم میلەتە بەشمەینەتە بكەنەوە . وەرن بەهەمووتانەوە لاپەڕەیەكی سپی و نوێ هەڵبدەنەوەو فایلەكۆنەكانتان بخەنە زبڵدانی مێژوەوە و ئاوڕێك لەو هەموو خوێن و قوربانیانە بدەنەوە كەلەپێناوی ئەم هەرێمە و دەستكەوتەكانیدا دراوەو لەبری دژایەتی و خۆخۆری ئیدی یەكتر قەبوڵبكەن و پرۆژەیەكی ژیرانە بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەو قەیرانەكان دابڕێژن و خاڵەلاوازەكان دەستنیشان بكەن و هەماهەنگی یەكتربكەن بۆ هەستانەوەو ئایندەسازی و گەشتن بەتەواوی مافە ڕەواكانمان. تەنها بڕیاربَكی ڕاستگۆیانە بدەن بەدووپەت یارینەكەن و خاوەنی بڕیاری سیاسی و ئیداری ناوخۆیی خۆتانبن دڵنیام هەموو گرێكان لەچاوتروكانێكدا دەكرێنەوە.