دەسەڵات لە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی مێژوویدا

  سێ شەممە, 19 کانونی یەکەم 2017 09:54

لە رۆژی رابردوەوە جارێكی تر شەپۆلێكی ناڕەزایی خەڵك لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردەوە، خۆپیشاندانی ئەمجارە هەست دەكرێت توندترەو خەڵك بە توڕەییەكی زیاترەوە هاتوونە سەرشەقام، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە ئاست هەست كردن بە بەرپرسیاریەتێكی گەورەدا بوون، پاراستنی ئارامی هەرێمی كوردستان و دورخستنەوەی توند و تیژی لە هەرێمەكەو رێگەگرتن لە هەر پیلانێكی دوژمنانی دەرەوە بۆ شێواندنی بارودۆخەكەیان خستبووە پێش نان و مووچە و خزمەتگوزاری و هەموو پێداویستیە سەرەتاییەكانی خۆیانەوە، لە ساڵی 2014شدا لەوكاتەدا كە بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی وەك داعش دروست بوو، پێشمەرگە بەخوێنی خۆی پارێزگاری لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان كرد و زیاد لە 1300 شەهید و 10 هەزار برینداری پێشكەش كرد، بەڵام سەد مەخابن ئەم دەسەڵاتە نەك ئەو دڵسۆزی و هۆشیاریە نەتەوەیی و نیشتمانیەی نەنرخاند و سوپاسی گەل و پێشمەرگەی نەكرد، بەڵكو لەو دۆخەدا دەستی دایە گەندەڵیەكی بێ‌ ئەندازە و تاكە دامەزراوەی چاودێری بەسەر حكومەتەوە كە پەڕلەمان بوو پەكی خست، دەستی دایە دزین و بەتاڵان بردنی نەوت و گرێبەستی ناشەفاف و دەركردنی بڕیاری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و وێرانكردنی حكومەت و دامەزراوە دیموكراسیەكان و سەپاندنی هەژموونی حیزبیانەی خۆیان بەسەر هەموو سەكتەرەكانی ئابوری و سیاسدا ، هەتا دواجار بە بڕیاری بێ پلان و نابەجێی ریفراندۆم كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریان دروستكرد، كە خاك و گەل و نەتەوەی كوردیان تووشی گەورەترین سەرشۆڕی كرد. شكستی كورد لە 16ی ئۆكتۆبەر هاوشێوەی شكستی وڵاتانی عەرەبی بوو لە ساڵی 1967دا.
خۆپیشاندانی ئەمجارەی جەماوەری كوردستان، وەڵامە بۆ حوكمڕانی 26 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی كوردی.

بەڵام ئایە دەسەڵاتی كوردی چۆن دەڕوانێتە ئەم خۆپیشاندانانەو هەڵوێستی لە بەرامبەر توڕەیی خەڵكدا چی دەبێت؟ ئەم دەسەڵاتە لە ئێستادا هیچ سەنگێكی نەماوەو هەموو مقەوماتی حكومەتداری لەدەستداوەو متمانەی هاوڵاتیانی لەدەستداوە، كەواتە ئەگەر حكومەتێكیش گەلەكەی نەیەوێت چۆن درێژە بە دەسەڵات و حوكمڕانی خۆی دەدات.
حكومەتی هەرێم لە ئێستادا بەغدا وەڵامی ناداتەوە، لەژێر گەمارۆی توركیا و ئێراندایە، هاوپەیمانان و ئەمریكا گوێ‌ لە داواكاریەكانی ناگرێت، هاوڵاتیانیش لەسەر شەقامن و داوای رۆیشتنی دەكەن، كەواتە لەم كاتەدا دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە لە حكومەتدا دەبێت بیر لە رێگەچارەیەكی عەقڵانی بكەنەوە بۆئەوەی هەرێمی كوردستان بە ئارامی بمێنێتەوەو دوژمنانی دەرەوە دەستی تێ‌ نەخەن، دەبێت دەسەڵاتداران واز لە بەرژەوەندیە حیزبی و تاكە كەسیەكانیان بهێنن و جارێكی تر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی مامەڵە بكەن و بە عەقڵێكی كراوە بێنە پێش و گوێ‌ لە داواكاریەكانی شەقام و هێزە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بگرن، هەتا لە رێگەی هەموویانەوە بگەنە پڕۆژەیەكی هاوبەش و هەرێمی كوردستان لە مەترسیە چاوەڕوانكراوەكانی بپارێزن.


چونكە ئەگەر بەوشێوەیە مامەڵە نەكەن و هەر سوربن لەسەر رێگەچارە تەقلیدیەكان و بەشێوەی ئەمنی و سەربازی بەرەوڕووی دۆخەكە ببنەوە، ئەوا كوردستان و خۆیان بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبەن و ئەمەش دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی و ئەخلاقی بۆ هەتا هەتایە وەك دۆكیۆمینت لەسەریان دەمێنێتەوە.