بڕیارەكەی یەكگرتوو موفاجەئەبوو یان چاوەڕوانكراو

  چوار شەممە, 27 کانونی یەکەم 2017 11:09

 

لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بۆ پرسێكی هەستیار (كشانەوە و مانەوە) لە حكومەت زیاتر لە دە سەعات كۆبوونەوەی بەردەوامی كردوو دواتر بەبڕیارێك دەرچوو هەندێك لە كادیر و دۆستان چاوەڕێی نەبوو. لێرەدا ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەسۆنگەی ئەدەبیات و پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی ئەم حزبە شیدەكەینەوە تا بزانین بڕیارەكە موفاجەئە بوو یان چاوەڕوانكراو ؟
بەپێی پێناسەی یەكگرتوو لە پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی پەسندكراوی كۆنگرەی حەفتەمی لە 18-19/5/2016 یەكگرتوو (حزبێكی ئیسلاحی نیشتمانییە لە پێناو بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندو و دەسەڵاتێكی دادپەروەر بە مەرجەعیەتێكی ئیسلامیانە تێدەكۆشێت).
لە پێناسەكەدا دوو بەها و میكانزمێك روندەبنەوە كە یەكگرتوو كاری لەسەر دەكات و ناچارە پابەندبێت پێیانەوە ئەوانیش (بەهای نیشتمانیبوون و ئیسلامیبوون) و میكانزمی كاركردنە تێدا كە ئیسلاحە . بۆیە ناكرێت و ناگونجێ هێزێك رێز و پابەندبوون بە ئەدەبیاتی خۆی وەلانێت و هەڵپەی كارو و چالاكی تر بدات .
لە بنەماگشتییەكانی پرۆگرامی یەكگرتوودا لە خاڵی (3) هاتووە (گەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و ,فرەیی سیاسی و, دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بە هەڵبژاردن و ,چەسپاندنی بنەما دیموكراسییەكان و, نیشتمانی بوونی حكومەت و ,مامەڵە كردن لەگەڵ جەماوەر لەسەر بنەمای مافەكانی هاوڵاتیی بوون , بەبێ هبچ هەڵاوێركردنێك بناغەی ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسین ).
لە ئامانچەكان لە خاڵی (3) هاتووە (پاراستنی دەستكەوت و مافە دەستورییەكانی و بەدیهێنانی سەرجەم مافەكانی گەلی كوردستان ........)
لەم ئەدەبیاتەی یەكگرتوو تێدەگەین كە بڕیارەكەی یەكگرتوو هەڵقوڵاوی تێگەیشتنێكە كە زۆر جیاوازە لە بیركردنەوەی سیاسی رەوت و هێزەكانی تر . یەكگرتوو ناچارە لە هەموو بڕیارەكانی بگەڕێتەوە سەر بنەما گشتییەكانی ئیسلام كە بەشێكی زۆر لە (القواعد الاصولیە) كۆكراونەتەوە و رەوتە ئیسلامییە مییانەڕەوەكان كاری پێدەكەن, یەكگرتوو لە نێوان پەرژەوەندی و خراپە هەڵبژاردنی نەكردووە بەمانەوە لەناو حكومەتێك كە كەسمان لاریمان نییە لەسەر خراپی دۆخەكەی و نقومبوونی لە كێشە و قەیراندا و بەڵكو یەكگرتوو بە رێسای (اخف الچررین) زەرەری بچوك ماوەتەوە لە حكومەتدا بەو هیوای كاربكات تا لەناوەوە ئاراستەی چاكسازی بكات, دەكرێت لەدەرەوەی حكومەت فشار بكەیت بۆ چاكسازی (ئۆپۆزسیۆن)بیت هەروەك دەشتوانی لە ناوحكومەت كار بۆ چاكسازی بكەیت و دەسەڵاتی لار راستبكەیتەوە . بۆ ئەمەش لە قورئانی پیرۆزدا نموونەمان هەیە كە حەزرەتی یوسف لە ناودەسەڵاتێكی موشریك كاری چاكسازی كرد و نەتەوەیەكی لە بتپەرەستی رزگاركرد . بەتێگەیشتن لە ئەدەبیاتی یەكگرتوو رووندەبێتەوە كە لای یەكگرتوو گەل سەرچاوەی دەسەلاتە و تەنها رێگەیەكیش بۆ دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات هەڵبژاردنە و لەو رێگەیە زیاتر یەكگرتوو شتێكی تر شكنابات بۆ چوونە دەسەڵات و دەرچوون لە حكومەت , بەڵام ئاساییە هێزێكی تر كە بڕوای بە رێگەی شۆڕشی چەكداری و كودەتا و توندوتیژی هەبێ چاوەڕێی هەڵبژاردن نەكات و هەوڵبدات لە رێگە كورتەكەوە بە ئامانج بگات, هەمووان دەزانین رێگەی چاكسازی دوور و درێژ و سەلیقەی زۆری گەرەكە .
ئەم قسانەمان مانای وانییە كە یەكگرتوو پیشتی لەخواستی شەقام كردووە و حەزی بە كێكی دەسەڵاتە بەپێچەوانەوە یەكگرتووەكان لەهەموو خەڵك زیاتر بێبەشبوون لە ئیمتیازاتی ئەم هەرێمە و هەوڵیشبانداوە زیاتر خزمەتی خەڵكی بێدەرامەت بكەن میژوومان بڕیەتی لەسەروەری خزمەتكردن هاوڵاتیان بارەگا سووتاوەكەی پیرەمەگروون سیمبوڵی ئەم خزمەتانەن . یەكگرتوو لەگەڵ شەقام بووە و بەدەنگی شەقام چووە بۆ كاری سیاسی لە پەرلەمان و حكومەت هەربەدەنگی ئەوانیش دێتە دەرەوە , بەڵام پاراستنی كیانی دەستووری هەرێمیش ئامانجێكی گرنگ و گەورەی سەرشانی یەكگرتووەكان بووە, بۆیە هەر لەسەرەتاوە كە خەڵكێك سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتییەكان بوون و ئاراستە مەدەنییەكەیان شێواند بە سووتاندن و تەقە و شەهیدكردنی خەڵكی مەدەنی یەكگرتوو تێگەیشت كە ئەجیندایەكی تر لە پشتی ئەم رووداوە نەخوازراوانەیە كە رەنگە سەربكێشێت بۆ لەبار بردنی كیانی دەستووری هەرێم, بۆیە لەم قوناغەدا مانەوەی لە حكومەت بۆ بەرگری لە كیانی دەستووری كوردستان لا پەسندتر بووە لە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن . لە كۆتاییدا دەڵێن بەشداریكردن یان دەرچوون لە حكومەت لە عورفی سیاسی ئاساییە گرنگ راستگۆییە لەگەڵ ئەدەبیات و میژوو و بەرنامەكەی خۆت هەروەك چۆن ئاسایشە هێزێكی سیاسی هەڵگری هەمان بیركردنەوە و میكانزمی تۆ نەبێت چالاكی تۆ لا باش نەبێ .

هێمن ئەسكەندەر

به‌كالۆریۆسی یاسای و رامیاری .

لە دایكبووی ساڵی 1978 لە شاری هه‌ولێر.

كادیری پێشكه‌وتووی یه‌كگرتووە.

لیكۆله‌ره‌وه‌ی دادوه‌ریە.

به‌رێوه‌به‌ری نووسین رۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو بووه‌ .

به‌رپرسی رێكخراوی ته‌رازووە بۆ رۆشنبری یاسایی.