هاوارو فیزاحی هاووڵاتی زادەی نەبیستنی دەسەڵاتە

  چوار شەممە, 27 کانونی یەکەم 2017 13:42

 

یاسا فیزیاویەكان دەڵێن زیادبوونی پەستان تەقینەوەی لێدەكەوێتەوە زەوتكردن و پێشێلكردنی مافەكان و پشتگوێخستنی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان بێزاری و توڕەیی خەڵكی بەرهەمهێناوە , مووچەو شایستەداراییەكان مافی شەرعی و یاسایی خەڵكە داوای باشتركردنی گوزەران و دۆزینەوەی هەلی كار بۆخاوەن بڕوانامەو هاووڵاتیان مافێكی بنەڕەتین و دابینكردنی ئاسایشی نان و ژیان و دابینكردنی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان ئەركی بنەڕەتی حكومەتە , ئاشكرایە دەسەڵات چەندین ساڵە بەبەهانەی جیاجیا(ساوایی حكومەت و ڕژێمی بەعس و شەڕی ناوخۆ و شەڕی داعش و دواترینیان بوونی هەڕەشەی حەشد) خۆی لە ئەركەكانی بەرامبەر هاووڵاتی دزیوەتەوە .


لەئێستەدا تووڕەیی خەڵك بەتایبەت مووچەخۆران گەشتوەتە مەترسیدارترین ئاست بۆیە بەئەركی بڕیاربەدەستان و دەسەڵاتی هەرێمی دەزانم بەخێرایی ئاوڕێكی جددی لە دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان بدەنەوەو چارەسەری گونجاو بۆتەواوی كێشەو ئاریشەكان بدۆزنەوەو هەوڵی ئاشتكردنەوەو دامركاندنەوەی تووڕەیی هاووڵاتیان بدەن تاكارلەكارنەترازاوە و كورد ووتەنی ( تا دۆو دۆشـاو تیـَكـەڵ نـەبـووە) !

وەك تاك هەست بە ئازارەكانی ستەم و مافخوراون دەكەم و پشكی شێرم لەو بوارەدا بەركەوتوە بۆیە پشتگیری تەواوم دەردەبڕم بۆ سەرجەم داواڕەواكانی چین و توێژەجیاوازەكانی هاووڵاتیانی هەرێم وە داواكارم بەرپرسان خەمساردنەبن و بەزووترین كات وەڵامی داواكاریەكان بدەنەوەو كەموكورتیەكان چارەسەر بكەن .


ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانە و ئامانجدار و ڕێكخستنی گردبوونەوە وكۆبوونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندان و بایكۆتكردن بەشێوەی ئاشتیانە وەك مافێكی دەستووری و ئامرازێكی دیموكراسی و سەردەمیانە لەجاڕنامەی گەردونی مافەكانی مرۆڤ (1948) و یاسانێودەوڵەتیەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ڕێزلێگیراوو دانپیادانراوە . نابێت لەدەرەوەی یاسا مامەڵەی خۆپیشاندەران بكرێت.


گردبوونەوەی جەماوەری لە كۆمەڵگەی هوشیاردا ڕوخسارێێكی شارستانیانە و زمانی تەندروستی گفتوگۆیە لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتی دا. داخەكەم لە بەر لاوازی دیموكراسی و سنوورداركرانی ئازادیەكان و لەژێر مەترسی سزادان و نان بڕیندا لە زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات هاووڵاتیان سەركوتكراون و ناتوانن داوای مافەڕەواكانیان بكەن , لەملاشەوە لەبەر لاوازی ئینتما و نزمی گیانی بەرپرسیارێتی هێشتا عەقڵیەتی بڕوخێ و سوتاندن ودووكەڵ و فەرهودچێتی و گێرەشێوێنی بەشێوەیەكی زەق بەدیدەكرێت كە ئەمانە كولتور و پاشماوەی عەقڵیەتی ستەمگەرایی دەسەڵاتە تۆتالیزمەكانە ئەم هەموو گرژی و ئاڵوزیانە لەكاتێكدان پیلانگێڕی دژبە بەرقەراری ئۆقرەیی هەرێم لە مەترسیدارترین ئاستدایە و زۆرن ئەولایەنانەی هاوشێوەی بەغدا چاویان بڕیوەتە هەرێم و پیلانی لەناوبردن و لەباربردنی دەستكەوتەكانی دادەڕێژن.

نەیارانی هەرێم بۆگەشتن بەو ئامانجانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی هەموو ڕەوایەتیەك دەدەن !!! ڕوداوە نەخوازراوەكانی ڕۆژانی ڕابووردوی زۆرێك لەشارو شارۆچكەكان لە بەتاڵانبردن و سوتاندنی دامودەزگا حكومیەكان و مەشخەڵانی گڕو دوكەڵی مقەڕو بارەگا حیزبیەكان و خۆمەڵاسدانی هەندێك نەفس نەخۆش بۆ تاڵان و سوتاندنی چەندین بارەگای حیزبی و حكومی لەشارو شارۆچكەكان دا ئەو ڕاستیەیان سەلماند كەهێشتا گێرەشێوێن هەیە و ئەتوانن سوود لە درزی نێوان دەسەڵات و گەل وەرگرن و خۆیان بخزێننە نێو جەماوەر بۆ مەرامی تایبەت .

داواكارم خۆپیشاندەران بەهێمنی و دوورلە توندوتیژی داوای مافی خۆیان بكەن و بەئاشتیانە چالاكیەكانیان بەڕێوەببەن و ڕێگەنەدەن هیچ كەس و لایەنێك توڕەیی و ناڕەزایەتیەكانیان بقۆزێتەوە بۆ مەرامی تایبەت و بەلاڕێیدا بەرێت وەپێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان چاوكراوەتربن و ئەو دووجۆرە لەخۆپیشاندەر تێكەڵ بەیەكدی نەكەن , ڕاستە ڕێگریكردن لە تێكدەر و ئاژاوەگێڕ ئەركی سەرشانی هێزە ئەمنیەكان و هەموو تاكێكی هاووڵاتیە بەڵام نابێت بەوبەهانەیەوە هەموان سەركوتبكرێن بەڵكو دەبێت بەگیانی سەردەمیانەو لەچوارچێوەی یاسانێودەوڵەتیەكان و بنەماكانی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دا بەڕۆحی مرۆڤدۆستی و هاونیشتمانی بوونەوە مامەڵەی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتی دەربڕینەكان بكەن و وەك مافێكی سەرەتایی و پەیامی هاووڵاتیان بۆ دەسەڵات هەژماری بكەن , پێویستە دوور لە توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك هەوڵی ئارامكردنەوەی هەڵچونەكان بدەن , دەبێت بزانن سەلامەتی گیانی خۆپیشەندەران لەئەستۆی دەسەڵاتدایە .

لەكۆتاییدا هەموومان ڕۆڵەی یەك نیشتمانین و یەك چارەنوسمان هەیە دەبێت بەهەموو جیاوازیەكانەوە یەكتر قەبوڵبكەین و پێكەوەژیانی ئاشتیانە ئامانجێكی نیشتمانیە پێویستە پێوەی پابەندبین و ڕێگە بە هیچكەس و لایەنێك نەدەین ئاسایشمان بشێوێنێت.