بۆ هەر بەسەرهاتێ وانەیەكـ ، وشتر‌ و ڕێوەكە بەنموونە !

  پێنج شەممە, 28 کانونی یەکەم 2017 13:01


... لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی وكوردستان وەكـ خاكـ ونیشتمانێكی پەیوەست و وابەستە بەئاوو هەواوو جورگرافیا وژیار وژینگەی ناوچەكە‌ سیاسەت تیایدا قێزەون ونابووتكراوە ، بەجۆرێكـ ئێستا لەهەموو كات زیاتر سیاسەت وحزبایەتی بوغزاوەو ڕوخساری سیاسیەكان هەر ڕۆژەو ناوو نیشانێكـ بەخۆیان ئەدەن یاخود بەبەژن وباڵایاندا ئەدوورن ! ئەمەش پاش ئەوە دێت جگە لەكێشە وقەیرانە كۆن وكەڵەكەبووەكانی ڕابووردوو تا دێت ئێرە سیخناخ وئاخێنراوی ئاریشەو گرفت ودەرد ومۆتەكەی تر ئەكرێ ! بێ گومان جگە لە هۆكارە زاتی و نێوخۆییەكانی خودی سیاسەكان زیاد لەهۆكارو تەلیسمێكـ لەپشت ئەم بەجنۆكردنەكەی سیاسەت و لەخێوچووی سیاسیەكانە ، هەر لەنەبوونی ئیرادەیەكی جیددی زلهێزانی جیهانی وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەئاراستەی چارەسەركردن وبەكۆتاهاتنی گرژی وئاڵۆزیەكان هەتا هاوتەریب وخستنەوە سەر ئەو هێڵەی كە بەرژەوەندیەكانی هەمووان وادەخوازێت ئێرە بۆ هەمیشە سەراو گۆڕەپانێكی كراوەو تەراتێنی مانەوەی دەستە ئاشكراوو نهێنیەكانی دەرەوە بێ !

ویستم بڵێم لەپاڵ غیابی ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی نێودەوڵەوتی ودابەشبوونی كوردستان بەسەرچوار وەڵاتی داگیركەرو دیكتاتۆری ناوچەكە ، لەوێشەوە بۆ هەموو ئەو مەترسیانەی كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەدەسێنێ و ئێستا وئایندەمان ڕاپێچی بەردەم چارەنووسێكی نادیارو ڕەش ئەكات ، بەداخەوە هەنوز لایەنه ‌سیاسیەكان نایانەوێ خۆیانی لێ تێگەیەنن یاخود لەخەمیدا بن ! بەڵكو بەپێچەوانەوە هاوشێوەی ئەكتەرە لێزان وجادووگەرەكانی سەر سەكۆو شانۆكان خەریكی نمایش وخۆنواندنی ساختەو قاڵكردنی تەماشاكارانن بەخۆیانەە ، لەوێشەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی كۆی پرسەكەو هێندەی تر لێكـ ئاڵانی گرێ كوێرە وگۆبەندەكانی یەكتر !


ئەوەتا پێكەوە هەمووان باس لەفرە دەنگی وفرە ڕەنگی و ئازادیە گشتیەكان ئەكەین ، وەلێ لەڕاستیدا كاری شەوو ڕۆژمان لەقاڵبدان و لەوچووی ئەویترین ! پێكەوە بانگەشەی یەكڕیزی و یەكـ بەرەیی وكاری هاوبەش دەكەین وەلێ ئەوەی لەواقیعدا ئەبینرێت هەر یەكەو لەدۆڵێكەو بەڕیتم وئاوازێكی جێاواز هۆرەی جافی ئەچڕێ ! پێكەوە دژی گەندەڵی ومووچەی بندیوار وخانەنشیی نایاسایی وتاڵان وبڕۆكردنین بەڵام زۆرێكمان تێوەگڵاوەو ناشمانەوێ چارەسەر بێت !


سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەخوێندنەوەی وتاری دەست لەكاركێشانەوەو دەستبەرداری پۆستەكەی باسی لەگەشت وسەردان وگەڕەكانی خۆیدەكرد بۆ ئەوروپا كە ئەوان هاوكاری وپاڵپشتی ئەوروپیەكانیان بەدەستهێناوەو ڕژاوەتەوەو بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان ! بەهەمان شێوە گەشتی چەند جارەی بارزانی وسەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ دەرەوە گوایە ‌دەستكەوتی گەورە وئامانجی‌ مەزنی بەدوادا هات ، وەلێ واقیعی حاڵ وێنەیەكی تەواو پێچەوانەو سەرەولێژەو هەر بەلێژی دەڕوا !


دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبیانووی ئیفلیجبوونی حكومەتی هەرێم وبێ كەڵكی ئەم حكومەتە هات ، وەلێ پاش زیاتر لەدووساڵ ڕێگریكردن وقەدەغەكردنی لەگەڕانەوەو مومارەسەكردنی ئەركەكەی ! پێشترو لەچەند ڕۆژی ڕابووردووتر وەزیرەكانی گۆڕان بەهەمان هۆكار وئەوەندە ڕۆژ مانەوە بەبێ دەوامكردن لەناو حكومەت ئەوجا دەستیان لەكاركێشایەوە ، كەچی داوا لەهاوپۆستەكانی خۆیان دەكەن لەلایەنەكانیتر دەست بەجێ لەحكومەت بێنە دەرەوە بكشێنەوە ! لەكاتێكدا دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لەبزوتنەوەی گۆڕانە هاوشان لەگەڵ چەندین پۆست وبەرپرسیارێتی تر لەم حكومەتە شكستخواردووە بێ ئەرزشە هێشتا سوورن‌ بمێننەوەو نایانەوێ حكومەت بەجێبێڵن ! واته پاش دووساڵ وئەوەندە ڕۆژ گەیشتن بەبڕیاری دەرچوون لەحكومەت لەولاشەوە مانەوە تیایدا هێشتا هەر دەستكەوتوو سەروەریە وئەبێ جەماوەریش بڵێ ماشا‌ءالله !


لەم سەروبەندەدا ولەژێر فشاری ڕێكخستن وجەماوەری یەكگرتوو وبەشێكـ لەداواكاریەكانی شەقام سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی گەیاندە قەناعەتێكـ ‌كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سەركردایەتی ئەنجام بدا ، كە دواتر بەبڕیارو هەڵوێستێكـ ڕەنگی گرت دەرچوون لەحكومەت یان مانەوە تیایدا بەستەوە بەچەند مەرج وداوكاریەكـ لە سەرۆكایەتی حكومەت وهەردوو حزبی دەسەڵاتدار ! كەچی بەداخەوە ئەم هەڵوێست و بڕیارەی یەكگرتوو كەوته ‌بەر تانەو تەشەری هەندێ كەس ولایەنی سیاسی وبەشكست ونەبوونی هەڵوێست وەصفكرا ! پرسیارەكە ئەمەیە ئەگەر بڕیارو هەڵوێستگرتن بۆ حزبێكـ دووساڵ و ئەوەندە ڕۆژ بخایەنێت پەلەكردنە لەیەكگرتوو بۆ ! خۆ ئەگەر مانەوە لەناو ئەم حكومەتە بێ سوودەو شایستەی ڕوخان و ئیرحەلە ! دەی بۆچی بۆ هەندێكی دەستكەوتەو بۆ یەكگرتوو شكست ! ئەرێ ناكرێ پێمان بڵێن ئەم جادووە چیەو ئەو خەڵكە بۆ ئەوەندە تاساوە !


ئەگەر بڕیارە هەر حزبەو بۆ خۆی سیاسەت ئەكاو بەوجۆرەش ئازادە كە بڕوای پێەتی ! ئەگەر موزایەدەی سیاسی و بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی‌ نەبێ بۆچی ناهێڵن ئەوانیتر لەئێوە جێاواز بن ! دەی كەی بڕیاڕو مەرجە هەر لایەنێكـ چۆن سیاسەت ئەكاو هەڵوێست ئەگرێ ئیتر ئەبێ ئەوانیتر شوێنی بكەون و دەقاودەق لەوبچن ! لێرەوە دەچمەوە سەر ئەو بەسەرهاتەی كە تایتڵ وكۆتایی وتارەكە پێكەوە گرێ دەدات و من وتۆش دەگەیەنێتەوە بەیەكتر ! ئەگێڕنەوە ڕێویەكـ ئەیەوێ بپەڕێتەوە ئەوبەری ڕووبارێكـ لەدوورەوە وشترێكـ ئەبینێ و پێی ئەڵێ ئەرێ قوڵایی و تەنكی ئەم ڕووبارە چەندە ؟ ئەویش لەوەڵامدا ئەڵێ هەتا ئەژنۆیە ! خێرا ڕێوەكە خۆی هەڵ ئەداتە ناو ئاوەكەو ئەیەوێ بەلەنجەو لار و خۆبادان بەڕێكەوێ ! وەلێ هەر ئەوەندە لەلێواری ڕووبارەكە دوور ئەكەوێتەوە قاچ ودەستەكانی لەزەوی ئە‌بڕێت ئیتر بەهەزار حاڵ وپەلەقاژە خۆی دەگەیەنێتە سەر تاشە بەردێكی ناو ئاوەكەو بەهەناسەسواری وترس ولەرزەوە هاوار ئەكاو ئەڵێ ئەرێ وشتر تۆ نەتگووت هەتا ئەژنۆیە !؟ وشترەكە بەهێمنی وەڵامی ئەداتەوە وئەڵێ : بەڵێ وتم وەلێ ئەژنۆی خۆمم وت !!