كارەبا لە بێزاریەوە بۆ چارەسەر

  یەک شەممە, 31 کانونی یەکەم 2017 12:40

 

یەكێك لە كێشە درێژخایەنەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی كارەبای نیشتمانیە كە خۆی لە كەمی كاتژمێرەكان و پچڕان و بێ بەرنامەیی دابەشكردنی دەبینێتەوە بە تایبەت لە وەرزی هاوین و وەرزی زستاندا،هەمیشە پرسیارێك خۆی دووبارە دەكاتەوە بۆچی تاوەكو ئێستا نەتواندراوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت؟.

ئێستا بەرهەمی كارەبای كوردستان لە نێوانی 2 هەزار و 500 بۆ 2هەزار و 800 مێگاواتە، لە كاتێكدا خواست لەسەر كارەبا لە وەرزی سەرما و گەرما نزیك دەبێتەوە لە 5 هەزار مێكاوات، ئەگەر بە وردی سەیر بكەین ئەو 2 هەزار و 800 مێگاواتەی هەیە دابەشی سەر ملیۆنێك و 500 هەزار هاوبەشی كارەبای بكەین لە كوردستان كێشەیەكی ئەوتۆ نیە و رەنگە بتواندرێت بۆ سەرووی 20 بۆ 22 كاتژمێر كارەبا دابین بكرێت، بەڵام كێشەی زۆر لەبەردەم ئەوە خەونە هەیە.

یەكێك لە كێشەكان بۆ دزین و بەفێرۆدانی كارەبای نیشتمانی دەكەرێتەوە بە پێی داتاكانی وەزارەتی كارەبا 35%بۆ 40% كارەبابە فیڕۆ دەچێ كە بەشێكی بۆ دزینی كارەبا دەگەڕێتەوە، هەربەپێی قسەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا بێت لە هەرێمی كوردستاندا رێژەی بەفیرۆچوونی تەزووی كارەبا لە وێستگە سەرەكییەكانەوە تا دەگاتە ماڵان سێ‌ ئەوەندەی رێژەی ستانداری جیهانییە.

ئەگەر ئەو رێژەیەی بەفیڕۆدان نەهێڵدرێت یان كەم بكرێتەوە ئەوە بەشێكی باشی كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت.

یەكێكی تر لە كێشەی كارەبا ئیدارەدان و چۆنیەتی دابەشكردن و بەكارهێنانیەتی،ئەو بڕە كارەبایەی هەیە ئەگەر بە یەكسانی دابەش بكرێت و بەیەكسانی بەكاربهێندرێتەوە كێشەیەك بە ناوی كارەباوە نامێنێت،دوو دەیەیە حكوومەت كێشەی كارەبای پێ چارەسەر نەكراوە بۆیە دەكرێت بەپێی قانون و بەرەچاوكردنی گوزەرانی هاوڵاتیان كارەبا دبدرێتە كەرتی تایبەت بە تایبەت چۆنیەتی دابەشكردن و كۆنترۆڵكردنەكەی،نمونەیەك دەخەمەڕوو، بۆ نمونە لە هەندێك لە كۆمەڵگا نیشتەجێبووەكانی كوردستان كارەبا بەكارهێنان بەپێی كارتە چەندە زیاتر كارەبا بەكاربهێنیت ئەوەندە زیاتر خەرج و كرێ لەسەرت دەوەستێت ئەوەش وا دەكات هاوڵاتیان ئاگایان لە كارەبا بێت و بەفێرۆی نەدەن، كە كێشەی سەرەكی ئێستای كارەبا لە بەفێرۆدانیەتی، ئەو سیستەمەش لە زۆرێك لە وڵاتان هەیە بۆ نمونە لە توركیا.

بەپێی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی تایبەت بە ریفۆرمی وەزارەتی كارەبا یەكێك لە پێشنیازەكانی ئەوەیە بەشێك لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبا رادەستی كەرتی تایبەت بكرێت.
باوەرم وایە بەبێ زیادكردنی نرخی كارەبا تەنها بە كۆنترۆڵكردن و چاودێریەكی ورد دەتواندریت بەفیڕۆدانی كارەبا كۆنترۆڵ بكرێت كە یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی سێكتەری كارەبا.
لە سەرێكی تر تاوەكو ساڵی 2015 ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار بۆ كارەبا خەرج دەكرا، بەڵام ئێستا ملیارێك دۆلارە، هوكات بەهۆی پڕۆژە خراپەكانی كارەباوە چەندین ملیۆن دۆلار بەفێرۆدراوە یانیش هیچ شوێنێكی نەگرتووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2012 لە پڕۆژەی دانانی پێوەری ماڵان 50 ملیۆن دۆلار زیان بە حكوومەت كەوتووە، نمونەی تریش زۆرن.

ئەو كێشانەی تریش هەیە لە تۆڕەكانی كارەبا و هێڵەكانی گواستەوە حكوومەت دەتوانێت چارەسەریان بكات ئەویش لە رێگەی ریفۆرمی كارەبا و هەڵگرتنی رۆتین و تەرخانكردنی بودجەیەكی كراوە بۆ ئەو بوارە. بێگومان ئەگەر ئەو چارەسەریانە لەسەر كاغەز بگوازرێتەوە بۆ بواری كرداری دەتواندرێت كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت یانیش كێشەكانی كەم بكرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی گلەیی و بێزاری هاوڵاتیان.

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .