قۆناغەكـــانی خـەبــــاتی پـارێزگاری لەنیشتمـــان

  سێ شەممە, 02 کانونی دووەم 2018 12:03

 

خۆشەویستی نیشتمان حاڵەتێكی ڕۆحی و ویژدانیە دوور لە هەموو بەها مادیەكان ئەوەتا شاعیر و نوسەر و مامۆستا و گۆرانیبێژ و سیاسی هەریەك بەجۆرێك بەباڵای نیشتماندا هەڵدەدەن , پەیوەندی تاك و نیشتمان هێندە قوڵ و ڕیشەدارە ئاسان نیە پێناسەیەكی دیاریكراوی بۆبكەین , ئەوەی شارەزایانی ڕامیاری و جوگرافی پێناسیان كردوە كە نیشتمان بریتیە لە:(پارچە زەویەك سنورێكی دیاریكراوی هەبێت و گەلێكی لەسەر دەژی...) تەنها ڕوخسارێكی مادی نیشتمانە .

ئەگینا ئەگەر وابوایە دەكرا كەشوهەوایەكی باشتر و سەرزەویەكی بەپیتتر و ئارامتر بكەین بە نیشتمان , بەڵام دەبینیت ساتەوەختی بیستنی هاواری نیشتمان لەتاو ئازاری برینەكانی دا خۆشترین شوێنی دونیامان لادەبێتە زیندان و كۆتوبەند ئیدی شاعیرانە بەجەستە میوانی مەجلیس و بەدڵ لەكەنارەكانی نیشتمان بۆ قومێ هەوا پەروازدەكەین.. نەك هەرئێمە هاووڵاتیانی ناسازترین و بێپیتترین بستەزەوی وڵاتی خۆی بەهەشتی خەونەكانیەتی لەبەرئەوەی لانكەی منداڵی و شوێنی تەواوی خولیاو یادەوەریەكانیەتی .

قوربانیدان بۆ نیشتمان سنووری نیە ڕۆڵەی بەئەمەك كات و ماڵ و گیان لەپێناو سەربەستی و سەروەری نیشتماندا بەشانازیەوە پێشكەش دەكات لێرەوەیە كورد دڵسۆزترین و فیداكارترین ڕۆڵەی نیشتمانی ناوناوە پێشمەرگە. مێژووی ڕابوردوی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد باشترین شاهید و گەواهیدەرە
ئەمانە هەموو پێشەكی بوون بۆ باسی جۆرەكانی دەردی دەستدرێژی كردنەسەر و داگیركاری (خاك ونیشتمان ) و ڕێگاكانی بەرەنگاربوونەوە و پاراستنی لە دەستی چەپەڵی دوژمنان كەبەداخەوە ئەمڕۆ دایكە نیشتمان لەژێر باری گرانی هەموو جۆرە دەستدرێژیەكاندا ناڵانەو نركەیدێت .
جۆرەكانی دەستدرێژی و داگیركاری نیشتمان :

1- داگیركاری دەرەكی یان (داگیركاری سەربازی و ڕاستەوخۆ) بە ئامانجی فراوانكردنی سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵات و سەركوتكردنی گەلەكەی و دزینی سەروەت و سامانەكەی و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و سەربازی داگیركەر بە بیانوی جیاوازی ڕەگەز و ئاین و مەزهەبی و ئایدۆلۆجی .
2- لەتكردن و دابەشكردنی زۆرەملێی نیشتمانێك بەسەر چەند دەوڵەتێك دا بۆ لاوازكردنیان و درێژەدان بەداگیركاری و بندەستكردنیان یان دابەشكردنی نیشتمانێك بۆ چەند كانتۆن و هەرێمێكی جیاواز بەدەستی ڕۆڵەكانی لەڕێگەی پلانی بڵاوكردنەوەی دووبەرەكی و ڕقبوونەوەی ڕۆڵەكانی ناوچەجیاوازەكانی نیشتمان و هاندانیان لەدژی یەكدی بەبەكارهێنانی جیاوازی ئایدۆلۆجی و مەزهەب و دیالێكتە بۆ هەمان مەبەستی سەرەوە .
3- جۆری سێیەم لە دەستدرێژی و داگیركردنی ووڵات لەڕێگەی بڵاوبوونەوەی فەساد و گەندەڵی ناوخۆیی دەبێت لە ڕێگەی دزین وبەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی لەلایەن چەند كەس و باندێكی دەسەڵاتەوە و خیانەتكردن لە ئەمانەتی دەسەڵات وهاووڵاتیان و نیشتمان , كەدەبێت بە یاریدەدەرێكی باش بۆ سەرگرتنی پلانی دوژمنان و دەستوەردانی دەرەكی و لەناوبردنی سەروەری و دەستكەوتەكان ئەتوانم بڵێم زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات لەمجۆرە سیستەمە گەندەڵ و ستەمكار و خۆسەپێنە بەڕێوەیان دەبات و بوون بەهۆی كاولكاری نیشتمان و دروستكردنی كێشەو شەڕ لەنێوان ڕۆڵەكانی یەك نیشتمان دا.
ئەمانە دیارترین جۆرەكانی داگیركردن و دەستدرێژی و خیانەتن بەنیشتمان , ڕووبەڕووبوونەوەیان و پاراستنی نیشتمان لە داگیركاری بە دروشمی بێناوەرۆك و كەسانی تێكەڵ بە گەندەڵی و خیانەت وئەوانەی بەدەم خۆیان بەدۆستی هاووڵاتی و پارێزەری مافەكانیان هەژماردەكەن بەڵام لەگەڵ یەكەم هەلدا لەپێشینەكانیان دزتر دەردەچن نابێت و ناكرێت , هات و هاواری ڕاگەیاندن و میدیاكان و بەگژیەكدی دانی پێكهاتە و لایەنەجیاوازەكانی نیشتمان چارەسەرنیە بەڵكو پێویستی بەگرتنەبەری ئەم سێ خاڵەیە :
1- هۆشیاركردنەوەی تەواوی ڕۆڵەكانمان بەئەرك و مافەكانی بەرامیەر نیشتمان و پێگەیاندنیان لەسەر خۆشویستنی نیشتمان و گەورە ژیان بە دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندی تەسكی شەخصی و حیزبی وهەوڵدان بۆ سەروەری نیشتمان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان.
2- پەروەردەكردنی نەوەكان لەسەر خۆشەویستی ڕاستەقینەی خاك و هاونیشتمانیان و لێكنزیكبوونەوەو یەكتر قەبوڵكردن , كاركردن لەسەر بڕواپێهێنانیان بەوەی هاوكاری نێوان لایەن و پێكهاتە جیاوازەكانی نیشتمان كلیلی سەركەوتن و زامنكەری پاراساتن و سەروەریەكانیەتی بەمجۆرە دەتوانین پلانی نەیاران لەباربەرین و سەروەری ویەكڕیزی نیشتمان بپارێزین .
3- لەكاتی داگیركردنی ڕاستەوخۆدا پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنەجیاوازەكان هەیە لەبەرئەوەی یەكبوون و پشتیوانی یەكدی سەرچاوەی هێزە و شكست و پاشەكشەش لە درز وناكۆكی ناوخۆییەوەیە. لای هەمووان ڕونە مردنی سەربەرزانە لەپێناو دادپەروەری و ئازادی و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و گیان بەخشین لەپێناو ئەو نیشتمانەی هەموومان لەخۆشی و ناخۆشیەكانیدا شەریك و هاوبەشین سەربەرزیە.