میانڕەوی، تەسلیمبوونە یا بوێری؟

  چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 07:22

بەشێك لە ڕەخنەگر و ڕۆشنبیران بە پاساوی نالەباریی ژینگەی سیاسی كوردستان و بەهۆی ئەو دابەشبوونە سەقەتەی لە ئەزموونی سیاسەتی كوردیدا دروست بووە، گوایە تەنیا دوو بەرەی خێر و شەڕ هەیە و وەكوو ئەوان دەڵێن یان دەبێ‌ لەگەڵ دەنگی شەقام بیت و ببیتە بەرگریكاری خەڵكی مافخوراوی كوردستان، یان لەگەڵ چەكمەی دەسەڵات ڕێ‌ بكەیت و بە گوتەی ئەوان ببیتە بەشێك لەو سیستمە گەندەڵ و شكستخواردووەی لە هەرێمدا حوكم دەكات.

جارێ‌ بەر لە هەر شتێك سەرەڕای هەموو ئەو سەرنجانەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان هەیە، كە ژینگەیەكی تا بڵێی ناتەندروست و ناسروشتی و شێواوە، بەڵام دابەشكردنی هەق و ناهەق بەم زمانە و دیاریكردنی تەنیا دوو ڕەنگی ڕەش و سپی بەم ڕەهاییە، هێندەی خۆبەلاداخستنی ئەو دەنگ و قەڵەمانەیە بەلایەكی هاوكێشەكەدا، هێندە ئەنجامگیری و خوێندنەوەی بابەتییانەی دۆخەكە نییە. ئاخر برادەرینە! ڕاستە لە كوردستان دوو حزب پارە و سامان و چەك و دەسەڵات و سنوور و پەیوەندییەكان...ی لە دەستدایە و لەو دۆخەی كە دروست بووە و هەموو ئەو شكست و نەهامەتییانەی بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتووە، بە پلەی یەك ئەوان لێی بەرپرسن. ڕاستە حزبی باڵادەستی كوردی ڕەنگە بەقەد ئەو هێز و دەسەڵات و پێگە و مێژووەی هەیەتی، لەمڕۆدا دەیان هێندە لە خواست و داوا و مافی هاووڵاتی و شەقام دوور كەوتبێتەوە، بەڵام نابێ‌ ئەو ڕاستییەش نادیدە بگیرێ‌، ئەو بەرەیەی گوایە نوێنەرایەتی شەقام و دەنگی ناڕازیی خەڵك دەكات، نوێنەرایەتی ئەو بەشەی شەقام دەكات كە ئەندام و دۆست و هاوسۆز و هەواداری خۆیەتی، نەك هەموو شەقام. چون ئەویش دابەش بووە بەسەر ئەو هاوكێشە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی كە لە گۆڕەپانەكەدا هەیە. سادەترین نموونەش ئەوەیە ئەگەر ئەوڕۆ لە پارچەیەكی كوردستان كەسێك پەنجەی خوێنی لێ‌ بێت، سبەینێ‌ دەبێتە مانشێتی گەورەی میدیای هەندێك حزب، بەڵام ئەگەر سەتان گەنج لە پارچەیەكی دیكەی نیشتمان لە سێدارە بدرێن، وەكوو ئەوە وایە هیچ ڕووینەدابێ‌ و مێشێك میوان نییە. ئەو بەرەیەی گوایە بەرەی جەماوەری عەیار بیست و چوارە، لەملا لەژێر دروشمی شەفافیەت و دژایەتی گەندەڵی ختوكەی هەستی جەماوەر دەدات، لەولاش بەناوی هەق و عەدالەت و بەسەرچوونی مۆدێلی قەومچێتی، سەرەتاتكێ‌ لەگەڵ عێراقی سیمبوڵی گەندەڵی و ناشەفافیەت دەكات. ئەگەر فێڵ لە یاداوەیی خۆمان نەكەین، دەبینین دواجار ئەو بەرەیەش بە مانایەك لە ماناكان ـ ئەگەر ڕێژەییش بێ‌ ـ پاشماوەی ئەو هێز و توخمانەن، كە بەشدار بوون لە شەڕی ناوخۆ و گلاون لەو پاشەگەردانی و بێسەروبەرییەی لە باشووری كوردستاندا دروست بووە، هەر لە لێشاوی خانەنشینی ناهەق و نایاسایی و دامەزراندنی لەشكرێك فەرمانبەری بندیوار و داگیركردنی موڵك و ماڵی گشتی و بوونە خودان كۆمپانیای حیزبی و هتد...

لەبەرئەوە ڕاستە لە حاڵەتی نەبوونی پلۆرالیزمی ڕاستەقینەدا، هەندێ‌ جار میانڕەوی دەكەوێتە ژێر پرسیاری گەورە و خەریكە ببێتە چەمكێكی بێ‌ مانا، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا، لە وەها دۆخێكدا میانڕەبوون و لە دەست نەدانی هاوسەنگی و بەكورتی سیاسەتكردن لەو ژینگە لێڵ و ئاڵۆزەی كوردستان و خۆنەخستن بەلایەكدا، كە كەس تێدا هەقی تەواو و ناهەقی تەواو نییە، جگە لەوەی میتۆدێكی دروست و فاكتەری سەقامگیرییە، لە هەمان دەمدا بە هەموو مانایەك بوێرییە نەك تەسلیمبوون.