بۆ NRTنابێ‌ بەBBC ؟

  چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 10:42

    لە دوای راپەڕینەوە بۆیەكەم جار میدیای كوردی دەركەوت و، خەڵك ئاشنابوو بە جۆرێ‌ لە كەناڵ كە هەم بە كوردی بەرنامەكانی پێشكەش بكات و هەم سەر بە (بەعس)یش نەبێ‌. جاران تەلەفزیۆنی (كەركوك) هەموو بەرنامەكانی كوردی بوو، بەڵام لە لایەن بەعسەوە سەرپەرشتی ئەكرا. لە دوای سەرەتای ساڵانی (2000)، ئەم جارەیان گۆڕانكارێكی تر دروست بوو، ئەویش بریتی بوو لە دەركەوتنی زۆری كەناڵە ئاسمانیەكان.

بەڵام لە هەردوو قۆناغەكەدا هەم كەناڵە لۆكاڵەیەكان و هەم ئاسمانیەكان هەموویان دەنگ و رەنگی حزبەكان بوون.

تا دواجار لە ساڵی (2011)بۆ یەكەم جار جیاواز لە كەناڵەكانی تر، كەناڵی (NRT) دەركەوت. سەرەتای دەركەوتن و دەسپێكی جیاواز بوو لەوانی تر، بە پەیام و دروشمی سەربەخۆیی دەستی بە كارەكانی كرد. تا ئێرە ئەم كەناڵە بۆ زۆرینەی خەڵك و بەشێكی زۆر لە حزبەكانیش مایەی دڵ خۆشی بوو. چونكە ئەوەی حزبە نەیارەكانی دەسەڵات بۆیان نەدەكرا لەبەر هەر هۆكارێكی ماددی و مەعنەوی، ئەوە لە (NRT) ئەكرا و بە هەموو دنیا ئەگەیشت.

ئەم كەناڵە سەرەتای دروست بوونی كارێكی زۆر گەورە بوو، وەرچەرخانێك بوو لە میدیای كوردی، ناو و ناوبانگی گەیشتە جیهان،بینەری زۆری لە دەوری خۆی كۆكردەوە،ئەم كەناڵە گەورەترین پڕۆژەی نەتەویی بوو بۆ كورد، چونكە كورد لە بواری میدیادا فەراغێكی گەورەی هەبوو، ئەویش نە بوونی كەناڵێكی سەربەخۆیی نەتەوەیی بوو كە بێ‌ جیاوازی و خاتر گرتن راستیەكانی بخاتە روو.

ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێمە كورد هاوشێوەی دامەزراوەی (BBC)بوو، كە ماوەی (100)ساڵە هەواڵەكانی جێگای متمانەی هەموو دنیایە.

ئەم كەناڵە شتی زۆری بەرامبەر كرا،كۆمەڵێك راگەیاندكاری بەتوانای لە خۆی كۆكردەوە،بەرگەی زۆر شتی گرت و بوو بە پارێزەركی باشی خەڵكی بەش مەینەتی كوردستان.

بەڵام زیاتر لە ساڵێكە تام و بۆنی سیاسەتی گرتوە و بێ‌ لایەن بوونی كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، ئاشكرایە لە ماوەكانی رابردوودا خاوەنی كەناڵەكە بە فەرمی خۆی وەك سەرۆكی جوڵانەوەیەكی سیاسی تازە ناساندوە.

سەرنج و قسەی ئێمە لەسەر باشی و خراپی راگەیاندی حزبی تازە نیە، لە لایەن خاوەنی كەناڵەكە، نا هەموو كەس ئازادە لەوەی چی ئەكات، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە ئەم پڕۆژە گەورەیە بە حزبی نەكرێ‌ و موڵكی هەموومان بێ‌.

لە ئێستادا هەرچەند بەردەوام لەسەر شاشەكە ئەنوسرێ‌ و ئەوترێ‌، (تاكە كەناڵی ئەهلی بێ‌ لایەن) بەڵام قسە سوودی چیە؟!، كە تۆ راستە و خۆ و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە گروپێكی دیاریكراو بكەی گومان لەسەر بێلایەنیت دروست ئەبێ‌.

جگە لەمەش لە میانەی گەشتی هەواڵەكان وەك تەرزە دائەبارێتە سەر هەرچی حزب و كەسایەتی سیاسی باش و خراپی ئەم وڵاتەیە و هەموویان ئەخات تای یەك تەرازوو!!!، لە كاتێكدا هەموو كەس ئەزانێ‌ جگە لە دوو هێز، هێزەكانی تر تا ئیستا تەنها بەشداریان پێكراوە لە دەسەڵات، نەك شەریك بوون لە دەسەڵات.

ئاخر ناكرێ‌ كەناڵێك بە هەموو هێز و توانای خۆی هەوڵدا، تەنها یەك كەس جوان بكات و، هەموو خەڵكی تر ناشیرن بكات و تەنها بەقسە بڵێ‌ بێلایەنم.

بەڕاستی نە ئەبوو ئەم پڕۆژە گەوەرە نیشتیمانیە نەتەوەییە، دواجار سەری لە حزب و سیاسەتەوە دەرچێ‌ و، خەڵك بێ‌ هیوا بكات. ئاخر ئەم لێدانە هیچی كەمتر نیە لە سەدان لێدانی تری دەسەڵات لە مەسەلە نەتەوەییەكان و ناشیرین كردنیان.

بەڵام هەردەم ئەڵێم ئێرە كوردستانە، هیچ شتێ‌ سەیر نیە،هیچ لێدان و بێ‌ هیوا كردنێك سەیر نیە. ئێستا جارێكی تر كەناڵەكە گەڕایەوە،بەڵام هیوادارم بە راستی بەخۆیدا بچێتەوە و وەك سەرەتای كاركردنیان ببن بە موڵكی هەموو كورد وەك نەتەوە، نەك گوزارشت كردن لە گروپێكی دیاریكرا. بەڕاستی ئەگەر بە ریتمی پێش داخستن بەردەوام بن ئەوە هەم بێ‌ لایەنی خۆیان لە دەست ئەدەن،هەم بینەر لە خۆیان ئەتۆرێنن.

دڵنیام ئەگەر لە ئاستی دۆزی نەتەوە و خەمی نیشتیمان خۆیان دابەزێنن بۆ ئاستی تەنها یەك گروپ، ئەوە دوای چەند ساڵێكی كەمی داهاتوو، حاڵیان وەك حاڵی ئەو كەناڵە حزبیانە ئەبێ‌ كە نەك خەڵك، بەڵكو ئەندام و لایەنگرانی خۆشیان سەیریان ناكەن و، تەنها وەك سەرچاوەی رزق و ژیانی چەند كارمەندێك بەها و ئەرزشیان هەیە و هیچی تر.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سۆران هەستیار

سۆران عبدالله، لە دایك بووی 1973.ئەندامی كارای  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەڵەتی.بەشداربووی چەندین خولی جۆراو جۆری بواری رۆژنامەوانی،وەرگێر و شاعیر و پەخشان نووس.شرۆڤەكاری سیاسی،موحەریری هەواڵ لە كەناڵی سپێدە لە ساڵانی پێشوو، نوسەری  بەردەوامی رۆژنامەی یەكگرتوو پێش وەستانی رۆژنامەكە.