هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە

  شەممە, 06 کانونی دووەم 2018 14:53

کورد بە قۆناغێکی سەختا تێ ئەپەڕێ، لەڕووی دەروونیەوە نەخۆشە، پێودانگ و پێوەرەکانی ونکردوە. لەهیچ جێگەیەکی دونیا نەبوە ئینسانی ئاشتیخواز و بەرێز و خاوەن کارەکتەر و شەخسیەت بە خراپ ببینرێ و ئینسانی لاسار و لادەر و بێ کارەکتەر و سووک گەورە بکرێ،ئەمە تەنها لە کۆمەڵگە نەخۆشەکاندا روودەدا. بەڵام خراپترین شێوازی روبەرووبونەوەی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کە تۆیش هێندەی تر باری دەروونیان خراپ بکەیت. ئیستا زۆرینەی مرۆڤی کورد شایەنی بەزەیین، لەروی دەرونیەوە نەخۆشن و شوێن کۆمەڵێک خەڵك کەوتوون کە ئەیانچەوسێننەوە، لێیان ئەدەن، پارەیان لێ ئەبڕن، بەڵام ئەمان هەر خۆشیان ئەوێن. ئەمە حاڵەتێکی دەروونی خراپە و زیاتر ئەو زیندانیانە توشی ئەبن کە دوای ساڵانێکی زۆر مانەوە لە زیندان عاشقی جەللادەکانیان ئەبن.

لە بەرامبەردا ئەوانەی کە عاشقی جەللادەکانیان نەبوون، عاشقی کۆمەڵێ بەدیلی وەهمی بوون. پێیان وایە ئەم جەللادانە تەنها بە توندوتیژی لائەچن، رق و تورەیی و کینە لە دڵیاندا پەنگی خواردۆتەوە و لەرقی ئەم جەللادانە، رقیان لە ژیانیش هەستاوە. رقیان لە مرۆڤی هێمنە، رقیان لە مرۆڤی خواپێداوە، رقیان لە مرۆڤی ژیرە، هەر رقیان لە هەبوونە بە گشتی، حەزیان لە میانرەوی نیە، قڕە قڕ و قسەی بەرز و دەنگی گەورە و هەراو هوریایان ئەوێ. ئەمانەش لە حاڵەتێکی دەروونی زۆر خراپدا ئەژین و لەراستیدا حاڵەتەکەیان هیچێکی وای جیاواز نیە لەوانەی عاشقی جەللادەکانیان بوون، تەنها ئەوەندە هەیە ئەمان لاوازن و بێ هێزن و ئەم لاوازی و بێ هێزیە بە تورەیی ئەشارنەوە، خۆ ئەگەر ئەمانیش هێزیان کەوتە دەست، جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ جەللادەکە نابێ

ئا لەم حاڵەتە خراپەدا ، کوردستان پیویستی بە ئارامکەرەوە هەیە. پێویستی بە حەکیم هەیە. ئەم حەکیم و ژیرە ئەبێ بەرگەی قسە و لەقە و جنێو و پەلاماریش بگرێ، چونکە ئاساییە . کۆمەڵگەیەک لە روی دەرونیەوە زۆرینەی نەخۆش بوو، ئیتر ئەوانەی بەلاوە نائاساییە کە ساغ و سەلیمن. کۆمەڵگەیەکی توڕە کە پەنگی خواردۆتەوە ورقی لە ژیانە، ئیتر رقی لەوانە هەڵئستێ کە زەردەخەنە ئەکەن یان باسی جوانی ئەکەن. کۆمەڵگەیەکی نەخۆش کە یان ئەمسەری خەتەکەی کردوە و بوە بە کۆیلە یان ئەوسەری خەتەکەی کردوە و بوە بە یاخی، رقی لەوانەیە کە باڵانس و هاوسەنگی هەیە لە ژیان و قسەیاندا .

بەڵام چارەسەر ئەوەیە تۆ بە هێمنی و بە سەلیقە و بە ژیری بەردوام بی لە کاری خۆت. گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە لە کاتی چارەسەرکردنیاندا تۆ ئیرەیی بە حاڵی نەخۆشەکان ببەیت و تۆش وەک ئەوانت لێ بێ. گرنگ نیە لە روی ژمارەوە چەندیت ، گرنگ ئەوەیە ئەو میللەتە نەخۆشە و پێویستی بە دکتۆر و حەکیم هەیە. ئەگەر ئەترسیت تۆش توش بیت بەجێیان بهێڵە، بەڵام ئەگەر بریاری ئیسڵاحت داوە، ئەبێ بەرگە بگری و لە هەمویشی گرنگتر وەک نەخۆشەکانت لێ نەیەت.

لە دەرەوەی حیساباتی بچووکی حیزبایەتی و توڕەهاتی میدیا و سەفسەتەی فەیسبووکەوە بیربکەرەوە، کورد نەخۆشە و ژمارەی ئەوانەیش هێشتا بە ساغی ماون زۆر کەمن. کە ئەوان رقیان بەخشیەوە ، تۆ خۆشەویستی ببەخشەرەوە. کە تورەبوون، تۆ هێمن بە. کە دەنگیان بەرزکردەوە، تۆ بێدەنگ مەبە، هەر بە هێمنی بدوێ. گۆڕینی حکومەت و دەسەڵات و ئەمانە ئیشی مناڵبازارە، وازی لێ بێنە بۆ ئەوان، کۆمەڵگەکە فەوتاوە! با ئەوان خەریکی هەڵبژاردنی داهاتوو بن، تۆ خەریکی نەوەی داهاتوو بە.

هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە، بڕیار بدە لە ساحەی نەخۆشەکاندا یاری نەکەیت، ژیرانە پلان داڕێژە چۆن زۆرترین نەخۆش چارسەرکەیت، چۆن ئەوەیشی ساغە بیپارێزی تا نەفەوتێ. کاتیش زۆر نەماوە، کۆمەڵگەکە بە عام تێکچوە و لە لێواری شێتبوندایە.