كە دەڕۆن، ئێرەتان بیربێ‌!! (بۆ ئەوانەی كە بەجێمان دەهێڵن و برینێكی قوڵ دەخەنە دڵ و جەستەمانەوە)

  شەممە, 13 کانونی دووەم 2018 15:16

(بیری ئازاد و بڕیاری ئازادانە و هەڵبژاردنی ڕێگە و شێواز و میكانیزمەكانی كار و خەبات مافی هەر تاكێكە، ئەگەرچی ئەم مافە هەندێ‌ جار مایەی زەحمەت و دڵڕەنجانی ئەوانی دیكەشە.)

ئازیزەكانمان! بیرتان بێ‌ و باش بزانن كە ڕۆشتنتان برینێكە قوڵ و ساڕێژ نەبوو، ئێوە كە دەڕۆن وانەزانن ڕۆشتنتان بۆ ئێمە ئاسان بێت، نا نا.. زۆریش سەخت و بەسۆیە، ئاخر ئێوە دونیایەك جوانی و باشی و خەبات و خزمەت و یادگاریتان لە زاكیرەی ئێمەدا بەجێهێشتووە، نەك هەر ئەوە بەڵكو ئێوە زۆریش بەڕێز و خۆشەویستن لامان، هیچ كەسێكی ئاقڵ و بە ئاوەزیش نییە كە بە ڕۆشتنی ئازیز و خۆشەویستەكانی ئازار نەچەژێ‌ و خەم و خەفەت یەخەی نەگرێ‌ و دڵی نەیەتە كوڵ.
كەسەكانمان! ئێمە دەزانین و دڵنیاین كە بەشێك لە ماف و هەقتان لایە و پێشنیار و پرۆژەكانیشتان بەو شێوەیەن، وەك چۆن بەشێكیش لەو هەق و مافانە لای خوشك و بر اكانتانە، ئێمەش ئەم حەقیەقەتە باش دەزانین كە: (زۆر سەخت و دژوارە كە بۆچوون و پرۆژە و پێشنیارێكت هەبێت و بە هەق و دروستی بزانیت و بەڵام لەناو دۆست و هاوكارەكانتدا دەنگی زۆرینە نەهێنێ‌ و پەسەند نەكرێ‌، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كە لەوە سەختتر و قورستر ئەوەیە كە ڕا و بۆچوونی زۆرینەت پێ‌ قبوڵ نەبێت و پرۆژە و پێشنیارەكانی ئەوان تەحەمول نەكەیت، ئەمە لە كاتێكدا هەمووان ئەو پرنسیپەمان قبوڵ كردووە كە ڕای زۆرینە پرس و بابەتەكان یەكلایی بكاتەوە).
بەڕێز و خۆشەویستەكانمان! باش دەزانین كە ئێوە دەچن و ئێرە و ئەم هەوارە دێرینەتان بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەیە كە ئەو هەق و مافانەتان بەدەست بهێنن كە بڕواتان پێیانە و ئەو پرۆژە و كارانەتان بەگەڕ بخەن كە خەباتیان بۆ دەكەن، بەڵام دڵنیابن كە هەرگیز لای ئەوانیتر نەك ئەو ماف و ئامانجانەتان بەدەست ناهێنن و پێیان ناگەن و ئەو پلان و پرۆژانەتان جێبەجێ‌ ناكرێن، بەڵكو شتێكی زۆریش لەوەی كە هەتانبووە لەدەستی دەدەن و زۆر كەمتر لەوەی ئێرە دەرفەت و زەمینەی خزمەت و خەبات و دەستبەربوونی خەونەكانتان دەبێ‌.
مامۆستا و سەركردە و پێشینەكانمان! ئەوەش بزانن تەنانەت بەو بەجێهێشتن و ڕۆشتنەشتان هێشتا لای ئێمە هەر ڕێزلێگیراو و خۆشەویستن و حورمەتی كەسایەتی باش و پاك و دڵسۆزی و شەونخونی و ئەو ڕابردووەتان لامان پارێزراو دەبێت، لەوە زیاتر دەشخوازین ئایندەتان لێرە باشتر بێ‌ -ئەگەرچی ئەمە گریمانەیەكی ئەستەمە-. بەڵام باش بەرچاو ڕوون بن كە نەهج و تەربیە و مەدرەسەی یەكگرتوو لامان خۆشەویستتر و بەڕێزترە و پێگەی ئەو لەپێشترە لە هەمووان، تەربیەی ئیمانی و دیندارانە و ئەخلاقییانەی یەكگرتووش ئەوەمان لێدەخوازێ‌ كە پێوێستە ئێمە هەوڵ بدەین (گومانی باش) بە ڕۆشتن و ماڵئاوایی كردنتان ببەین، ئەگەرچی هەنێ‌ جار لێدوان و مامەڵەی هەندێكیشتان لە هەندێ‌ قۆناغدا ئەوەی نەخواستبێ‌!!
بۆ ئەو خوشك و برایانەش كە هێشتا نەچوون و بەجێیان نەهێشتووین و ڕەنگە -خوانەخواستە- ختوورە و نیازی ئەوە هاتبێت بە بیر و دڵ و زەینیاندا كە ئەوانیش بڕۆن و بەجێمان بهێڵن، باشتر وایە سەیری ئەو پێشینانە بكەن كە ڕۆشتن و بەجێیان هێشتین، ئەها ئەوان ڕۆشتن و بە تەنیا ڕۆشتن و تەنیاش كەوتن، ئەگەرچی ڕەنگە گومانی ئەوەیان بردبێ‌ بە تەنیا نەبن و قەتیعە و قافڵەیەكیان لەگەڵ بێت، دەبینن كە بە ڕوانین و بینینی ئێمە هیچكامێكیان باشتر لەوەیان نەكردووە و بۆیان نەلواوە كە لەناو (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان)دا ئەنجامیان دەدا و بۆیان دەلوا.
ئازیزەكانمان! زۆر باش بیرتان بێت كە ئەندام و دۆست و ڕێكخستنی یەكگرتوو شوێنكەوتەی نەهج و تەربیە و مەدرەسەی (فیكری، پەروەردەیی، حەرەكی) یەكگرتووە، نەك هیچ قیادی و كادێرێك، ئەگەرچی ڕۆڵ و پێگە و خزمەتی ئەوان فەرامۆش و نادیدە ناگرن، بۆیە پێویستە و باشترە كە نە خۆتان بخەنە ناو تەنیایی و بێ‌ كەسی و ئازاری ویژدانەوە و نە دۆست و خوشك و براكانیشتان ئازار بدەن و دڵیان بڕەنجێنن، تكا دەكەین لەگەڵمان بمێننەوە و ئارام بگرن، لانی كەم خێری ئەم ئارامگرتنەتان دەست دەكەوێت، هەرچەنێك پێتان دەكرێ‌ و لە هەگبەتاندایە لەناو ئەم كاروانەدا بیخەنە كار ئەوەنەی كە دەرفەت هەیە و زەمینە لەبارە، ئەویدیكەشی ئێوە نە لای خوا و نە لای ئێمە بەرپرسیار نابن، چیتان پێ‌ دەكرێ‌ لێرە هەوڵ بدەن و كۆڵ مەدەن و ماندوو مەبن و نەفەس درێژ بن، ئەگەرچی بەرهەمەكەشی بۆ نەوەی دواتری یەكگرتوو بێت، دڵنیابن ئەو خۆشەویستی و حورمەت و ڕێزەی ڕێكخستنەكانی یەكگرتوو بۆ ئێوە، گەورەترین دەسكەوت و سەرمایەیە بۆتان، بە ڕۆشتن و بەجێهێشتنیان كەمی مەكەنەوە و لەدەستی مەدەن، بەخوا لە هیچ جێیەك بەو شێوەیە و بەو ڕێژەیە دەستان ناكەوێت.
كەسەكانمان! تكا دەكەین بە ڕۆشتن و دابڕان و جێهێشتنی ئەم كاروانە -كە بەشێكی زۆری تەمەن و تواناكانتان تیا خەرج كرد- خوشك و براكانتان تووشی دڵئێشان و گوناهی گەورەی (گومانی خراپ) مەكەن، ئاخر ئاسان نییە باوەڕكردن بەوەی كە ئێوە بۆ كار و شوێنی باشتر و جوانتر لە ئێرە چووبن، هەر وەك چۆن ئاسانیش نییە گومانی خراپ بردن بە ئێوە، تكا دەكەین كەم توشی گوناهی گومانی خراپمان بكەن، ئەگەریش هەر ڕۆیشتوون و دەڕۆن ئێرەتان لەبیر بێ‌، بیرتان بێ‌ دەفتەرێكی گەورەی ژیانتان لەناو كتێبخانەكەی ئەم كاروانە و لە نێو دڵی ئەم كاروانچیانەدایە، بیرتان بێ‌ بە لێدوان و قسە و هەڵوێستتان زیاتر لە ڕۆشتنەكەشتان ئازارمان نەدەن و ئەو دەفتەرە پاك و جوانەتان لەكەدار مەكەن.
دواجار و وەك قسەی دڵ و ناخمان پێتان دەڵێین: ئێمە ئەگەرچی ئەم بڕیاری ڕۆشتن و ماڵئاوایی كردنەتان بە هەڵە و ناباش و ناپەسەند دەزانین، بەڵام ڕێز لە ئازادانە بیركردنەوەكەشتان دەگرین و بە لای ئێمەوە خودی خۆتان كەسی باش و پەسەند و ڕێزلێگراون، بەختەوەری و سەلامەتی هەردوو دونیاشتان لە خوا داواكارین.
* ئەندامێكی بێ‌ پۆستی یەكگرتوو

مودریك عەلی عارف

لەدایكبووی (1978) لە گوندی (خەرپانی) ناوچەی هەورامان، پارێزگای هەڵەبجە، *لەگەڵ خوێندنی قوتابخانەدا چووەتە حوجرە و زانستە شەرعییەكانی خوێندووە، *بەكالۆریۆس لە (اصول الدین و فیكری ئیسلامی) *لە ساڵی (2005)ەوە وەك پیشەی مامۆستایەتی دامەزراوە.
* ئەندامی (ناوەندی مەعریفەت بۆ فیكر و مەعنەوییەت)ەو دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (هەژان) *ئەندامی كارای (كۆمەڵەی نووسەرانی ئیسلامی كوردستان) *خاوەنی ئەزموونێكی چەند ساڵە لە بواری كاری ڕاگەیاندندا و كاری پەیامنێری بۆ چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێك كردووە و چەند ساڵێك (مُحَرِّر)ی بەرنامەكان و بەڕێوەبەری (دەنگی یەكگرتوو ـ ڕادیۆی هەڵەبجە)، شارەزایە لە هەردوو زمانی (فارسی و عەرەبی)دا، خاوەنی زیاتر لە (15) كتێب و نامیلكەی وەرگێران و نووسین، كە زۆرینەیان لە بواری عیرفان و مەعنەوییەتدان، چەندین بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوكراوەتەوە و نزیكەی (15) ساڵە لە بوارەكانی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و ئایینی و عیرفانی و ئەدەبیدا سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانە.