بۆ بڕیاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو جیاواز بوو ؟

یه‌كگرتوو هێزێكی به‌سه‌نگ و كاریگه‌ره‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا چونكه‌ تاكه‌ حیزبی هاوسه‌نگه‌ له‌ رووی گوتار و له‌ رووی پانتایی جه‌ماره‌كه‌یه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ر بریار و هه‌لویستیكی ئه‌و ده‌بیته‌ رووداو له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ، كه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت جیاوازه‌ و كه‌س ناتوانی به‌ رێچكه‌ی ئه‌ودا بروات ، كه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات خۆی و به‌و شیوازه‌ی كه‌ په‌یره‌و پرۆگرامه‌كه‌ی بۆی دیاری كردوه‌ بریار ده‌دات ، ئه‌و كاته‌ش له‌ حكومه‌تدایه‌ به‌رپرسانه‌ ئه‌ركه‌كانی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و وه‌زیره‌كانی چالاكانه‌ له‌ كابینه‌ی حكومه‌تدا جموجوڵ ده‌كه‌ن و تیمی حكومه‌تن و به‌رپرسانه‌ و به‌ پرۆژه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن و راگه‌یاندنه‌كه‌شی خه‌لكی چه‌واشه‌ ناكات و وه‌كو هێزێكی به‌شدار له‌ حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل دۆخه‌كه‌دا ده‌كات ، نه‌ موزایه‌ده‌ ده‌كات نه‌ منه‌ت ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌سله‌تانه‌ن كه‌ یه‌كگرتووی پی ده‌ناسرێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتوو نزیك بن له‌ خواست و دڵی ئه‌ندامانی خۆی و له‌ هه‌موو داوا و خواستێكی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی به‌گشتی تێده‌گه‌ن و بگره‌ ژیان و گوزه‌رانیان وه‌كو هه‌ر هاولاتیه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌ وایه‌ و له‌ بورجی عاجدا نین تا خه‌ڵك له‌گه‌لیان بدوێ ! پاش ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو بۆ پاراستنی دۆخی هه‌رێم و بۆ یه‌كریزی لایه‌نه‌كان و له‌ پیناو ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سه‌ركه‌وتوو له‌ پرۆسه‌ی هه‌لبژاردندا به‌یه‌كه‌وه‌ بتوانن خزمه‌تێك به‌ هه‌رێم بكه‌ن بریاری به‌شداری له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تدا دا ، هه‌ر یه‌كگرتوو بو وه‌كو هه‌وێن هه‌وڵی زۆری دا كه‌ كابینه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت و بۆ شكاندنی شكۆی هه‌رێم به‌شداری له‌ حكومه‌تدا نه‌كردبوو به‌لكو بۆ خزمه‌ت و به‌ پرۆژه‌ به‌شدار بوو له‌و كابینه‌یه‌دا و كاتی ئالۆزیه‌كانیش دروست بوون هه‌ر یه‌كگرتوو بوو خاوه‌نی بیری گفتوگۆ و میزی دانوستان و چاره‌سه‌ری ئاشتی و ئارامی بوو ! به‌كردار نه‌ك به‌ موزایه‌ده‌ وه‌زیره‌كانی چالاك و به‌ به‌رنامه‌ بوون له‌ حكومه‌تدا به‌ڵام هه‌قیقه‌تێك هه‌بوو كه‌ له‌سه‌رووی توانا و ده‌سه‌لاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و كابینه‌كه‌شیوه‌ بوون كه‌ ئه‌ویش بریتی بوو له‌ كه‌له‌كه‌ بوونی كێشه‌ و گه‌نده‌ڵی و گرفتێكی زۆر كه‌ نه‌ده‌توانرا به‌ ریشه‌یی و به‌ بریار چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ بكرێت ! بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی خویندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ی یه‌كگرتوو بۆ دۆخه‌كه‌ و پاش ئه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌لك له‌ ده‌سه‌ڵات گه‌شته‌ ئاستێكی زۆر به‌رز هه‌ر به‌و رۆحی به‌رپرسانه‌ وه‌ و دوور له‌ موزایه‌ده‌ كردن جارێكی تر به‌ پرۆژه‌ و به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر و بریاری جه‌ریئانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوو له‌ دوتویی پرۆژه‌یه‌كی 24 خاڵیدا داواكاری ئاراسته‌ی حكومه‌ت كرد كه‌ پێویسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنرێت ئه‌گینا یه‌كگرتوو بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات ! دوای ته‌واوبوونی كاتی دیاری كراو نه‌توانینی جێبه‌جی كردنی داواكانی خه‌لك كه‌ یه‌كگرتوو له‌و پرۆژه‌یدا پێشكه‌شی كردبوو بریاره‌ مێژووی و گرنگه‌كه‌ی دا كه‌ ئه‌ویش كشانه‌وه‌ بوو له‌ حكومه‌ت گرنگی و جیاوازی ئه‌م بریاره‌ی یه‌كگرتوو له‌م خالانه‌ی خواره‌دایه‌ :

1- یه‌كگرتوو حیزبی یه‌ك ناوچه‌ی دیاری كراو نیه‌ بۆیه‌ هه‌موو بریارێكی ئه‌و یانی خواستی كوردستان ورای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم .

2- یه‌كگرتوو بریار تاوتوێ ده‌كات و ده‌یخه‌ملێنێ و به‌رپرسانه‌ ودوور له‌ هه‌ر فشارێكی ده‌ره‌كی و دوور له‌ خواستی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بریار ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ش به‌لگه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌مخۆری و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی دۆخی كوردستان و سه‌ودا نه‌كردنه‌ به‌ شكاندنی شكۆی هه‌رێمه‌وه‌ .

3- زۆر كه‌س ده‌یانویست وێنه‌یه‌كی جیاواز له وینه‌ی هه‌قیقی و دروستی یه‌كگرتوو بكێشن بۆی و ده‌یان تۆمه‌ت و شتی نه‌شیاویان ده‌خسته‌ پاڵ ، له‌وه‌ش خراپتر زۆر كه‌س ده‌یوت كه‌ یه‌كگرتوو قه‌ت ناتوانی بریاری كشانه‌وه‌ بدات بۆیه‌ خودی بریاره‌كه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌س و بۆچونانه‌ چاوه‌روان نه‌كراو بوو ئه‌مه‌ش شۆكی بۆ زۆر كه‌س و لایه‌ن دروست كرد .

4- یه‌كگرتوو به ‌به‌هانه‌ نیه‌ له‌ حكومه‌ت و له‌ كابینه‌كه‌ی به‌لكو به‌ به‌هانه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت نه‌كردن و جێ به‌جێ نه‌كردنی پرۆژه‌كانی و بۆ ئه‌وه‌ هه‌لویست وه‌رده‌گرێت .

5- یه‌كگرتوو له‌ كاتی خۆپیشانداندا و له‌كه‌ف و كوڵی خه‌لكی و بۆ سود بینین له‌ ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری نه‌كشاوه‌ته‌وه‌ به‌لكو وه‌كو چۆن به‌ عه‌قد و به‌ڵێنی به‌شدار بوو هه‌ر به‌هه‌مان پیودانگ به‌ عه‌قد و به‌ڵێنێك كشاوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش جیاوازیه‌كی تری بریاره‌كه‌ی یه‌كگرتوه‌.

6- له‌م كاته‌دا كه‌ بریاری كشانه‌وه‌ی داوه‌ وه‌زعی هه‌ریم و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ روویی پشتیوانی نیوده‌وله‌تیه‌وه‌ باشتره‌ له‌پاش 16 ی ئۆكتۆبه‌ر و بۆیه‌ به‌ نیه‌ت و فرسه‌تی روخاندنی حكومه‌ت هه‌لویستی وه‌رنه‌گرتوه‌ .

7- یه‌كگرتوو له‌ بریاره‌كه‌یدا جگه‌ له‌ پشتیوانی خوا و به‌ده‌مه‌وه‌بوونی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی پشتی به‌ هیچ لایه‌ن وهێز و ولاتیكی ده‌وروبه‌ر نه‌به‌ستوه‌ .