ديدگامان بۆ كارى هاوبەشى ئيسلامى لەم قۆناغەدا

  چوار شەممە, 17 کانونی دووەم 2018 16:33

ماوەى دوو ساڵ زیاترە كۆمەڵ و بزووتنەوەو یەكگرتوو بەچاودێرى و ئەندامێتى نوێنەرایەتى رێكخراوەكان لەگفتوگۆو كۆبوونەوەدان بۆ رێكخستنەوەى نێوماڵى ئیسلامییەكان، ئەوەى كردوومانە پێكهێنانى دەستەى باڵاى كارى هاوبەش و لیژنەیەكى كارگێڕى و نووسینەوەى لائیحەیەكى كارى دەستەكەیە، لەگەڵ دیدارێكى ڕاوێژكارى لەسلێمانى بۆ نوخبەیەك لە ئیسلامییەكانى كوردستان، بەڵام دواى ئەوە بەداخەوە لەڕووى كردەییەوە هەنگاومان هەڵنەگرتووەو تەنانەت كۆبوونەوەكانیشمان چەند مانگێكە ڕاوەستاوە، جیاوازى هەڵوێستى سیاسى و دیدگامان بۆ دەسەڵات و ریفراندۆم و بەشدارى لەحكومەت كرابوونە هۆكار یان پاساو بۆ گەڵاڵەنەبوونى بەرنامەیەكى هاوبەش و پرۆژەیەك بۆ ڕێكخستنەوەو یەكخستنەوەى ئیسلامییەكانى باشوورى كوردستان.
ئەوەى مەبەستمانە بیخەینەوە یادى ئیسلامییەكان و هەر سێ حزبى ئیسلامى پێشهات و گۆڕانكارییەكانى ئێستایە بەتایبەتى دواى ڕووداوەكانى ١٦ى ئۆكتۆبەر، ئێستا یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى و بزووتنەوەى ئیسلامى بۆ هەموو یان زۆربەى ئەوانەى لەڕابردوودا جیاوازییان تیایدا هەبوو بیروڕایان یەكە یان نزیكە، بەتایبەتى لەبەرامبەر دەسەڵاتە شكسخواردووەكەى كوردستان و حكومەتى هەرێمدا بوونەتە سێ هێزى ئۆپۆزسیۆن و لەدەرەوەى حكومەتن، هاتنەدەرەوەى ئەو دوو هێزە لەحكومەت و قۆناغى دواى ریفراندۆم و دەرەنجامەكانى و هەلومەرجى بابەتیى ئێستا هەر سێ لایەن كۆدەكاتەوەو پاساوەكانى ڕابردووى بۆ نەهێشتوونەتەوە، بۆیە جارێكیتر داوا لە لایەنە ئیسلامییەكان دەكەینەوە بەگوڕوتینێكى نوێ و بەو پەڕى هەستى بەرپرسیاریەتى دنیایى و قیامەتییەوە كارە هاوبەشەكانیان لەوێوە دەست پێبكەنەوە كە ڕایانگرتووەو لەنزیكترین كاتدا كۆبوونەوەى(دەستەى باڵاى كارى هاوبەش) ئەنجام بدرێت.. اللهم هل بلغنا اللهم فاشهد.