دابه‌شبونێكی تری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم

  شەممە, 20 کانونی دووەم 2018 09:09

سه‌ره‌تا له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌موولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بڕیاریان دا بچنه‌ ناو حكومه‌ت وهه‌ریه‌كه‌و به‌ پڕۆژه‌و به‌رنامه‌ی خۆی وپێگه‌ی خۆی ویستی جێگای خۆی بكاته‌وه‌ له‌ناو كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم.به‌ڵام به‌هۆی دروست بوونی قه‌یرانی جۆراو سه‌ره‌نجام ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت، ئه‌وه‌بوه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ خاوه‌ن 24 كورسی پارله‌مان دوو پۆستی وه‌زاری گرنگ ‌بوو،سه‌ره‌نجام وه‌زیره‌كانیان له‌حوكمه‌ت دوورخرانه‌وو په‌رله‌مانیش بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ دووسال له‌كارخرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی گۆڕان بو كه‌ڕێگای لێ گیرا بێته‌وه‌ پایته‌خت.ئه‌مه‌ش هه‌موی كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر ژیان وبژێوی خه‌ڵك وبازاڕ ولاواز بوونی پێگه‌ی هه‌رێم له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ند وڵاتانی دراوسێی وجیهانیه‌كان.هه‌موی به‌هۆی زاڵبونی بیركردنه‌وه‌ی حزبیانه‌وه‌ بوو كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی وحزبی ده‌خاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم وخه‌لكی هه‌رێم.دوای 16-ئۆكتۆبه‌ر وبه‌هۆی زیاتر لاواز بوونی پێگه‌ی ناوخۆیی هه‌رێم ودابه‌ش بوونی هێزه‌كان سه‌ر له‌نوێ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌ زیاتر بووه‌.ئه‌گه‌ر پشتگیری هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وله‌تی نه‌بێـت بۆی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش نه‌مێنی به‌ڵام چونكه‌ به‌غدا په‌یوه‌سته‌ به‌سیاسه‌تی ئیران ویستی ووڵاتانی رؤژئاوایه‌كه‌ نایانه‌وێت عیراق ته‌سلیمی ئێران بێت، ئیتر تاكه‌ كارت به‌كاری بێنن ته‌نها كارتی هه‌رێمی كوردستانه‌.واته‌ هه‌رێمی كورسدتان زیاتر بۆته‌ كارتی وڵاتان دژ به‌یه‌كتر نه‌ك پرس وكێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.

ئێستا به‌هۆی زۆر خراب بوونی بارودۆخ وبژێوی خه‌لك وێران بوونی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕووی خزمه‌ت گوزاریه‌وه‌ به‌ڵكو بۆته‌ حكومه‌تی سه‌پاندنی باجی زیاتر وسه‌ندنه‌وه‌ی پاره‌ له‌خه‌ڵك ئه‌وه‌له‌كاتێكدایه‌ سه‌دان هزار بن دیوار موچه‌ی ته‌واو وه‌رده‌گرن كه‌چی سه‌دان هه‌زار موچه‌خۆری خاوه‌ن بڕوانامه‌و خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌ نیو موچه‌وچارێكه‌و موچه‌و كه‌متر وه‌رده‌گرن.ئه‌مه‌ش بۆ عه‌قلیه‌تی سه‌قه‌تی ئه‌م دوو حزبه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌م خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رمه‌ترسی وهه‌م ئه‌م هه‌رێمه‌و خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك خه‌ریكه‌ له‌بار ده‌به‌ن.له‌ ئه‌نجامدا حزب ولایه‌نی سیاسی نوێ هاتنه‌ بوون .خه‌لك ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕێ به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان وباره‌گای هه‌مویانیان سوتاندن،بۆیه‌ ئه‌ولایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون له‌كابینه‌ی پێشوو ناچار بوون بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی وبۆپشتگیری خواسته‌كانیان له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌و به‌ره‌یه‌ك پێك بهێنن كه‌ دواترینیان یه‌كگرتوو بوو كه‌ له‌ 16-1 بڕیاری كشانه‌وه‌ی دا له‌ حكومه‌ت ئه‌گه‌رچی بۆی هه‌یه‌ به‌ڵای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كاتێكی گونجاو نه‌بێت هه‌روه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی كرد، به‌ڵام یه‌كگرتوو ناچار له‌ژێر هه‌ژمونی فشاری جه‌ماوه‌ری وئه‌ندامانی خۆیه‌وه‌ ئه‌م بریاره‌ بدات .چونكه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ كه‌له‌كه‌بوانه‌ی ئێستا به‌رهه‌می 26 سال حوكمی پڕ هه‌له‌و كه‌م وكورتی حزب گه‌رایی پارتی ویه‌كێتیه‌ وئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی تریش تێوه‌ گڵاون ڕێژه‌یه‌كی زۆركه‌م بووه‌ به‌ڵام ناكرێت هه‌موو وه‌كو یه‌ك حسابیان بۆ بكرێت.
ئێستا دابه‌ش بوونێكی نوێ هه‌یه‌،له‌لایه‌ك یه‌كێتی وپارتی وله‌لایه‌كی تر گۆران ویه‌كگرتووكۆمه‌ل وهاپه‌یمانی دیموكراسی ونه‌وه‌ی نوێن كه‌ هه‌مویان تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌جێنداكانیان بریتیه‌ له‌ چاكسازی وگۆڕێنی ده‌م و چاوه‌ كۆنه‌كان كه‌ هۆكاری هاتنه‌ دی ئه‌م بارودۆخه‌ن .به‌ره‌ی یه‌كێتی وپارتیش له‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستێ كه‌ خاوه‌نی دید وبۆچونی كلاسیكی خۆیانن وخه‌ون به‌ سه‌رده‌می فیفتی به‌فیفتی وڕێكه‌وتنی ستراتیجی كه‌ ماوه‌یه‌ مێژوو ئه‌و ئه‌زمونه‌ی پێچاوه‌ته‌وه‌و خستویه‌ته‌ سه‌ر سه‌كۆی تۆزاوی.چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ملمڵانێی نێوان ئه‌م دووبه‌ره‌یه‌ كه‌ ئێستا وه‌كو واقعێك خۆی سه‌پاندوه‌ چاره‌نوسی هه‌رێم دیاری بكات .ئاخۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌مان كۆنه‌ قه‌وانه‌كانی ڕابردوو ده‌بینینه‌وه‌ یانیش فورمێكی وجۆرێكی تر ده‌سه‌ڵات دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ قۆناغی حزب سالاری تێپه‌ڕێنێ بۆ یاسا سه‌روه‌ری وسیسته‌می نیوه‌ به‌نیوه‌ بگۆڕێت بۆ سیسته‌می دیموكراسی ومافی هاوڵاتی.پێده‌چێت ئه‌م دابه‌ش بونه‌ی ئێستا ڕاستترین شێوازی دابه‌ش بوون بێت وگوڕێكی تر به‌ شه‌قامی سیاسی هه‌رێم بدات وله‌ هه‌لبژاردنی داهاتوو خه‌ڵك دنه‌ بدات بۆ چونه‌ سه‌ر صندوقه‌كان .

عبدالعزیز هه‌ركی

عەبدولعەزیز هەركی

عەبدولعەزیز هاشم هەركی لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٢ی شاری هەولیرە.

دەرچوی كۆلیژی پەروەردەیە بەشی زمانی ئینگلیزی.

چەندین بابەتی شیكاری و وتاری لەرۆژنامەو ویب سایتەكان بڵاوكراوەتەوە..