واداعشێكیتر بەڕێوەیە كێ بەرپرسیارە؟؟

  شەممە, 27 کانونی دووەم 2018 13:51

 

هەرچەندە داعش وەك هێزێكی تۆقێنەر كۆتایی بە بوونی سەربازی هاتوە بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو هێزە خاوەن دەیان هەزار چەكدارە ڕاهێنراوە ئەگەربەفریشبووبن هێندە خێرا نەتواونەتەوە.!!! بەڵكو لەژێرسێبەری هەژموونی ئەوهێزانەی یاری بەچارەنووسی گەلان دەكەن خۆیان مەڵاسداوەو سەرقاڵی خۆرَێكخستنەوەن بۆ جەولەیەكیتر ( لەئێستەدا ئەو هێزە پەرتەوازانە لەزۆربەی ناوچەكانی سوریا وەك البوكمال و ادلب و كەناراوەكانی فرات و لە عێراقیش لە هەندێك ناوچەی دەشتی نەینەوا لەنزیك ڕوباری دیجلەو دەشتی حەمرین و هەندێك ناوچەی پارێزگای دیالە بەپەرت وبڵاوی بوونیان هەیە بەدڵنیاییەوە وەك شانەی نوستوو سڕ لەزۆر شاروشارۆچكە لەسووڕی متبووندان) ئەمانە هەموو مەترسین بۆسەر ئارامی و سەقامگیری ئاسایشی هەرێم , هەركات كەشی سیاسی لەباربوو وەك ئێستە دەیبینین لە پەرتەوازەییە نێوخۆییەكانی هەرێم و گرژیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ململانێی شیعەو سوننە و هەڵپەی لایەنەكان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنە چاوەڕوان كراوەكانی داهاتوودا هەموو ئەمانە فاكتەری سەرهەڵدانەوە و ڕێگەخۆشكەرن بۆ گەشەی بیری توندوتیژی لەناوچەكەدا ئیدی دەبێت چاوەڕوانی شنەبای ژیانەوەی سەرڕوخساری شانە نوستوەكانی ڕێكخراوە توندڕەوەكان بكەین و لەوەبترسین تەمی مەرگ جارێكیدی باڵبكێشێت بەسەر گەلانی ناوچەكەدا , بەداخەوە وەك لە میدیاكانەوە ئاماژەی پێدەكرێت لەئێستەدا سەرەتاكانی دەركەوتنی گوروپی توندڕەوی نوێ لەكوردوستان بەدیاركەوتووە ئیدی گرنگنیە ئەمگروپانە لەژێر كامە ناوو ئاڵادابن .

ئەمە لەلایەكەوە لەلایەكی دیكەوە پلانی داڕشتنەوەی بڕو ئاراستەی بەرژەوەندیەكان وڕۆڵی هێزە داگیركەرو مۆنۆپۆڵخوازەكان كەلەبنچینەدا دوور لەبەها ئاینی وئەخلاقی و مۆراڵی مرۆڤایەتیەوە بەڕێوەدەچن زۆربەی كات بۆشایی گەورەی ئەمنی لێدەكەوێتەوە كەبۆ تیرۆریستان وەك ماچی ژیانەوە وایە , ئەمانە ئەومەترسیانەن لەئێستەدا هەڕەشەی بەهێزبوون و سەرهەڵدانەوەی تیرۆرو گروپی توندڕەوی هاوشێوەی داعش لەناوچەكەدا دەكەن . لەبەرئەوەی لایەنەكان هیچ ئەزمونێكیان لە ڕابوردو وەرنەگرتوەو هەمان كەشی پڕقەیرانی ناتەبایی و بێمتمانەیی سەردەمی سەرهەڵدانی داعش باڵی كێشاوە .

شاراوەنیە سیستەمی سیاسی كوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنەسیاسیەكان لە نزمترین ئاستدایە وبەخراپترین دۆخدا تێپەڕدەكات هاوشانی كێشەناوخۆییەكان ململانێی ژیان و مەرگ لەنێوان هەرێم و بەغدادا لە ترۆپكدایە ئەمە سەرباری كەڵەكەبوونی قەیرانی سیاسی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و خراپی باری گوزەرانی خەڵك لە نەبوونی مووچە و كەمی خزمەتگوزاریەكان كەڕاشكاوانە حكومەت و دەسەڵات بەرپرسیاری یەكەمن لەهەموو نەهامەتیەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان ئەمانەش بۆشایی ئەمنی فراوانیان دروستكردوە و گروپەتوندڕەوەكان توانیویانەو دەتوانن سودیان لێوەرگرن.

لەلایەكیترەوە ئەوگۆڕانكاریە چاوەڕوان نەكراوو خێرایانەی لە ترازووی پێگەی هێزی هەرێمدا ڕوویاندا بە دەستوەردانی ئیقلیمی و هاوكاری نێوخۆیی و چاوپۆشی و مبارەكەی دەولی بەجۆرێك ڕژێمی بەغدای باڵادەستكردوە نەخشەی ململانێ ئیقلیمیەكانی جارێكیتر داڕشتوەتەوەو هانی حكومەتی توركیایدا هێرشێكی گەورەی سەربازی بۆسەر عەفرین و كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا ئەنجامبدات بەسودوەرگرتن لەبێدەنگی نێودەوڵەتی لەئاست دەستوەردانەكانی ئێران و توركیا لەعێراق وسوریاو ناوچەكە , ئەوەتا ئۆردوگان بەوەوە نەوەستاوە بەڵكو بێباكانە هەڕەشەی لەناوبردنی ئەزموونە ساواو پڕكەمووكورتیەكەی ڕۆژئاوا دەكات هاوشێوەی لەباربردنی خەونی كورد لە باشوور وەبەڵێنی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای تورك بە گوێی جیهاندا دەدات تاكۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی كوردستان ئەمەش مانای وایە لەئێستەدا ئاشتی لە ئەجیندای سیاسەتەكانی حكومەتی توركیادا نیە.هەموو ئەمانە هەوری ڕەشن لەئاسمانی ناوچەكەو خەمی دڵسۆزانەو بەخۆداچوونەوەی دەخوازێت .