باج و گیرفان

  یەک شەممە, 04 شوبات 2018 12:56

 

وەرگرتنی باج ئەمرۆ لە زۆربەی وڵاتان یەكێكە لە سیستەمەكانی ئابووری و بەرێوەبردن، لە پێناوی پیشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بەهێزكردنی دارایی وڵات ئەو باجە وەردەگیرێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە مایەی تێبینی و هەڵوەستە لەسەركردنە وەرگرتنی باج و رسوماتە لە هەرێمی كوردستان.

لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی بە دیاریكراوی لە ساڵانی 2007 بۆ 2013 بودجەی هەرێمی كوردستان بە دەیان ملیار دۆلار بوو دۆخی ئابووری خەڵك لەو پەڕی باشی بوو، بۆ نمونە لە ساڵی 2013 تێكڕای داهاتی مانگانەی خێزان لە كوردستان نزیكی دوو ملیۆن دینار بوو، بەجۆرێك هێزی خستنەوەی پارە بۆ نێو بازاڕبە تێكڕای خەرجی خێزانەكان لە مانگێكدا ملیۆنێك و 263 هەزار و 800 دینار بوو و لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا 800 ملیۆن دۆلاری مووچە دەكەوتە بازاڕ، ئەو كاتە هەموو كەرتەكان لەگەشەكردن بوون ئەوكاتە دەبوو سیستەمێكی باشی وەرگرتنی باج و رسومات هەبوایە.

بەڵام بەداخەوە لە كاتێكدا حكوومەت باج وەرگرتن و باج زیادكردنی بە بیرهاتەوە كە گیرفاننی هاوڵاتیەكانیشی وەكو گیرفانی خۆی بەتاڵ بوو. كاتێك حكوومەت دەتوانێت زۆرترین باج و رسومات لە هاوڵاتیانی وەربگرێت كە بتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و مووچە و گوزەرانی خەڵك دابین بكات و باشی بكات، ئەگەر پێش قەیرانی دارایی حكومەت تەنها لە مووچەدان مانگانە 800 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازار جگە لە پێدانی پارەی بەڵێندەران و پڕۆژەكان و قەرزە جۆراوجۆرەكان ئێستا لە ماوەی 40 رۆژ زیاتر ناتوانێت 400 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕ، بۆیە سیستەمی باج و رسوماتە جۆراوجۆرەكان لەم كاتەدا ئامانجە ئابووریەكەی خۆی ناپێكێت بەڵكو لاسەنگی لە دۆخی هاوڵاتیان دروست دەكات و قورستری دەكات.

كاتێك حكوومەت باج لەسەر كەرتی تایبەت زیاد دەكات بە تایبەت لەسەر كارگە و شوێنە پیشەسازی و بازرگانیەكان،تەنانەت لەسەر هەڵواسینی تابلۆی كاسبكارێكیش، لە بیری چووە دۆخی ئەوان چی بەسەرهاتووە،بە هەزاران كارگە و شوێنی كار داخراون، بەهەزاران كەس بێكار بوونە، بۆ نمونە لە سەرەتای ساڵی 2014 رێژەی بێكاری لە كوردستان تەنها 6% بوو بەڵام ئێستا بۆتە زیاتر لە 15% كەواتە بێكاری دووبەرامبەر زیادی كردووە، تاوەكو سەرەتای ساڵی 2014 تەنها 3%ی دانیشتوانی كوردستان لە ژێر هێڵی هەژاریەوە بوون بەڵام لە ساڵی 2016 بۆتە 13%، ئەگەر دوكاندارێك پێش 2014 رۆژانە 100 هەزاری دەست كەوت بێت ئێستا 10%بۆ 25%ی ئە داهاتەی دەست دەكەوێت بۆیە گەشەی بازاڕ كەمی كردووە، چونكە پێشوتر بۆ نمونە ساڵی 2013 تێكڕای خەرجی خێزانەكان لە كوردستان2 ملیۆن و 263 هەزار و 800 دینار بوو لە مانگێكدا، بەڵام لە 2016دا تێكڕای خەرجی خێزان لە مانگێكدا بۆتە هەشت سەدوو42 هەزاردینار واتا زۆر زیاتر لە 50% كەمی كردووە، لە ساڵی 2013 تێكڕای داهاتی خێزان ملیۆنێك و 979 هەزارو 600 دینار بووە لە ساڵی 2016 تێكڕای داهاتی هەر خێزانێك دابەزیووە بۆ 770 هەزار دینار كە ئەوەش دابەزینێكی زۆر زۆرە بۆیە ئەو چەند داتایانەم خستەڕوو بۆ ئەوەی روون بێتەوە باج لەسەر گیرفانی بەتاڵ و بێ بازاڕی و رێژەی بەرزبونەوەی بێكاری و هەژاری خزمەت بە ئابووری ناكات بەڵكو دووچاری خراپوونی دەكاتەوە و نێوانی هاوڵاتی و حكوومەتیش خراپ دەكات.

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .