كورد له‌ كوێى كۆنگره‌كه‌ى كوه‌يت دايه‌!

  یەک شەممە, 11 شوبات 2018 07:09

بڕياره‌ رۆژى 12ى ئه‌م مانگى شوباته‌ و رۆژانى دوايى كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق، له‌ وڵاتى كوه‌يت به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ سه‌رنجى زۆرينه‌ى وڵاتان و ميديا جيهانى و عه‌ره‌بى و ناوخۆييه‌كانى به‌لاى خۆيدا راكێشاوه‌، سه‌دان كۆمپانيا و رێكخراوى بيانى و ده‌يان وڵات تيايدا به‌شدارى ده‌كه‌ن، كورد وه‌ك پێكهاته‌يه‌كى سه‌ره‌كى عێراق، چ له‌ چوارچێوه‌ى حكومه‌تى فيدرالى و چ وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم به‌شدارى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌رچى نوێنه‌رايه‌تييه‌كه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ له‌ ئاستى هه‌رێمدا نييه‌، هاوكات هيچ به‌رپرسێكى به‌شداربووش ناتوانێت گه‌ره‌نتى بچوكترين ده‌ستكه‌وتى دارايى و ژێرخانى ئابورى و ته‌نانه‌ت سياسى و مرۆيش بۆ كورد باس بكات، بۆيه‌ پرسيارى جه‌وهه‌رى ئه‌وه‌يه‌.. كورد له‌ كوێى ئه‌و كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌دايه‌ كه‌له‌ كوه‌يت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌به‌سترێت!!

ئه‌گه‌رچى بڕياربوو ئه‌و كۆنگره‌يه‌ له‌ژێر ناوى كۆنگره‌ى وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خشى عێراق له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێم به‌رێوه‌بچێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ سياسييه‌ى كه‌ل نێوان هه‌رێم و به‌غدا هاته‌ئاراوه‌، شوێنى به‌ستنى ئه‌و كۆنگره‌يان هه‌ولێرى پايته‌ختى گه‌شتيارى وڵاتانى عه‌ره‌بى گۆڕى، هه‌روه‌ك له‌به‌ر بارودۆخى ئه‌منى نا سه‌قامگيرى به‌غداش عێراق نه‌يتوانى خانه‌خوێيه‌تى ئه‌و كۆنگره‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، دواجار له‌ناو ناڕه‌زايه‌تييه‌كى فراوانى هێزه‌ شيعييه‌كانى عێراقدا، كوه‌يت ئه‌و كۆنگره‌يه‌ى گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام كۆنگره‌كه‌ له‌ كۆنگره‌ى كۆمه‌كبه‌خشه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ كۆنگره‌يه‌كى وه‌به‌رهێنان و شوێنى ئاڵوگۆڕى ئه‌زمونى وه‌به‌رهێنان و به‌ستنى گرێبه‌ستى وه‌به‌رهێنان.

كۆنگره‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، زياتر له‌ 140 كه‌سايه‌تى هه‌مه‌چه‌شنه‌ى بواره‌ جۆراوجۆره‌كان ئه‌نجامده‌درێت، شانده‌كه‌ى عێراق، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌متر له‌ 20 كه‌سى كوردى تيايه‌، ئه‌وه‌ى له‌ ژماره‌ و قه‌باره‌ى كه‌سايه‌تييه‌ كورده‌كانيش گرنگتره‌، ئه‌و پرۆژانه‌يه‌ كه‌ بڕياره‌ له‌ كۆنگره‌كه‌دا بخرێته‌ به‌رده‌ستى وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خش و رێكخراوه‌ بيانى و كۆمپانيا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى جيهان.

ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى نيشتمانى عێراق، 200 پرۆژه‌ى هه‌مه‌ جۆرى گرنگى بۆ بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى دياريكردووه‌، كه‌له‌و كۆنگره‌يه‌دا بيخاته‌ به‌رديدى و ته‌ماحى كۆمپانيا و وڵاتان، بۆئه‌وه‌ى سه‌رنجى ميوانه‌كانى بۆ رابكێشێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى به‌نده‌ ئاگاداربم ئه‌و ده‌سته‌يه‌ يه‌ك پرۆژه‌ى بۆ هه‌رێم و پارێزگاكانى هه‌رێم له‌و پرۆژانه‌دا دانه‌ناوه‌، له‌وه‌ش گرنگتر پرۆژه‌يه‌كى ئه‌وتۆ گرنگى بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ديارينه‌كردووه‌.

به‌پێى لێدوانى هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و كوه‌يت، له‌و كۆنگره‌يه‌دا زياتر له‌ 1500 كۆمپانيا و رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى و چه‌ندين بانك و سندوقى دارايى نێوده‌وڵى و زياتر له‌ 70 ده‌وڵه‌ت له‌سه‌رتاسه‌رى جيهان خۆيان تۆماركردووه‌ بۆ به‌شداريكردنى ئه‌و كۆنگره‌يه‌.

ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ى له‌ ده‌ست كورد ده‌رچوون له‌و كۆنگره‌يه‌دا، ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردى له‌ خانه‌خوێيه‌كه‌وه‌ كرده‌ ميوان، خۆئه‌گه‌ر بته‌وێت باس له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌يت، له‌حاڵى به‌ستنى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ له‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ به‌ وتار و دوان ناتوانيت، كه‌ بچوكه‌كه‌يان كرانه‌وه‌ى ئاسمان و زه‌وى هه‌ولێر و هه‌رێم بوو به‌ڕووى هه‌زاران كه‌سايه‌تى و سه‌دان كۆمپانيا و ده‌يان حكومه‌ت و رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى شه‌ڵه‌قاندنى بازاڕ و سێكته‌رى گه‌شتيار و ده‌رخستنه‌وه‌ى ناوى هه‌لێر له‌ ميديا جيهانييه‌كان، بێگومان ئه‌و كۆنگره‌يه‌ هه‌ولێرى ده‌برده‌ ئاستێك ئه‌گه‌ر له‌ ئاستى داڤۆسدا نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بووه‌ دووه‌مين وشێنى دنيا كه‌ گه‌وره‌ترين شاندى ئابوورى و بازرگانى و سياسى و مرۆيى و وه‌به‌رهێنان له‌ يه‌ك شوێن كۆبكاته‌وه‌.