پەیوەندیەكانی توركیاو ئەمریكا لەدوای شەری عەفرین

  دوو شەممە, 12 شوبات 2018 09:05

 

لە پاش ئەنجامدانی هێرشەكانی سوپای سوریا بەیارمەتی سوپای ئازادی سەربە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین، ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو ئەمریكای زیاتر بەرەو ئاڵۆزی چوو، لەدوای دەسپێكردنی هێرشە سەربازیەكانی توركیا، بەشێك لە مانشێتی رۆژنامەكانی ئەمریكا پرسیار لە هەڵوێستی ئەمریكا دەكەن؟ چونكە هێرشەكان بۆسەر پەیەدەو یەكینەكانی پاراستنی گەل لە كوردستانی رۆژئاوا، تەنها تەعبیر نیە لە شەڕی دەوڵەتی توركیا لەگەڵا گروپێك یان دەستەیەك لە گروپی تیرۆریست وەك توركیا باسیان دەكات، بەڵكو ئەم هێرشە سەربازیە لەكاتێكدا دەستی پێكرد كە لە 14ی ئەم مانگەدا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بڕیاریدا كە سوپایەكی 30 هەزاركەسی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات پێكبهێنێت كە زۆرینەیان سەربە یەكینەكانی پاراستنی گەلن، لەپێناو پاراستنی سنورەكاندا و بەتایبەتیش هەردوو سنوری عێراق و توركیا، لەپاش ئەو بڕیارە، بەرپرسانی توركیا هەر لە سەرۆك كۆمارەوە هەتا بەرپرسە سەربازی و حكومیەكان هەموویان هاتنە سەرخەت، بەتایبەتیش ئۆردوغان لە چەندان بۆنەدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەن ئەو سوپایە پێكبهێرێت و ئامانج لە دروستكردنی ئەم سوپایەیان بەمەترسی دانا بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیاو ئەمەیان بە قۆناغی (ب)ی سیاسەتەكانی ئەمریكا دانا لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش، ئۆردوغان دەستی كرد بە هەڕەشەكردن لە كانتۆنی عەفرین و وتی ئێمە هەرگیز رێگە نادەین كە بەم ناوەوە دۆستەكانمان لە پشتەوە خەنجەرمان لێ‌ بدەن، هەرچەند دوای ئەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (تیلەرسون) رونكردنەوەیەكی داو وتی تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئەو بڕیارەی ئێمە هەبوەو ئامانج لەم هەوڵەشماندا تەنها رێگرتن بووە لە دزەكردنی داعش لە سنورەكانداو لە ئێستاشدا نامانەوێت ئەو سوپایە دروست بكەین، بەڵام پشتیوانیەكانی ئەمریكا لە ڕووی سیاسی و سەربازی و میدیاوە بۆ هێزەكانی سوریای دیموكراتی و پێدانی چەك و تەقەمەنیەكی زۆر بۆ ئەم هێزانە، بوەمایەی نیگەرانی توركیاو ترس لە ئایندەی دروستكردنی ئەو هێزە، لەپاش كۆتایی هاتنی شەڕی داعش، چونكە لە ئێستادا كە توركیا لە شەڕێكی خوێناویدایە لەگەڵا چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، توركیا لەم كاتەدا یەكینەكانی پاراستنی گەل بە درێژكراوەی پارتی كرێكاران لەقەڵەم دەدات و ئەو وەك پارتێكی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، هەرچەند ئەمریكا وای لەقەڵەم دەدا كە هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە ئێستادا لە نزیكترین هاوپەیمانەكانیەتی، بەڵام خاوكردنەوەی لێدوانەكانی و ئامادەنەبوون بۆ پاراستنی عەفرین لە هێرشەكانی توركیا دودڵی و نیگەرانیەكی زۆری بۆ كوردانی رۆژئاوا دروستكرد، چونكە ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی پەیەدە لە شەڕی دژی داعش و ئەندامێكی پەیمانی ناتۆش دەیتوانی هەڵوێستی توندتری هەبێت كە رێگربێت لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە. هەرچەند لەم كاتەدا كە هەریەك لە روسیاو ئێران و توركیا هاوهەڵوێستن لەوەی كە رێگە نەدەن ئەمریكا ئامانجەكانی لە سوریادا بێنێتەدی و بە هەرسێكیان رێگربن لە بەردەم ئەمریكا، لەكاتێكیشدا كە توركیا هێرشەكانی بۆسەر عەفرین ئەنجامدا هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و هیچ لێدوانێكی توندیان بەرامبەر توركیا نەدا ئەوە نیشانەی رێكەوتنی پێشوەختەی ئەو سێ لایەنەبوو لە سەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین .
هەرچەند لە ئێستادا ئەمریكا هەڵوێستێكی توندی نەنواندووە بەرامبەر بە توركیا، بەڵام ئەمەش مانای رەزامەندی ئەمریكا نیە لەو هێرشانە، لە دوایەمین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترامپ سەرۆكی ئەمریكاو ئۆردوغان سەرۆك كۆماری توركیادا، جارێكی تر ئەمریكا جەختی كردۆتەوە لەسەر سنورداركردنی هێرشەكان و رێگەبگرێت لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، بەڵام سەرۆكی توركیا جەختی كردۆتەوە لەسەر وازهێنانی ئەمریكا لە پشتیوانیەكانی پەیەدە لەڕووی سەربازی و سیاسی و رێگەدان بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی 30 كم لە سنوری توركیاوە بەرەو ناوەوەی سنورەكانی سوریا.
بەڕای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی لەم قۆناغەدا پەیوەندیەكانی توركیا و ئەمریكا لە خراپترین دۆخدایەو هەریەكەیان دەیەوێت لە رێگەی سەربازیو لە واقیعدا سەركەوتنی خۆیان بەرامبەر ئەویتر نیشان بدات.
سەفیری پێشووی توركیا (ئەریك ئیدیلمان) لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هەواڵی cnn وتی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا ماوەیەكی زۆرە ئاڵۆز و نائاساییە، ئەو ئاڵۆزیەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەو سیستمە سیاسەی كە توركیا دەیەوێت بەسەر توركیادا بیسەپێنێت كە ئەوەش دژی ئەمریكایە.
لێرەوە دەگەینە ئەو راستیەی كە ناكۆكیەكان تەنها لەبەر هێرشی توركیا نیە بۆسەر عەفرین بەڵكو مێژوویەكی قوڵتری هەیەو ئەم شەڕەی دوایش یەكێكە لە هۆكارەكان، ترسی توركیاش لە كانتۆنی عەفرین لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لێرەوە توركیا بە پشتیوانی كردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەیەوێت توركیا گەمارۆ بدات و دواجار بە هاندانی پارتی كرێكاران لە كوردستانی باكور توركیا بخاتە بەردەم مەترسی دابەشبوون و دواجار توركیاش وەك سوریا لێ‌ بكات.لێرەوە دەتوانین بلێین شەری عەفرین سەرەتای جەنگێكی نوێیەو دورنیە دواجار ئەمریكاو توركیا دژ بەیەك بوەستن .