كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق بۆچى كوه‌يت و بۆچى فبراير!

  سێ شەممە, 13 شوبات 2018 09:20

دوێنێ كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق له‌ ده‌وڵه‌تى كوه‌يت به‌ڕێوه‌چوو، ده‌مه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌م، بۆچى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ له‌ هه‌ولێر نه‌به‌سترا كه‌ بڕياربوو له‌ژێرناوى كۆنگره‌ى كۆمه‌كبه‌خشانى عێراق ببه‌سترێت، برايه‌ كوه‌يت، هه‌روه‌ها بۆچى له‌مانگى فبرايردا ببه‌سترێت، ئه‌ى بۆچى له‌مانگێكى تردا نه‌به‌سترێت!!

كوه‌يت له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا له‌لايه‌ن عێراق و له‌سه‌رده‌مى سه‌دامدا داگيركرا، له‌و ده‌مه‌وه‌ دژمنايه‌تى و ناكۆكى ته‌واو له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا هه‌يه‌، هه‌ميشه‌ و به‌درێژايى مێژووى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوه‌يت عێراقى به‌سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى له‌قه‌ڵه‌مداوه‌، له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق، هێشتا كوه‌يت له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراقدا سارد و سڕييه‌كى پێوه‌دياربووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى حه‌يده‌ر عه‌بادى بووه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كان به‌ره‌وئاسايى بوونه‌وه‌ رۆيشت، هه‌ر له‌و ماوه‌يه‌دا له‌سه‌ر ئاستى باڵا چ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار و چ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق عێراق سه‌ردانى ئه‌و درواسێيه‌ى خۆى كرد.

كوه‌يت به‌و پێيه‌ى ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى هاوڵاتى شيعه‌ مه‌زهه‌بى هه‌يه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانيشى سوننه‌ مه‌زهه‌بن، دواجار له‌ رووى سياسييه‌وه‌ به‌ پاشكۆى نه‌ ئێران و نه‌ سعوديه‌ هه‌ژمار نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌ پرسى ململانێكاندا به‌ئه‌ندازه‌يه‌ك ميانگيرى پێوه‌دياربووه‌، به‌ڵام به‌ئه‌ندازه‌ى هه‌ندێك وڵاتى ناوچه‌كه‌ سه‌قامگيرى سياسى تيانه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێين هۆكارى به‌ستنى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ سه‌قامگيرييه‌، نه‌خێر وڵاتى ترى ناوچه‌كه‌ هه‌يه‌ له‌ ڕووى سياسييه‌وه‌ زياتر سه‌قامگيرى و جه‌مسه‌رگيرى سياسى تيايه‌ له‌ نمونه‌ى شانشينى ئوردن، زياد له‌وه‌ش وڵاتێكى وه‌ك سه‌ڵته‌نه‌تى عومان به‌ سويسراى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و وڵاتانى عه‌ره‌بى ناسراوه‌، له‌ ڕووى ميانگيرى و سه‌قامگيرى سياسى و ئه‌منيشه‌وه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانى ده‌وروبه‌رى عێراق باشتره‌ و هێمنتره‌، بگره‌ چ وڵاتانى جه‌مسه‌رى ئێران و چ وڵاتانى جه‌مسه‌رى سعوديه‌ش به‌چاوى رێزه‌وه‌ سه‌يرى عومان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆچى ته‌نها له‌ كوه‌يت!!

دياره‌ كاتێك كوه‌يت پێشنيارى به‌ستنى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ى كرد له‌ وڵاته‌كه‌ى، قسه‌ هه‌يه‌ عێراق به‌ هاندانى ئه‌مريكا به‌ ناراسته‌وخۆ پێشنيارى خۆى بێت، ئه‌و كۆنگره‌يه‌ له‌ كوه‌يت ببه‌سترێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌رخستنى نيازپاكى و دراوسێ باشى بۆ كوه‌يت، هاوپه‌يمانى نێوده‌ڵه‌تيش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌يان دايه‌ كوه‌يت بۆئه‌وه‌ى رۆڵى خۆى وه‌ك كاره‌كته‌رێكى به‌رچاو له‌ ناوچه‌كه‌دا ببينێت، به‌تايبه‌ت له‌ ئێستادا كوه‌يت سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئاسايش ده‌كات بۆ ماوه‌ى يه‌ك ساڵ.

دياره‌ ره‌زامه‌ندى دانى هاوپه‌يمانان به‌تايبه‌ت ئه‌مريكا بۆ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و كۆنگره‌يه‌ بۆ پێدانى رۆڵێكى زياتر به‌ ده‌وڵه‌تى كوه‌يت، كه‌له‌ رووى رووبه‌ره‌وه‌ بچوك و قه‌باره‌ى داهات و سه‌رمايه‌وه‌ گه‌وره‌يه‌.

نابێت ئه‌وه‌ش له‌ بير بكه‌ين نه‌ك هه‌ر كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق، له‌ كوه‌يت ده‌به‌سترێت، به‌ڵكو كوه‌يت ميواندارى يه‌كه‌مين كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زارى هاوپه‌يمانى دژى داعش ده‌كات دواى تێكشاندنى داعش له‌ عێراق، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش مايه‌ى هه‌ڵوێست له‌سه‌ركردنه‌ كه‌له‌ ماوه‌يه‌كى زۆر كه‌مدا ئه‌و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ و كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌ له‌ كوه‌يت ده‌به‌سترێت!! بۆيه‌ ئه‌م ماسته‌ بێ موو نييه‌!

بۆچى فبراير

كوه‌يت مانگى فبراير (شوبات) به‌ مانگى سه‌ركه‌وتن و رزگارى و سه‌ربه‌خۆيى ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر به‌خێرايى چاوێك به‌ مێژووى نوێى ده‌وڵه‌تى كوه‌يتدا بخشێنيت، هه‌موو ياد و بۆنه‌ نيشتمانييه‌كانى له‌ مانگى فبراير دايه‌، رۆژى سه‌ربه‌خۆى له‌ به‌ريتانيا، ته‌نانه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له‌ مانگى ئابى ساڵى 1990 له‌لايه‌ن عێراقه‌وه‌ داگيركرا، يه‌كه‌مين هێرشى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى سه‌دام حسين خرايه‌ مانگى فبراير و ئازادكردنه‌وه‌ى كوه‌يت له‌و مانگه‌دا ئه‌نجامدرا.

ئێستاش دواى زياتر له‌ دوو مانگ له‌ راگه‌ياندنى سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازى عێراق به‌سه‌ر داعشدا، كوه‌يت له‌ مانگى فبرايردا ميواندارى كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زيرانى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ده‌كات، كه‌ زياتر له‌ 70 ده‌وڵه‌ت له‌ خۆده‌گرێت، زياد له‌وه‌ش كوه‌يت كه‌ ئه‌مساڵ نوێنه‌رى وڵاتانى عه‌ره‌بييه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ى خۆى خستۆته‌ مانگى فبرايه‌رى ساڵى 2018وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵى 1979 هه‌مان مانگ سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى وه‌رگرت.

گه‌ره‌كمه‌ ئه‌وه‌ بێژم مانگى فبرايه‌ر له‌ كوه‌يت مانگى سه‌ركه‌وتن و رۆژه‌ ميژووييه‌كانه‌ له‌ ميژووى نوێى ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ياسا و فه‌رمانى ديوانى ئه‌ميرى هه‌موو ياد و بۆنه‌ نيشتمانييه‌كان خراوه‌ته‌ فبرايه‌ر، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ نيشان ده‌دات، ئه‌و وڵاته‌ى پێش چه‌ندين ساڵ له‌لايه‌ن عێراقه‌وه‌ داگيركراو له‌ فبرايه‌ردا ئازادكرايه‌وه‌ة ئێستا بووه‌ته‌ خانه‌خوێى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق له‌ هه‌مان مانگى فبرايه‌ردا.