خەریكە یارییە سیاسییەكەش گەرم دەبێت ئاگاداربن، خۆشەویستی و ڕێز، كێبەركێكەتان بیر نەباتەوە!!

كاتێك كاپتن یان یاریزانێكی باش و خۆشەویستی یانە و تیپەكەتان، بە هەر هۆكار و بیانوویەك لە یانە و تیپەكەتان دەچێتە دەرەوە و دەڕواتە ناو یانە و تیپێكی دیكەوە، ئیدی دەبێ‌ دوو یاسای گرنگتان لەبیر بێت و فەرامۆشی نەكەن:

1ـ دەكرێ‌ لە ڕووی ئەخلاقی و بیرو باوەڕی تایبەتتانەوە، خۆشەویستی و ڕێزەكەتان بۆ ئەو كاپتن و یاریزانە هەر بەردەوام بێت.
2ـ بەڵام زۆر گرنگە ئیدی بە ڕكەبەر و مونافیسی خۆتان و یانە و تیپەكەتانی بزانن و ئەوپەڕی هەوڵی خۆتان بخەنە كار بۆ ئەوەی خۆتان براوە و ئەو دۆڕاوی یاری و كێبەركێكە بێت.... هۆشیار بن لەناو یاریەكەدا نابێ‌ خۆشەویستی و ڕێزەكەی جاران و ئێستاشی واتان لێ بكات یارییەكی لاواز بكەن و دەرفەتی بردنەوە و براوەیی بە ئەو بدەن و خۆتان ببنە دۆڕاوی یارییەكە.
لە سیاسەتیشدا ئەم دوو یاسا و ڕێسایە پێویستە پەیِرەوی بكرێن، ئەگەر سەركردە و كادیر و كاراكتەرێك یان تەنانەت كەسی یەكەمی حیزب و لایەنەكەتان، ڕۆژێك لە ڕۆژان سەنگەری خەباتی گواستەوە و چووە ناو حیزب و لایەنێكی دیكەوە، ئەوا ئێوە دەتوانن خۆشەویستی و ڕێزەكەتان بۆی بمێنێ‌ و بەردەوام بێ‌، بەڵام پێویستە زۆر سەرسەختانە و بە هێز و دامەزراوانە مونافەسە و كێبەركێی لەگەڵ بكەن و هەوڵی بەزاندنی بدەن و ڕێگە نەدەن ئەو خۆشەوییستی و ڕێزەكەتان بەكار بهێنێ‌ بۆ شكست پێ‌ هێنانتان و دەستخستنی بەرژەوەندییەكانی.
گەرموگوڕ بن و كێبەركێ‌ و مونافەسەیەكی ئازایانە و لێزانانە بكەن و هەوڵی بردنەوەی یارییەكە بدەن... ئومێدتان بە بردنەوە و سەركەوتنی خۆتان و یانە و تیپەكەتان هەبێت.