كورد گه‌لێكی په‌رته‌وازه‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار

  یەک شەممە, 18 شوبات 2018 09:09

هه‌تا ده‌مرم له‌ بۆ كوردان ده‌ناڵم

عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ماڵم

ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ ملای گه‌وره‌ی كۆیه‌ فه‌رمویه‌تی ئه‌و زانا ناوداره‌ی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م ووته‌یه‌ی نوسیوه‌ و ووتویه‌تی بۆئه‌م كات و باروو دۆخه‌ی كه‌كورد گوزه‌ری پیاده‌كات زۆر گونجاوه‌ .

گه‌لی كورد گه‌لێكی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه‌یه‌ زۆر به‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و سه‌رچاوه‌ مێژویه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێن كه‌ گه‌لی كورد یه‌كێكه‌ له‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ بوه‌، بونی زمان و گه‌ل و نیشتمان كه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌مووی بنه‌مای گه‌لی ڕه‌سه‌ن و زیندوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌لێكه‌ كه‌ توانیویه‌تی له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كان بژیت ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئاكاری تایبه‌ت به‌ خۆی بێت وه‌ك ئازایه‌تی و كۆڵنه‌دا ن و قوربانیدان و ....هتد.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش كه‌ هه‌زاره‌ی سێ یه‌مه‌ ئه‌م گه‌له‌ خاوه‌نی كیان و ووڵاتی سه‌ربه‌ خۆی خۆی نیه‌و ، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر جار ئه‌م گه‌له‌ له‌لایه‌ن دراو سێكان و ووڵاتانی زلهێزه‌وه‌ وه‌ك سوته‌مه‌نی به‌كاریان هێناوه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، به‌رده‌وام ئه‌م گه‌له‌ له‌سه‌رخاكی خۆی دژایه‌تی بوون مانی كراوه‌ وه‌ك هاووڵاتی پله‌ دوو له‌لایه‌ن ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه‌كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ سه‌یركراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هاتوه‌ كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كردوه‌ له‌دژایه‌تی ئه‌م گه‌له‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ووڵاتانی زلهێزو خاوه‌ن بڕیار له‌جیهاندا نه‌ك پشتیوانیان نه‌كردوه‌ به‌ڵكو زۆر جار بێده‌نگی و له‌وه‌ش خراپتر خۆشیان به‌شێك بوون له‌و سته‌مه‌ی كه‌به‌ئاشكرا به‌رانبه‌ر به‌م گه‌له‌ ئه‌نجامدراوه‌ وه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش گه‌لی كورد نه‌بوه‌ به‌ خاوه‌نی كیانێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی وه‌ك گه‌لانی دنیا ئه‌كرێت بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بیگێڕینه‌وه‌ :ـ

1ـ نه‌یاره‌كانمان زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردا كردوه‌ وه‌ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هاتوه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ هه‌تا كارگه‌یشتۆته‌ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی نه‌خوازراوی وه‌ك كیمیایی بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و پرۆسه‌ی به‌ناو ئه‌نفال و وێرانكردنی شار و گوندو ئاوه‌دانیه‌كانی كوردستان له‌ كاتی شه‌ڕو ململانێكاندا له‌كاتێكدا تاوانی كورد هه‌ر ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ویستویه‌تی وه‌ك هه‌موو گه‌لانی دنیا به‌ساده‌ترین مافی خۆی بگات .

2ـ ناهۆشیاری كورد به‌تایبه‌تیش بڵێین سه‌كردایه‌تی سیاسی كوردو ده‌سه‌ڵاتدارنی كوردستان له‌ڕابردوودا په‌ندو ئه‌زموونیان له‌ شكست و هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌رنه‌گرتوه‌ به‌رده‌وام هه‌ڵه‌كانی ڕابردوویان دوباره‌ كردۆته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ تائێستاش له‌م سه‌رده‌مه‌دا تێگه‌یشتنی تاكی كورد بۆ خه‌بات و به‌ر خودان و تێكۆشان وه‌ك پێویست نیه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئامانجی گه‌ل كراوه‌ به‌ قوربانی ئامرازه‌كان كه‌ئه‌ویش حیزب و گروپ و ڕێكخراوه‌كانن وه‌له‌ناو ئه‌وانیشدا ته‌سك ئه‌بێته‌وه‌ بۆ چه‌ند بنه‌ماڵه‌و كه‌سێك كه‌ ئه‌توانین بڵێن ئه‌مه‌ گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌له‌یه‌.

3ـ نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌ك یان مه‌رجه‌عێك بۆ كاری سیاسی و كوردایه‌تی و نیشتیمانی كه‌ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام و تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش گرفتێكی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌له‌یه‌ كه‌ یه‌كێك نیه‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن و بۆچونه‌كان كۆبكاته‌وه‌ هه‌رلایه‌نه‌و خۆی به‌ڕاست ئه‌زانێت وه‌ گومانی له‌لایه‌نه‌كانی ترهه‌یه‌ به‌به‌راوورد ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كوردستان ئه‌بینیت كه‌ به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌شیعه‌كانی عێراق چه‌نده‌ ناكۆك و نه‌یاربن به‌ڵام دواجار هه‌موویان به‌سه‌رجه‌م بۆچوونه‌جیاوازه‌كانه‌وه‌ كۆكن له‌سه‌ر پابه‌ندبوونیان به‌ مرجه‌عیه‌تی شیعیه‌وه‌.

4 ـ هه‌ڵه‌ی به‌رده‌م و شكستی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و به‌رده‌وام له‌قه‌یرانێكه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌یرانێكی تر بۆته‌ ده‌ستكه‌وتی ئه‌زموونی كوردی له‌ماوه‌ی 26 ساڵی ڕابردوودا كه‌ ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ده‌ستدانی نائومێدی و نه‌مانی متمانه‌ له‌نێوان هاووڵاتیان و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان و حكومه‌ت و ئه‌زموونی حوكمڕی له‌م هه‌رێمه‌دا.

به‌داخه‌وه‌ ئاسۆی ئاینده‌ی ئه‌م گه‌له‌ لێڵه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌سیاسیه‌كان كۆتای به‌م ململانێ نه‌خوازراوه‌بێنن كه‌ بۆته‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری هه‌موان له‌ناو خۆو ده‌ره‌وه‌دا، تاكه‌ی ئه‌بێت ئه‌م عقڵیه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌بێت كه‌ی بێت ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو میلله‌تانی جیهان بگه‌ی به‌مافی ڕه‌وای خۆمان.

 

دارا سێكانیانی

دارا سێكانیانی
لەدایك بوی ساڵی 1970
پیشە مامۆستا 24 ساڵ خزمەت
بڕوانامە
دبلۆم لە بیركاریدا پەیمانگای سلێمانی
بكلوریوس لە علم النفس لە كلیە التربیە المفتوحە جامعە بغداد
ماجستر لە( ادارە الاعمال )عن طریق التعلیم عن البعد