میدیاى كوردى له‌ كوێى به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌؟

  پێنج شەممە, 01 ئازار 2018 13:18

 

" خوێندنه‌وه‌یه‌كى زانستیانه‌ "
 
له‌ دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى و به‌رفراوان بوونى په‌خشى رادیۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاتنه‌ مه‌یدانى ته‌له‌فزیۆن، جیهانى برده‌ قوناغێكى نوێوه‌، له‌گه‌ڵ به‌رفراوان بوونى په‌خشى رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و جێهێشتنى كاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، بۆیه‌ توێژینه‌وه‌كانى زانستنى كۆمه‌ڵناسى له‌و باره‌یه‌وه‌ زیادیان كرد به‌ ئامانجى رێكخستنى ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیا كاریگه‌ره‌.
 
كۆمه‌ڵناسان به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تى میدیا به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن " میدیا دامه‌زراوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و ته‌نها ئامڕازێك نیه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى قازانج و سه‌رنجڕاكێشان و وروژاندن، دامه‌زراوه‌یه‌كى كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و به‌شداره‌ له‌ پرۆسه‌ى به‌ كۆمه‌ڵایه‌تیببون ".
 
له‌ په‌یوه‌ندى به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تى میدیا به‌ ئازاییه‌وه‌، كۆمه‌ڵناسان ده‌ڵێن " راسته‌ ده‌بێت میدیا ئازاد بێت، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆبه‌خۆ رێكبخرێت، میدیاكاران چۆن به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌ى كارى تیدا ده‌كه‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا.
 
ده‌زگا میدیاییه‌كان نابێ له‌ پێناو زیاده‌ فرۆشى و سودى دارایی، یاخود به‌دیهێنانى ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كانى خۆیاندا، یاخود به‌ناوى ئازادییه‌وه‌، زیان به‌ كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌نجێك له‌ میدیاى كوردى بده‌ین و بپرسین ئه‌رێ میدیاى كوردى له‌ كوێى به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌ ؟ به‌ دیقه‌تدانێكى سه‌رپێى نه‌ك ورد ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌ێت ئه‌وه‌ى له‌ به‌شی زۆرى میدیاى كوردیدا رووده‌دات خاڵییه‌ له‌ كۆمه‌ڵایه‌تى بوون به‌ڵكو من به‌ " ژه‌هرخوارد " كردنى كۆمه‌ڵگاى ناو ده‌به‌م، ژه‌هر بۆ خواردن نا به‌ڵكو بۆ مێشكى یه‌كبه‌یه‌كمان كه‌ ئه‌وه‌ له‌ خواردنه‌كه‌ى زۆر خراپتره‌! چونكه‌ له‌ ئیستادا ئه‌وه‌ى كاریگه‌رى پله‌ یه‌ك و سه‌ره‌كى له‌سه‌ر خێزان و كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كات میدیایه‌، میدیا به‌ بێ پرس و له‌ ده‌رگادان هه‌موو كاتێكدا له‌ناو خێزانه‌كان ئاماده‌یه‌، هه‌نووكه‌ ئه‌وه‌ میدیایه‌ ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگا ده‌كات.
 
هه‌ندێك میدیاى به‌رژه‌وه‌ندیخواز بۆ ناوبانگى زیاتر و قازانجى ماددى هیچ به‌هایه‌كیان بۆ كۆمه‌ڵگا نه‌هێشتۆته‌وه‌ و هه‌موو سنوره‌كانیان شكاندووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى گوزه‌رێك من به‌ فه‌وزا و بێ سه‌رو به‌رى ناوى ده‌به‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ ئازادییه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو پێشێلكردنى به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كبه‌یه‌كى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌. ئێستا دراما بیانییه‌كان به‌ تایبه‌تى دراما توركییه‌كان بوون به‌ پێناسه‌ى به‌شێكى زۆرى میدیا كوردییه‌كان، له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى ركابه‌رى ئه‌وه‌ بێت كامه‌ دراما له‌گه‌ڵ خێزان و كلتوره‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كه‌دا ده‌گونجێت به‌ ئاراسته‌یه‌كى دروست، به‌ڵكو رێك پێچه‌وانه‌ ڕكابه‌رییه‌ بۆ ئه‌وه‌ كامه‌ میدیا درامایه‌كى به‌هێز به‌ باره‌ خراپه‌كانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى بینه‌ر و زۆركردنى قازانجى ماددى چاو برسیانه‌ى خۆى په‌خش ده‌كات، به‌ بێ ره‌چاوكردنى خێزان و به‌رپرسیارێتى كۆمه‌ڵایه‌تى. ئه‌وه‌ى له‌م نێوه‌نده‌دا تا راده‌یه‌كى زۆر بێده‌نگه‌ له‌ ئاست ئه‌م فه‌وزای ژه‌هر خوارد كردنه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى، رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و چالاكوان و شاره‌زایانى بوارى راگه‌یاندنه‌، كه‌ ئه‌ركى ئه‌وانه‌ فشار دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ى راگرتنى ئه‌و میدیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چیتر كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى مه‌ترسیدار لێژ نه‌كه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا به‌رپرسیارێتى سه‌ره‌كى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ نه‌یتوانیوه‌ چوارچێوه‌یه‌ بۆ ئیشى راگه‌یاندنه‌كان و په‌خش كردنى دراماكان دابنێت.
 
ئه‌وه‌ى جێگاى دڵخۆشییه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا كۆمپینێك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ پاڵنه‌رى ئه‌م وتاره‌ى به‌نده‌ش ئه‌و كۆمپینه‌ بوو، له‌ كۆتایدا هیوادارم خاوه‌نى میدیاكان و میدیاكاران كه‌ خۆیانیش به‌شێكن له‌ كۆمه‌ڵگا ره‌چاوى كۆمه‌ڵگاكه‌ى خۆیان بكه‌ن،چونكه‌ ئه‌وه‌ى توشى كاره‌سات ده‌بێت له‌ داهاتوودا نه‌وه‌كانى ئه‌وانیشه‌، به‌ هیواى ئاراسته‌یه‌كى دروستى میدیایی.
 
 
م-ع-كانی
 
محەمەد شەهاب

له‌ دایك بووى ساڵى 1994 لەگەرمیان ، خوێندكارى راگه‌یاندن ، زیاتر لە پێنج ساڵە کاری ڕاگەیاندن دەکات