كورد له‌ عێراق چى به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌!!

  شەممە, 03 ئازار 2018 07:48

ناكرێت باس له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بكه‌ين، كه‌ كورد له‌ روويى سياسى و ئابوورى و سه‌ربازييه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ده‌ستيداوه‌، چونكه‌ هه‌م مه‌به‌ستى ئه‌م وتاره‌ نييه‌، هه‌م ئه‌م وتاره‌ ناتوانێت مافى خۆى پێبدات و بيانژمێرێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ى كورد له‌م سه‌روبه‌نده‌دا له‌ هه‌موو شت زياتر پێويستى پێيه‌تى بۆ پرسى بودجه‌، مافى ڤيتۆى سه‌رۆك كۆماره‌، كه‌له‌م خوله‌دا سه‌رۆك كۆمار ئه‌و ڤيتۆيه‌ى نه‌ماوه‌، به‌ڵام ده‌كرێت باسى ئه‌وه‌ بكه‌ين كورد ئێستا له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ئاستى سياسى و په‌رله‌مانى چى به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ چۆن ده‌وتوانێت به‌كاريان بهێنێت.

له‌ ئێستاشدا عه‌بادى هيچ نه‌رمييه‌ك نانوێنێت، بۆ جێبه‌جێكردنى خواست و داواكانى كورد له‌ پرۆژه‌ ياسايى بودجه‌، هه‌موو ئاماژه‌كانيش بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌و پرۆژه‌يه‌ ياسايه‌ى بودجه‌ى فيدرالى ساڵى 2018ى دارايى، به‌و رێژه‌ كه‌مه‌ى كه‌ بۆ كورد دياريكراوه‌ په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڕازيبوون يان رازينه‌بوونى كورد، به‌ ئاماده‌بوونى په‌رله‌مانتاران يان ئاماده‌نوبوونى په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ دانيشتنى په‌رله‌مان ئه‌و ياسايه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت.

به‌پێى ده‌ستورى هه‌ميشه‌يى عێراق، كورد (سه‌رۆك كۆمار) ده‌توانێت، دواى تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، پێش ته‌واو بوونى ماوه‌ى ده‌ستورى خۆى كه‌ پانزه‌ رۆژه‌ ئه‌و پرۆژه‌ ياساكه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و واژووى نه‌كات، دياره‌ ديار ته‌نها دووجار گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و ياسايه‌ بۆ په‌رله‌مان، عێراق ده‌خاته‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ كه‌متر له‌ چل رۆژى ده‌مێنێت بۆ رۆژى هه‌ڵبژاردن، كه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران زۆر لێى نيگه‌رانه‌ له‌ دواخستنى تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ ياساى بودجه‌، ناوه‌ناوه‌ بۆدێته‌سه‌ر هێڵ و باس له‌وه‌ ده‌كات دواخستنى تێپه‌ڕاندنى بودجه‌ زيانى گه‌وره‌ به‌كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران و داموده‌زگانى ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌يه‌نێت.

به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌يان رێگر نييه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى ياساكه‌ و كارپێكردنى، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانى كورد ده‌توانن، له‌ دادگاى باڵاى فيدرالى تانه‌ له‌و ياسايه‌ بده‌ن.

خاڵێكى تريش كه‌ كورد ده‌توانێت، وه‌ك فشارێكى ده‌ستورى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى بكات، به‌پێى ماده‌ى (61/حه‌وته‌م/1) ده‌ستورى عێراق، سه‌رۆك كۆمار مافى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌، ته‌نانه‌ت به‌بێ دياريكردنى هۆكار، داواكارييه‌ك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات، داواى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بكه‌ن.

به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌ر به‌پێى هه‌مان ماده‌ى (61/حه‌وته‌م/ج) يه‌ك په‌رله‌مانتار به‌ ره‌زامه‌ندى (25) په‌رله‌مانتار داواى لێپرسينه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بكه‌ن، بۆ محاسبه ‌كردنى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵات و پسپۆڕى خۆيدا.

به‌ده‌رله‌وه‌ش له‌ رووى سياسييه‌وه‌ كورد ده‌توانێت به‌ كۆده‌نگى له‌سه‌ر بودجه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه‌ بكات له‌ پرۆسه‌ى سياسى عێراق، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش پێگه‌و هه‌ڵوێستى عێراق له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمايه‌تييه‌كان لاوازده‌كات، به‌تايبه‌ت له‌م سه‌روبه‌نده‌ى عێڕاق زۆر پێويستى به‌و كۆمه‌ك و هاوكارى و قه‌رزانه‌يه‌ كه‌له‌ كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كوه‌يت به‌ڵێنيان پێدابوو.