یاسای بودجە‌و پشكی كورد

  یەک شەممە, 04 ئازار 2018 08:37

 

        ڕۆژبەڕۆژ كێشە سیاسی‌و ئیداری‌و ئابوری‌و سەربازیەكانی بەغدا‌و هەولێر قوڵتر دەبنەوە، وا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە‌و بەبێ ئامادەیی نوێنەرانی كورد پرۆژە یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2018ی پەسەندكرد، ئەمەش لەئەنجامی كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە 17%وە بۆ لە 12.67% و ئەگەر نوێنەرانی كورد لەهەر كارێكی تردا یەكدەنگ نەبوبن ئەوا لە ڕەدكردنەوەی ئەم یاسایەدا یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێست بوون، بەڵام بۆ دەربازبون لە پێشێلكردنی مافە دەستوریەكانمان، تەنها یەك هەڵوێستی نوێنەران بەس نییە، دەبێت هەموو حیزب‌و لایەنە سیاسیەكان بێنە سەرخەت‌و ئەگەر كارتێكی فشار بەخۆیانەوە شك دەبەن بەكاری بهێنن، بە بڕوای بەندە ئەگەر كارتی فشار بەدەستمانەوە مابێت خۆی دەبینێتەوە لە كشانەوەی نوێنەرانی كورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەڕەشەی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی بەغدا، یان ڤیتۆی سەرۆك كۆمار لەسەر كۆی پرۆژەكە‌و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەمانەش دیسان بەلای منەوە زۆر ئەستەمە كە حیزبەكان بتوانن هەڵوێستێكی ئاوا بنوێنن، چونكە حیزبەكان بەجۆرێك لە ژێر هەژمون‌و ئەجێندای وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدان، ئەوە بێجگە لە پەرتەوازەیی نێوخۆیی كە تائێستەش نەیانتوانیوە كۆ دەنگیەك لە سەر یەكپرسی دروست بكەن، كەواتە ئەو كارتەشمان بە جۆرێك كارتێكی ناكاریگەر دەبێت. 

بەدرێژای مێژوو كورد باجی پەرتەوازەیی نێوخۆی داوە، بۆ ئەمڕۆشمان هەمان دووبارەبونەوەی مێژووە، هەرئەمەش وایكردووە كە ڕۆژ بەڕۆژ فشارەكانی بەغدا لەسەرمان زیاد دەكات و ئێمەش زیاتر بەش بەش‌و پەرتەوازە دەبین، بەناو هاوپەیمانان و زلهێزان‌و نەتەوە یەكگرتوەكانیش بە بەهانەی ئەوانە كێشەی ناوخۆیی گەلانی عێراقن، لە لێدوانی ڕۆژنامەوانی زیاتر هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنیان نیە لەبەرامبەر پێشێلی مافەدەستوریەكانی گەلی كوردا.