گەندەڵی وەك مەترسیەك لە سەر دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق

  پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 07:47

پاش ئەوەی حەیدە عەبادی سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعشدا راگەیاند ، ویستی ئەم دەستكەوتە بكاتە سەرتایەك بۆ قوتاغێكی نوێ، بەتایبەتش لەئێستادا كە عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەچێت و بۆ سەركەوتنەوەی لەم هەڵبژاردنەشدا بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە.
بەهۆی ئەوەی كەلەئێستادا عێراق توشی كاولكاریەكی زۆر بۆتەوە بەهۆی شەری داعشەوە كەلەساڵی 2014وە بەردەوام بوو، بەم هۆیەشەوە زیاتر لە 180 شارو شارۆچكەو هەزاران گوند لەباكورو رۆژئاوای عێراق زیانی زۆریان پێ گەیشت و بەم هۆیەشەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو كەس ئاوارەو بێ جێگەو رێگە بوون.
لەبەرئەوە عەبادی كۆنگرەی كوەیتی بەهەلێك زانی كەبەهۆیەوە بتوانێت هاوسۆزی نێودەوڵەتی و كۆمپانیاو رێكخراوە فریاگوزاریەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت و وەك پرۆژەیەكی مارشاڵی دوای جەنگ بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەكاری بهێنێت.
لەم كۆنكرەیەدا كە 3 رۆژی خایاند زیاتر لە 2300 كۆمپانیا لە 70وڵاتی دنیاوە بەشدار بوون، سەرەنجامیش بەڵێنی 30 ملیار دۆلاریان بەعێراقدا بۆ مەبەستی ئاوەدانكردنەوە، كە ئەمەش تەنها لە 34% ی پێداویستیەكانی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوە پردەكاتەوە.
ئەنجامی كۆتایی كۆنگرەكە نەبوە مایەی دڵخۆش بوونی بەرپرسانی عێراقی و حكومەتەكەی عەبادی ، چونكە بەپێی ئەو توێژینەوەی كە پسپۆرانی عێراقی و نێودەوڵەتی ئەنجامیان دابوو، عێراق پێویستی بە 88 ملیار دۆلار هەبوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو كاولكاریەی كەبەهۆی شەری داعشەوە بەسەریدا هاتبوو.
عەبادی لەو بروایەدا بوو كەسەركەوتنی لەشەڕی داعشدا بەپشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەولەتی دەبێتە هۆی ئەوەی كەلەلایەنی ئەو ولاتانەوە پشتیوانی زۆری لێ بكرێت و لەم رێگەیەشەوە بەهێزی خۆی لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بخاتە روو، كە ئەمەش وەك بانگەشەیەكی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لەهەڵبژاردنی ئایندەدا دەنگی پێ بدەن.
ئەمەش ئەو بۆچونە بوو كە گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریكی (فۆرین پۆلیسی) دەربارەی كۆنگرەكەی كوەیت نوسیبوی، لەلایەكی ترەوە گۆڤارەكە باس لەوە دەكات كە كۆنگرەی كوەیت و ئەو هاوكاریانەی كە بەڵێنە پێی بدرێت ، نەك باری سەرشانی عێراقیەكان سوك ناكات بەڵكو هەموو عێراق و بەكوردستانیشەوە دەكەوێتە ژێرباری قەرزێكی ترو دەبێت ئەو قەرزانەش لەگەڵ بڕی سوەكەی لەماوەی دیاری كراودا بداتەوە، ئەمەش وا دەكات كە بڕی 30 ملیار دۆلار بۆ قەرزەكانی عێراق زیاد بكات كەلەئێستادا بڕەكەی 124 ملیار دۆلارە.
هەر بەم هۆشەیەوە بانكی نێودەوڵەتی ئاگاداری عێراقی كردەوە كەناتوانێت قەرزی زۆرتر وەربگرێت و عەبادیش هەستی بەو مەترسیە كردو دوو دڵی خۆی نیشاندا لەوەرگرتنی قەرزەكەدا.
بەشێك لەرۆژنامە نوسان و چاودێرانی ئابوری ئەنجامی كۆتایی كۆنگرەكە زۆر بەئیجابی بۆ عێراق لەقەڵەم نادەن.
لەم باریەوە رۆژنامەی (نیۆرك تایمز)ی ئەمەریكی دەڵێت رۆژی یەكەمی كۆنگرەكە سەركەوتوو نەبوو، چونكە تیایدا عێراق بەیەك پارچەیی دەرنەكەوتوو بەگروپی جۆربەجۆر بەشداربوون، لەلایەكی ترەوە دەڵێت عێراق زۆر پشتی بەئەمەریكا بەستبوو، بەڵام ئەمەریكا پاش سەركەوتنی بەسەر داعشدا ئەو بەرپرسیارێتیەی خستە ئەستۆی وڵاتانی تر و كەرتی تایبەت، هەروەها وڵاتانی چین و روسیا و ئێرانیش هیچ هاوكاریەكیان نەكردوو وڵاتانی كەنداویش بەئاستێكی زۆر نزم بەشداریان كردوو پشتیوانی توركیاش كە 5 ملیار دۆلار بوو، بەشێوەی قەرز پێشنیار كرا، لەلایەكی ترەوە زۆربەی وڵاتانی بەشداربوو هەر چەند بەڵێنیان داوە بەپشتیوانی كردنی ئاوەدانكردنەوەی عێراق ، بەڵام دوو دڵ و نیگەرانن لەناردنی سەرمایەكانیان، ئەویش بەهۆی مەترسی گەورەیان لەسەر بوونی گەندەڵی لەعێراقدا و كاتێك سەیری عێراق دەكەن وەك تونێلێكی رەش دێتە بەرچاویان و مەترسیەكی زۆریان بۆ دروست دەبێت لەسەر چارەسنوسی سەرمایەكانیان لەو وڵاتەدا، چونكە كاتێك سەیری راپۆرتی شەفافیەتی نێودەولەتی دەكەن عێراق لەپلەی 166 هەمین وڵاتی گەندەڵی دنیایە لەكۆی 175 دەوڵەت. بەپێی ئەو راپۆرتەش گەندەڵترین دامەزراوە لەعێراقدا پارتە سیاسیەكانن بەتایبەتی ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و پەرلەمان و دادگاكان و دامەزراوەی سەربازیش دەگرێتەوە.
لەراستیدا عێراق وڵاتێكی گەورەی دەوڵەمەندی جیهانە لەرووی سامانی نیشتیمانی و مرۆییەوە ، لەئێستادا رۆژانە 5ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرێتە دەرەوە ، خاوەنی زەویەكی كشتوكاڵی فراوان و ماددەیەكی زۆری خاوی پیشەسازیەو دەیان سەرچاوەی تری ئابوری بەهێزی هەیە، بەڵام بەهۆی بوونی دەسەڵاتێكی گەندەڵەوە لەدوای ساڵی 2003وە هەتا 2012 نزیكەی 400 ملیار دۆلاری دیار نەماوەو وڵات لەبارێكی نائارامی و شەرو كوشتاری ناوخۆدا دەژی و كەرتەكانی خزمەتگوزاری بەتەواوی پشت گوێ خراوەو لەئێستادا عێراق یەكێكە لەدواكەوتووترین وڵاتانی ناوچەكەو دەسەڵاتیش لەژێر دەستی حیزبە تائیفی و مەزهەبیەكاندایە.
ئەم بارودۆخەش دوو ڵی و نیگەرانی زۆری بۆ ئەو وڵاتانەو كۆمپانیاكانیان دروست كردوە و ئەگەری ئەوەش هەیە سەرەرای بەڵێنەكانیان ئەگەر بارودۆخێكی ئارام و شیاو لەعێراقدا دروست نەبێت پاشەكشە لەبەڵێنەكانیان بكەن.