لە نێوان بەرداشی هەولێر و بەغدا

  شەممە, 10 ئازار 2018 13:18

 

بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت لەوانە نەبوونی پاراستن و هاتنی بەلێشاوی بەرهەمی دەرەكی كە باجێكی ئەوتۆیان لەسەر نیە,هاوكات زۆری باج و كرێی خزمەتگوزاریەكانیش هۆكارێكی تری ئەو پاشەكشەیە.

یەكێك لە كێشەكان زیادكردنی نرخی كارەبایە لەسەر شوێنە پیشەسازی و كارگە خۆماڵیەكان بە جۆرێك لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەدا 500 نرخی كارەبایان لەسەر زیاد كراوە، بە جۆرێك شوێن هەیە پێشووتر لە 50 رۆژ دوو ملیۆن دیناری داوە بەڵام ئێستا 10 بۆ 12 ملیۆن دینار دەدات، ئەگەر بیانووی لایەنە پەیوەنیدارەكان ئەوە بێت كە بەهۆی قەیرانی دارایی ناچار بوونە ئەو پارەیە زیاد بكەن ئەی بۆچی ناپرسن قەیرانی دارایی چی لە بازاڕ و گیرفانی خەڵك كردووە؟.

هاوكات باج و رسومات لەسەر ئەو شوێنانە بۆتە سێ قات و چوارقات كە ئەوەش وای كردووە زۆرێك لە كارگەكان دابخرێن.

لەسەرێكی تر بەغداش بە چەند بڕیارێك كەوتۆتە گیانی بەرهەمی پیشەسازی و كارگە خۆماڵیەكانی كوردستان، یەكێك لە كێشەكان كە بەغدا بۆ كارگەو بەرهەمەكانی كوردستان دروستی كردووە ئەوەیە كە دەبێت مۆڵەتیان لە بەغدا هەبێت و دان بە مۆڵەتی كوردستان نانێت.
بڕیاری بەغدا ئەوەیە كە ئەو بەرهەمەی كوردستان كە دەچێتە ناوچەكانی تری عێراق دەبێت مۆڵەتی لە بەغدا هەبێت ، پارەیەمی زۆر لە بڕی ئەو مۆڵەتە وەردەگرن و باجێكی زۆریش وەردەگیرێت ئەوەش كێشەیەكی زۆری بۆ كارگەكان دروستكردووە،ئەوانەی زیانمەند بوونە بریتین لە كێڵگەی پەلەوەریەكان و كارگەكانی حەلەف كارگەكانی تری وەكو چیمەنتۆ و شیش.

بێگومان ئەو بڕیارە زیانەكەی لەوەدایە ئەگەر كارگەكانی كوردستان بچنە ئەوێ پارەیەكی زۆریان دەڕوات، ئەگەر نەشچن و پابەند نەبن بەغدا رێگە نادات بەرهەمەكانیان بچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەمەش زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت و كاڵاكانیان ساخ نابێتەوە و ناچار دەبێت كاركەگانیان دابخەن.

لە هەموو دونیا بۆ پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی باج دەخرێتە سەر كاڵاو بەرهەمی دەرەكی بەڵام ئەوە لە كوردستان ئەوە نەبووە ئەوەش وای كردووە بەرهەمی ناوخۆ پاشەكشە بكات و نەتوانێت لەبەر تێچووی زۆر كێبڕكێ لەگەڵ كاڵای بیانی بكات.

بۆیە پیشەسازیكاران و خاوەن كارگە خۆماڵیەكان لە نێوان بەرداشی هەولێر و بەغدا زیانی زۆریان بەردەكەوێت كە دواجار ئەوەی زیان دەكات بەرهەمی نیشتمانی و ئابووری خۆماڵیە كە دەبێت خەمی جددی لێ بخورێت و چیتر نەبێتە سوتماتكی ئەو بەرداشە.

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .