بەشدارییەكی تەندروست بۆ حوكمڕانیەكی دروست

  یەک شەممە, 11 ئازار 2018 15:12

 

جەوهەری سەرەكی لە سیستمی راستەقینە بەشداربوونی سیاسیە لەژێر سێبەری دیموكراسییەكی هاوچەرخ، پاڵپشت بە پرنسیپ و بنەماكانی یاسا، كە ڕادەربرین وبەشداری سیاسی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بەئاشتی و حەقیقی بەرجەستە دەكات و پەیوەندییە سیاسیەكان لە نێو حزب و رێكخراوەكان لە لایەك و كۆمەڵگە لە لایەكی تر رێكدەخات.

دیوكراسی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەمانای بەشداربونی هاوڵاتیان دێت كە ڕۆلێكی گرنگ دەبینن لە پرۆسەی گۆرانكاری سیاسی و دروستكردنی بریاری سیاسی و هەڵبژاردنی سەركردەی حەكیم و نوێنەری رەشید لە سەر ئاستی لۆكاڵی و نیشتمانی لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان ، ئەمەش پێویستی بە چالاكی یەكی بە هێزی جەماوەری و رێكخراوە مەدەنیەكان و ئەو حزب و لایەنانە هەیە كە لە رابردوو دورو نزیك بەشداریان لە حوكمڕانی نەكردوە یان بەلانی كەم پشكیان لە شكەستی حوكمڕانی ئەم هەرێمە نەبوبێت. بۆئەوەی بتوانن دەروازەیەك بۆ گۆرینی عەقلیەتی خێڵەكی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بدۆزنەوە كە ببێتە وێنەیەك هەموو داخوازییەكانی تاك و كۆمەڵگەی لێ بەدی بێت لە كوردستان و پشك و شایستە دارایی و پێگەی سیاسی هە رێم لە بەغدا بپارێزرێ .

ئامانج لە بەشداری سیاسی ، چالاكردنی پرۆسی هەڵبژاردنە ، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نە تەوییەكانمان لە پێناو خزمەتكردنی كۆی پیكهاتەكانی كۆمەڵگەبە بێ جیاوازی لە رێگەی بنەماو دەزگا شەرعیەكان و هاندانی هاونیشتمانان بۆئەوەی زۆرترین دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردن بكات، چونكە دەبێتە هۆی لەدایكبوونی دەسەڵاتەكان لە سەرووی هەموویانەوە دەسەڵاتی تەشریعی كە نوێنەری راستەقینەی گەلە، هەر لەوێوە ستراتیجیەتی خزمەتكردنی راستەقینەی خەڵك بەیاسا دەكرێت كە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندی رۆژانەی هاوڵاتیان.

بۆئەوەی دیموكراسی و دادپەروەری راستەقینە بێتە دی ، زەروورە لەم قۆناغەدا هەمووان كاربكەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری سیاسی تاكی كوردی بۆ فراوانكردنی بەشداری سیاسی ئەمەش بە بێ بەشداری میللەت نایتە دی . چونكە ئەمرۆ باشترین هەلە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵات و حكومەتە بكەینە نێچیر و بوێرانە و بەرپرسانە كۆی كۆمەڵگە بریاری خۆی بدات لە پێناو پێكهێنانی حوكمڕانیەكی تەندروست و رێكخستنەوەی باری لاری سیاسی و دروستكردنی كۆ دەنگیەكی نیشتمانی و گەڕاندنەوەی پێگەی كورد لە ناوەند ، ئەمەش تەنها بە بەشداری دەنگدەر دەبێت كە پێویستە رێز لە ڕاو بریاری بگێرێت و هە روها گوێی لێ بگێرێت ئەگەر كە مینەش بوو بەڵام پێویستە بپارێزرێت لە هەیمەنەی زۆرینەی خۆسەپێن .