ڕووی كه‌ره‌م و مه‌نزڵگای غه‌ریبان (هه‌ولێر)

 

زۆجار كه‌ بابه‌تگه‌لی مێژوویی له‌ هه‌مبه‌ر باسی ئه‌م شاره‌دا ده‌خوێنمه‌وه‌.، له‌ زۆرێك له‌ مه‌واقیفدا دڵشاد ده‌بم، ئه‌هلی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ سه‌روه‌ریگه‌لێكی جوانیان تۆمار كردووه‌، هه‌ر له‌مێژووی كۆنه‌وه‌ بگره‌ ساتێ كه‌ باسی هۆلاكۆ و به‌زینه‌كه‌ی ده‌كرێ.،. هه‌ر له‌ مێژووی ئیسلامییه‌وه‌ بگره‌ ساتێ كه‌ باسی دینداری و عاشقی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ بۆ ره‌سولی نازداریان ده‌كرێ(د.خ)..
جا وه‌ره‌ سه‌ر مێژووی نوێ و سه‌یری رووداوی جه‌رگبڕی هه‌ڵه‌بجه‌ و موقیفی ئه‌م شاره‌ بكه‌، چ جوانیێك به‌دی ده‌كه‌ی! تا ئه‌م ساته‌ش له‌ له‌خۆگرتنی غه‌ریبان و دڵكراوه‌یی ده‌گه‌ڵ ئه‌هلانی تر،جوانی ناخی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌..
رووداوی هۆلاكۆ..نه‌به‌ردی و قاره‌مانی نیشان ده‌دات.. گه‌رچی به‌نده‌ نزانم بۆچ خه‌ڵكگه‌لێك فۆبیایی به‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ و هه‌ر ساتێ باسی ئه‌وه‌ بكرێ قه‌ولی راست نییه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئه‌و وابێ گه‌وره‌یی شارێكی تر، ئه‌و كه‌م ده‌كات!
له‌ مه‌ولودی نه‌بی موحه‌ممه‌ددا(د.خ)كه‌م ده‌بینیت له‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ عاشقتر،.
له‌سه‌رده‌می زوڵم و سته‌میشدا جه‌نابی دایكم بۆی گێرامه‌وه‌:- وه‌قتێ له‌ 1988 رژێمی فاشی زاڵم هه‌ڵه‌بجه‌ كیمیاباران ده‌كات.،خه‌ڵكی عه‌زیزی ئه‌و شار(كه‌ به‌ تێروانینی به‌نده‌ له‌ خولق و كه‌ره‌مدا و له‌ فیكر و موحافیزكاریدا، له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن) ئاواره‌ی هه‌ولێر ده‌بن و رژێم له‌ جێگاێكی دووره‌ده‌ست فرێیان ده‌دات، هه‌ولێریان به‌ په‌له‌ په‌ل به‌هانایان ده‌چن، به‌ راده‌ییێك دایم ده‌ڵێ دایكم ده‌ستی به‌ ماڵدا هێنا و چی شتی باش و چاكه‌ بۆ ئه‌وانی برد..هه‌ر له‌ لانك و پێداویستی گه‌وره‌ی ناوماڵه‌وه‌ بگره‌ تا ساده‌ترین شت.. به‌ بینینی و بیستنی ئه‌م به‌سه‌رهاتانه‌.. سه‌مفۆنیای جوانی ئاوازی خۆی په‌خش ده‌كات و دونیا جه‌ماڵی پێ ده‌به‌خشرێ.. مع العلم رژێم زێده‌ له‌ راده‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا خه‌ڵكی شار بتۆقێنن و به‌هانای برایانیانه‌وه‌ نه‌چن، وه‌لێ ئه‌وانه‌ نه‌ك نه‌بوونه‌ته‌ رێگر به‌ڵكو هانده‌رێكی زۆر چاكیش بوون، شه‌رمه‌ كه‌سێك ئه‌م رووداوانه‌ بخوێنێته‌وه‌ و ته‌عه‌سوب و رق له‌ دڵا هه‌ڵگرێ.، رق له‌یه‌ك تاقه‌كه‌س دڵت ده‌كات به‌ زێراب چ جای ئه‌هلی یه‌ك مه‌مله‌كه‌ت..
-غایه‌تی من ئه‌وه‌یه‌، با مه‌حه‌به‌ت په‌خش بێت و دڵمان به‌ گه‌وره‌یی ئه‌وانی تر خۆش بێ، ته‌عه‌سوب و ده‌مارگیری وه‌لا بنرێ..
هه‌ر حه‌دیسی نازداری سه‌رداره‌(د.خ) فه‌رمانی لادانی ته‌عه‌سوب ده‌كات،.
-ده‌رگای دڵان بكه‌نه‌وه‌ و حه‌دیسی سه‌رداری نازدار(د.خ)له‌ هزراندا بچه‌سپێنن و دڵانی پێ ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌..
-زوڵم و سته‌م نه‌ك ته‌نێ لای ئه‌هلی هه‌ولێر ، به‌ڵكو لای هه‌موو قه‌بیلی ئه‌كراد ته‌حه‌مول نه‌كراوه‌ و له‌دژی راپه‌ریون، له‌ رانیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌.. تا ئازادی باڵی به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا كێشا..
له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ش غه‌ریبان زێتر هه‌ستیان به‌ ئارامی كرد له‌م شاره‌، . زۆرن ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌ی تر و شاری تر و تائه‌به‌د قه‌راری گیرسانه‌وه‌یان لێره‌ داوه‌..
ئێمه‌،خه‌ڵكی بادینانین، 22 ساڵه‌ له‌ناو ئه‌م غه‌ریب دۆستانه‌داین و بۆ ساتێكیش هه‌ستمان به‌ بێگانه‌یی خۆ نه‌كردووه‌.. هه‌ولێریشمان به‌ شاری خۆمان زانیوه‌..
په‌روه‌ردگارا.. ئارامی به‌سه‌ر هه‌موواندا په‌خش بكه‌..
مه‌رگ و ژین میسلی سێبه‌ر و تاوه‌..
ئه‌وه‌ی باقی بمێنێ هه‌ر ناوه‌..
ناوتان هه‌ر باقی بمێنێ خه‌ڵكی شاری غه‌ریب دۆستان..