ھەڵەبجە ببەن بۆ داڤۆس!

  پێنج شەممە, 15 ئازار 2018 09:22

ئێستا کە چەند ساتێکی کەمی ماوە بۆ پیشوازی کردن لە (٣٠)ی ھەمین ساڵۆگەرى کیمیابارانی ھەڵەبجە ، گەلى کورد و بەتایبەت تر کەس و کاری شەھیدان بە تاسەوە چاوەرێی ھاتنی یادی ئەو ڕۆژانە دەکەن کە بە بەرچاویانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەس و ئازیزانیان یەک بە یەک ڕۆحیان بە فریشتەکان دەسپارد.

بریا بۆ ئەمساڵ یادى کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجە لە داڤۆس بکرایەتەوە، بۆ ئەوەى هەریەکە لەسەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و بەرپرسانى ترى باڵاى کورد بەشدارى یان لەو میهرەجانەدا بکردایە، چونکە ئەوە بۆ چەندین ساڵە بەهۆى سەرقاڵ بوونى سەرۆکى حکومەت بە کاروبارى ڕۆژانەى خەڵک و پرۆژە گەورەکانەوە نەیانتوانیوە لەگەڵ خەڵکى هەناسەساردى هەڵەبجەدا بەشدارى لەو یادە دابکەن و بەفیعلى بەشدار بن و لەمسى ئێش و ئازارەکانى کەس و کارى شەهیدان و خەڵکى ماندووى ئەو شارە خاپوور کراوە بکەن.!!!

بۆیەش دەڵێم داڤۆس، چونکە سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم زۆر ڕۆح سوکانە و ئازایانە هەموو ساڵێک چەندین وڵات و چەند قارەیەک دەبڕن تا بەشدارى کۆنگرە نێودەوڵەتیەکانى داڤۆس بکەن!!!.

ئەوەی کە یادەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کۆی کارەساتەکانی تری کوردی بە بچوکی ھێشتۆتەوە و سنورى نێودەوڵەتى تێنەپەڕاندووە ، بێ ئیحساسی و بەشداری نەکردنی سەرکردە ھەرە باڵاکانی حکومی و حزبیە لە بۆنە و ڕێ و ڕەسمەکاندا و بە بچوک تەماشاکردنیەتی لەلایەن سیاسی و دەست رۆیشتوەکانی کوردەوە نەک خودی کارەساتەکە بچوک بێت.

گەلێک سەرکردەکانی خۆی بە بایەخەوە گرنگی بە کارەساتەکانی نەدات و غیاب بن لە بەشداری کردن دا، ئەکرێت گلەیی و گازندە لەخەڵکی تر بکرێت کە گرنگی بە دۆسیەکانی کورد نادەن و وەک جینۆساید تەعامولی لەگەڵ دا ناکەن؟!.

ئاخر گەلی براینە ئەوەی کە تا ئێستا ھۆلۆکۆستی بەگەورەی و زیندویتی ھێشتۆتەوە دوای ئەو مێژووە درێژە ، گەورەیی خودی کارەساتەکە نیە ، بەڵکو گەورەی سەرکردەکانی جولەکەیە کە زیاد لەخۆی کار لەسەر روداوێکی مێژووی دەکەن ، کە چەند دەیەیەک لەمەوپێش ڕویداوە و تائێستاش جولەکەکان بەردەوامن لە چنینەوەی بەرھەمەکانی ئەو روداوە.

لەسالی (١٩٥٠ ) ەوە ھیچ ساڵێک یادی ھۆلۆکۆست نەکراوەتەوە، بەبێ بەشداری سەرکردە ھەرەباڵاکانی جولەکە، بەمانایەکی تر بۆ ھەموو یادێکی ھۆلۆکۆست دەسەڵاتی یەکەمی جولەکە بەشداری رێ و رەسمەکەی کردووە، تا بە گەورەیی ئەو کارەساتە نیشانی جیھان بدەن کە دواتر بوویە ھەوینی دروست بوونی دەوڵەتەکەشیان.

بێگومان کاتێک کەسەرکردەیەى یەکەمى وڵاتێک بە بایەخەوە گرنگى بە ڕوداو کارەساتەکانى نەتەوەکەى دەدات، ئەمە دەبێتە کاراى یاریدەدەر بۆئەوەى چەندین سەرکردە و خەڵکى ئاست باڵاى ترى وڵاتان بەشدارى لەو پرۆسەیەدا بکەن و بە بایەخەوە تەماشاى بکەن.

گرنگە لە ئێستاوە سەرکردەباڵاکانى کورد لەرێگەى نمایشى مەزڵومیەتى گەلى کورد و کارەساتەکانى کار بۆ داهاتووى خۆى بکات و چیتر لەمەزیاتر خەمساردانە و بێ بایەخانە تەماشاى ئەم پرۆسەکانى قەڵاچۆکردنى کورد نەکەن.

زانا ئەحمەد عەلی

زانا ئەحمەد عەلی لەدایك بووی ساڵی( 1980)ی هەڵەبجەی شەهید
دەرچوی بەشی كۆمەلناسی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی 2006 دا
لەساڵی( 2005)یشەوە هەتا ئێستا سەرقاڵی كاری رۆزنامەنوسی یە و لەچەند میدیایەكی بینراو نوسراودا كاری رۆژنامەنوسی كردووەو ئیستاش بەردەوامە.
لەساڵ( 2006)یشەوە دەستی بە وتار نوسین كردووە , لەزۆربەی روداو بیشهاتەكاندا لەریكەی وتارەكانیەوە بۆجونی خۆی دەربریوە و راشكاوانە قسەی خۆی كردووە.
وەك كەسێكیش كە لەناو تاڵی وسویریەكانی ژیانی دوای كیمیاباراندا ژیانی بەسەر بردووە و بەواقعی لەمسی دەرهاویشتەكانی ئەو روداوەی كردووە, هەربۆیە توێژینەوەیەكی تێروتەسەلی ئەنجام داوە بەناوی رەهەندە سۆسیۆلۆژیەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە .