مينه‌كانى ناو ده‌ستور و له‌ده‌ستدانى سه‌رۆكايه‌تى كۆماريش

  پێنج شەممە, 15 ئازار 2018 14:12

 

كورد به‌ رووكه‌ش شه‌ريكى سه‌ره‌كى ده‌سه‌ڵاتى سياسى و ده‌وڵه‌تدارى و حكومه‌تى جێبه‌جێكاره‌ له‌ عێراق، به‌ناو پێى يه‌ژن پێكهاته‌يه‌كى سه‌ره‌كى وڵات، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا شه‌ریكێكى ره‌مزييه‌ و هيچى تر، هاوڵاتييه‌كه‌شى خه‌ڵكێكى سه‌ربارى به‌رده‌سته‌ له‌ ديدى ئه‌و پێكهاته‌كانى تره‌وه‌. ئه‌وه‌ى ئێستا پاساو و به‌يانووى ده‌ستورى و ياسايى، حكومه‌ت و پارته‌ سياسى و پێكهاته‌كانى ترى عێراق به‌ كوردى ده‌كه‌ن، بۆ سبه‌ێنى قورستر و گرانتر چاوه‌ڕێى كورد ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌يكه‌ن، ده‌رچه‌و ده‌رفه‌تێكى ده‌ستورى و ياسايى بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى كورد داواى ده‌كات، به‌زۆرينه‌ى په‌رله‌مانى و ملهوڕى سياسى ره‌تيده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌درێژايى هه‌موو چه‌ند خولى په‌رله‌مانى دواى مه‌جليسى حوكمى عێراق، كورد هه‌موو خولێك كۆمه‌ڵێك پێگه‌و ده‌ستكه‌وتى سياسى و پۆستى گه‌وره‌ و پله‌ى سه‌ربازى گرنگى له‌ده‌ستداوه‌، بۆيه‌ ئه‌گه‌ر خولى نوێى ئاينده‌ى په‌رله‌مان، كورد يه‌كپارچه‌يى و يه‌كگرتووى خۆى له‌وه‌ زياتر له‌ده‌ست بدات، هاوكات به‌يه‌كگرتوويش ياريكه‌رێكى باش نه‌بێت، پاڵپشتى ده‌ره‌كى و ناوخۆى گه‌وره‌ له‌ خۆى كۆنه‌كاته‌وه‌، يه‌كێك له‌و پۆستانه‌ى ترى ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانى هه‌يه‌، پۆستى سه‌رۆكى كۆماره‌.

ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار لاى كورد بووه‌، هێشتا دواى چه‌ندين ساڵ لە ده‌رچوونى ده‌ستورى هه‌ميشه‌يى عێراق، ياساى رێكخستن و دياريكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك كۆمار ده‌رنه‌كراوه‌، بێگومان ئه‌و پۆسته‌ بكه‌وێته‌ ده‌ستى هه‌ر پێكهاته‌يه‌كى ترى ديارى عێراق، به‌ياسايه‌ك چه‌ندين ده‌سه‌ڵات ده‌خه‌نه‌ ژێر ده‌ستى. دياره‌ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار به‌پێى ده‌ستور ديارينه‌كراوه‌، بۆكام پێكهاته‌ى سياسى و نه‌ته‌وه‌ى و ئاينى عێراق ده‌بێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌يه‌ كه‌ ئه‌و پۆستانه‌ به‌پێى رێكه‌وتنێكى سياسى نێوان لايه‌نه‌كان دراوه‌ته‌ پێكهاته‌كان، ئه‌گينا هيچ بڕگه‌و ماده‌يه‌كى ده‌ستورى نييه‌، مافى پێدان و دابينكردنى هيچ پۆستێكى باڵاى حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانى عێراق بۆ كورد دابين نه‌كردووه‌.

به‌پێى ماده‌ى (70/ يه‌كه‌م) له‌ ده‌ستورى عێراق، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران (په‌رله‌مان)ى عێراق، يه‌كێك له‌ نێوان دوو كانديد بۆ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێڕێت، به‌ زۆرينه‌ى ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران، ئه‌گه‌ر له‌ خولى يه‌كه‌مى ده‌نگداندا، هيچ كانديدێك ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگى زۆرينه‌ى پێويستى نه‌هێنا، ئه‌وا له‌ خولى دووه‌مدا، يه‌كێك له‌و كانديدانه‌ كه‌ زۆرينه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت، وه‌ك سه‌رۆك كۆمار راده‌گه‌يه‌نريت.

دياره‌ كاتێك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌وكات سه‌رۆك كۆمار به‌پێى ئه‌حكامى ماده‌ى (76/يه‌كه‌م) كانديدى گه‌وره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانى راده‌سپێرێت، بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى حكومه‌تى عێراق، واته‌ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى عێڕاق بۆ پێكهاته‌ى عه‌ره‌بى شيعه‌ ، به‌پێى ده‌ستور يه‌كلايى بووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى له‌ناوخۆياندا چه‌ند رێنه‌كه‌ون، به‌ڵام دواجار بژارده‌يان هه‌ر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌سێكى پێكهاته‌كه‌ى خۆيان، به‌هيچ شێوه‌يه‌ك و بۆ هيچ پێكهاته‌يه‌ك، مساوه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ناكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانيش .

به‌پێى په‌يڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى عێراق، ماده‌ى (7/ يه‌كه‌م) سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مان كه‌ به‌ته‌مه‌نترين په‌رله‌مانتاره‌، ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى ده‌كاته‌وه‌، ديسانه‌وه‌ به‌پێى بڕگه‌ى دووه‌مى هه‌مان ماده‌ى په‌يڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان، سه‌رۆك و جێگره‌كانى به‌ زۆرينه‌ى ده‌نگى ره‌هاى په‌رله‌مانتاران له‌ ده‌نگدانى نهێنى راسته‌وخۆدا هه‌ڵده‌بژێردرێن. زياتر له‌ خول و نيوێكه‌ زۆرينه‌ى سياسى و سه‌ركرده‌ دياره‌كانى عێراق، دواى ئه‌وه‌ى پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتيان له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌ سياسى و ديبلۆماتى و حزبييه‌ ده‌ره‌كييه‌كانيان به‌هێزبووه‌، بانگه‌شه‌ى شكاندنى توافقاتى سياسى و به‌ڕێكردنى كارى حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تدارى عێراق ده‌كه‌ن، له‌لايه‌ن زۆرينه‌ى سياسييه‌وه‌، بێگومان ئه‌وە ته‌نها كورده‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگ و سه‌نگ و كورسى نييه‌، كه‌ پێكهاته‌كانى ترى په‌ناى بۆ ببه‌ن، بۆئه‌وه‌ى خۆيان بده‌نه‌ پاڵى كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ دروست بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ گه‌ورانه‌ به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت لێره‌دا جه‌ختى له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌يه‌ كورد سه‌ره‌ڕاى په‌رته‌وازبووه‌ن و لاوازبوونى پێگه‌ سياسى و ديبلۆماتييه‌كه‌ى له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق، له‌ ئاينده‌دا له‌به‌ر كه‌مكردنى كورسييه‌كانى، به‌تايبه‌ت دواى له‌ده‌ستدانى ناوچه‌ كوردييه‌ جێناكۆكه‌كان، ناتوانێت ببێته‌ خاوه‌نى ئه‌و پێگه‌و هێزه‌ سياسى و په‌رله‌مانييه‌ى ئه‌و پۆسته‌ گرنگانه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌، ره‌نگه‌ يه‌كه‌مين پۆستى كه‌ ببێته‌ قوربانى په‌رته‌وازه‌يى ناوماڵى كورد پۆستى سه‌رۆك كۆمار بێت، هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها پۆست و ده‌سه‌ڵاتێكى ره‌مزييه‌.