تەنها هەڵەبجەییەكان خۆیان دەتوانن خۆیان دروست بكەن ..!

  هەینی, 16 ئازار 2018 12:27


لەبری ئەو هەموو چاوەڕوانیەی خەڵكی هەڵەبجەی شەهید بەدرێژایی زیاتر لە ڕوبعە سەدەیەك لە حكومەتی هەرێم هەیانبوە و هەیانە ، ئەگەر خۆیان بەهاوكاری پارەدار و سەروەتمەندەكانی ئەو شارە و بە ڕاگەیاندنی كەمپەینی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكی مادی و مەعنەوی لە پێناو ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەكە و نەهێشتنی ئاسەواری كاولكاری و پاككردنەوەی ژینگەكەی ، كە جێكەوتەی سەلبی دەرونی و سایكۆلۆژی قووڵی لەسەر بەشێكی زۆری خەڵكەكەی جێهێشتووە ، دەتوانرا زۆر باشتر و جوانتر هەڵەبجە بكرێتەوە بەهەڵەبجەكەی جاران ، بەبێ مانەوەی سواڵكەرانە لە چاوەڕوانی مەرحەمەتی ئەو حكومەتە كڵۆڵ و هیچ لەبارا نەبووەدا و بەبێ گوێگرتن لە مننەت كردنی حیزب و حكومەت بەو ووردە پرۆژانەی كە ئەنجامی داون بە نیوەناچڵی ..ئاخر هەڵەبجە بەو مێژووە دور و درێژە لە بەرخودان و قوربانیدانە ، بەو هەموو كەسایەتیە سیاسی و كەڵە ئەدیب و نوسەرە ، كەی شایستەی ئەوەیە ئاوا كزوڵانە ئەو ماوە درێژە چاوەڕێی لوتفی حكومەت بكات تا بەڵكو دڵی نەرم بێت و شتێكی بۆ بكات !؟!؟

شورەیی نیە بۆ هەڵەبجەیەك كە بویە ناسنامەی مەزڵومیەتی گەلی كورد ، كاتێك دوو سەد مەتر قیر و شۆستەی بۆ دەكرێت یان قاعۆچكەیەكی پڕ لە كەم و كورتی بۆ دروست ئەكرێت یان بریندارەكانی بە پاص و بە ماوەی هەژدە كاتژمێر دەنێرێتە ئێران بۆ چارەسەر ، بۆ شەوەكەی لە دەیان ڕاپۆرت و هەواڵی تەلەفزیۆنی باسی ئەو كارە بچوكانە بكرێت و بدرێتەوە بە نێوچاوی خەڵكەكەیدا .!؟


ئەگەر چی ئەوەی ووتم نەكراوە ، بەڵام ئێستاش نەچوە بچێت ، دەكرێت خەڵكی شارەكە لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە و بەهاوكاری دەوڵەمەند و سەرمایەدار و كەناڵە ئیعلامیە جددییەكان و كەسایەتیە دیار و ناسراوەكانی شارەكە لەدەرەوەی هەڵەبجە و ناوەوەی هەڵەبجە لە كوردستان و هەندەرانیش ، دەست لە دەست كەمپینێك ڕابگەیەنن لەژێر ناوی (هەڵەبجە دەكەینەوە بە هەڵەبجە) یان هەر ناوێكی تر .. هاوكات لیژنەیەكی دڵسۆز و خەمخۆر ئیدارەی كارەكە بكات كە خەڵكی پسپۆڕی بوارە جیاكانی ئاوەدانكردنەوە و ژیانسازی تێدا بێت و بەهیچ شێوەیەك و لەهیچ گۆشەیەكەوە نەهێڵن تارمایی حیزب و حكومەت و قەرینەكانیان بكەوێتە سەر كەمپینەكە ..


دڵنیام دەنگدانەوەیەكی باشی دەبێت و لەماوەیەكی قیاسیدا دەتوانرێت ئەوەی حكومەت بە (30) ساڵ كردویەتی (هەنێكی بەسەقەتی) لەماوەی ساڵێكدا بكرێت ..


دواتر بۆ پاراستنی ئەو نازناوەی كە هەڵەبجە هەیەتی لەوەی كە پایتەختی ئاشتیە و شاری پێكەوەژیانە ، بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بەهیچ حیزبێك نەدرێت لەناو شارەكەدا مقەڕ و بنكە و بارەگا بكەنەوە ، و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئاهەنگی حیزبی لەو شارەدا نەدرێت ..

 

راستگۆ محەمەد

ڕاستگۆ محەمەد عەلی
لەدایكبووی 1983 – هەڵەبجەی شەهید
دەرچووی كۆلێژی یاسا – زانكۆی سلێمانی (2006)
دانیشتووی شاری هەولێر
خاوەن چەندین بابەت و وتار و لێكۆڵینەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەكانی هەرێمی كوردستان