حوکمی شەرعی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان

  پێنج شەممە, 19 نیسان 2018 15:56

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەندێ جار پرسیاری ئەوەمان لێ دەکرێ ئایا دروستە بەشداری لە دەنگدان وهەڵبژاردن بکەین؟.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند خاڵێکدا دەڵێین...وباللە التوفیق..:

خاڵی یەکەم:
دەنگدان وهەڵبژاردن یانی دەستنیشانی نوێنەری خۆت و پشتیوانی لێ کردنی بۆ هەستان بە ئەرک و وەزیفەیەک کە بریتیە لە دەرکردنی یاسای چاک و باش بۆ بەرژەوەندی خەڵک...بە مەرجێ پێچەوانەی شەرعی خوا نەبێ... و بەرگری کردن لە مافەکانیان و چاودێری کاروباری حکومەت و وەزارەتەکان، متمانەبەخشین بە پۆستە باڵاکان.
ئەمە ناوەڕۆکی هەڵبژاردنە.

خاڵی دووەم:
ئەگەر تەماشای ئەو مێژووە بکەین کە قورئان باسی دەکات دەبینین هەڵبژاردن و دەنگدان و دەربڕینی پشتیوانی بۆ کەسێک هەر لە سەردەمی دروست بوونی ئادەم پێغەمبەرەوە پەیدا بووە.
ئەوەتا خوای گەورە ئادەمی هەڵبژاردووە و داوا لە فریشتەکان دەکات کە پشتیوانی ئادەم و نەوەکانی بن لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکەی پێ ی سپێراوە کە ئەرکی خیلافەتی سەر زەوییە.
بۆ دەبڕینی پشتیوانی بۆ ئادەم داوا لە فریشتەکان دەکات سوجدەی ڕێز و حورمەت و پشتیوانی بۆ ئادەم بەرن.
{وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَىٰ وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ} [البقرة : 34].
ئەم سوجدە بردنە جۆڕێکە لە دەنگدان چونکە بۆ پشتیوانیە لە ئادەم تا ئەرکەکەی بە چاکی جێبەجێ بکات.
دیارە شەیتان ئامادە نیە سوجدەی بۆ بەرێ و پشتیوانی لێ بکات، چونکە خۆی بە چاکتر و باشتر دەزانێ بۆ ئەرکی خیلافەت.

خاڵی سێیەم:
ئەوەی قورئان بۆ مان باس دەکات شێوازی سوجدە بردن بۆ کەسێ بەمەبەستی دەنگدان و پشتیوانی لێ کردنی تا سەردەمی یوسف پێغەمبەر بەردەوام بووە
ئەوەتا خودا دەفەرموێ:
{إِذْ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَا أَبَتِ إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِي سَاجِدِينَ} [يوسف : 4]
یان دەفەرموێ:
{وَرَفَعَ أَبَوَيْهِ عَلَى الْعَرْشِ وَخَرُّوا لَهُ سُجَّدًا ۖ وَقَالَ يَا أَبَتِ هَٰذَا تَأْوِيلُ رُؤْيَايَ مِن قَبْلُ قَدْ جَعَلَهَا رَبِّي حَقًّا ۖ...} [يوسف : 100].

خاڵی چوارەم:
لە سەردەمی پێغەمبەری خۆشەویستمان و خولەفای راشیدین ودواتریش شێوازی دەنگدان وپشتیوانی کردن لە کەسێ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک دەگۆڕێ بۆ شێوەی (بەیعەت) کە بریتیە لە دەست خستنە ناو دەستی کەسی هەڵبژیراوە.
لە سەردەمی نوێدا شێوازێکی تر پەیڕەوی دەکرێ بۆ دەنگدان و پشتیوانی کەسێ بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتیەک، ئەویش وەرەقەیەکە و دەخرێتە ناو سندوقێکەوە.
لەوانەیە لە داهاتودا ئەوەش نەمێنێ و شێوازی نوێ بێتە پێشەوە، بۆ نمونە لە ماڵی خۆت بچیتە سەر ماڵپەڕی کۆمیسێونی هەڵبژاردن و دەنگ بە قەوارە و کاندیدێک بدەی.

خاڵی پێنجەم:
کەواتە شێوازی دەنگدان جێگیر نیە، گرنگ ئەوەیە ئێمە بزانین ناوڕۆکی دەنگدان چیە؟.
دەنگدان شایەتی دانە کە ئەو کەسە شایەنی ئەو ئەرک پۆستەیە خۆی بۆ کاندید کردووە.
ئەو شایەتی دانە دەبێ بەم جۆرە بێ:

۱.دەبێ بۆ خوا بێ، و بە مەبەستت ناردنی کەسی پاک و چاک و خزمەتکار و دینداربێ بۆ ئەو شوێنە.
وەک خوا دەفەرموێ:
{...وَأَشْهِدُوا ذَوَيْ عَدْلٍ مِّنكُمْ وَأَقِيمُوا الشَّهَادَةَ لِلَّهِ ۚ ذَٰلِكُمْ يُوعَظُ بِهِ مَن كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ۚ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا} [الطلاق : 2]

۲.نابێ شایەتی حەق و ڕاست بۆ کەسی بۆ خوا سوڵحاو و ڕاستگۆ و دەسپاک بشاریتەوە و بڵێی دەنگ بە کەس نادەم، چونکە ئەوە تاوانە.
خوا دەفەرموێ:
{...وَلَا تَكْتُمُوا الشَّهَادَةَ ۚ وَمَن يَكْتُمْهَا فَإِنَّهُ آثِمٌ قَلْبُهُ ۗ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ عَلِيمٌ} [البقرة : 283].

۳.دروست نیە کەسێک بانگ کرا بۆ شایەتی دان و دەنگدان کە ئەویش جۆڕێکە لە شایەتی دان نەچێ بەدەم بانگهێشتەکەوە.
وەک دەفەرموێ:
{.. ۚ وَلَا يَأْبَ الشُّهَدَاءُ إِذَا مَا دُعُوا ۚ .. } [البقرة : 282].
چونکە هەستان بە ئەنجامدانی شایەتی وەک خۆی ئەرکی مرۆڤی باوەڕدارە.
وەک دەفەرموێ:
{وَالَّذِينَ هُم بِشَهَادَاتِهِمْ قَائِمُونَ} [المعارج : 33].

٤.نابێ شایەتی ناحەق بدەی، بۆ نمونە دەنگ بدەی بە کەسێ ناپاک و گەندەڵ و درۆزن و فێڵباز وخۆفرۆش و خاک فڕۆش و پرۆژەی عەلمانی و دژە ئاین، با ئەو کەسە نزیکترین کەست بێ کە باوک و دایک و برا و خوشکت بێ.
تەنانەت ئەو کەسە ئەگەر خۆی چاک بێ و شیاو بێ، بەڵام لە لیست و حیزبی عەلمانی و دژە ئاین بێ، پشتیوانی کردنی و دەنگی پێدانی دروست نیە.
ئەوەتا خوا دەفەرموێ:
{۞ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ ۚ } [النساء : 135].
{وَالَّذِينَ لَا يَشْهَدُونَ الزُّورَ وَإِذَا مَرُّوا بِاللَّغْوِ مَرُّوا كِرَامًا} [الفرقان : 72].
واته: باوەڕداری ڕاستەقینە شایەتی دڕۆ نادات، بۆ کەسی درۆزن و بەرنامەی پووچ و تەوژمی دژەئاین.

خاڵی شەشەم:
هەندێ ناحاڵی دەڵێن: دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان...هتد. کوفرە و ڕێبازی جولەکە و مەسیحیەکانە بۆیە دروست نیە کەسی موسوڵمان بەشداری تێدا بکات.
ئەم قسەیە لە چەند لاوە پووچ بەتاڵە و دژە بە دەقەکانی ئیسلام ومەبەستەکانی شەریعەت:

یەکەم:
جارێ دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان...هتد. ئەمانە ڕێباز و مەنهەج نین، بەڵکو میکانیزم و ئامرازن، و میکانیزم و ئامرازیش خۆی حوکمی تایبەتی نیە، بەڵکو حوکمی ئەوان بە گوێرەی مەبەست و ئامانج و غایەتەکەی دەگۆڕێ وەک پێشەوا قەرافی و ابن القیم و زانایانی ئوسوڵی فیقە دەڵێن:
بۆ نمونە ناتوانین بڵێین: تەلەفزێون یان سەتەلایت یان ئینتەرنێت یان هەر وەسیلەیەکی تر حەرامە یان حەڵاڵە، بەڵکو دەڵێین: ئەمانە ئامرازن ئەگەر بۆ شتی باش و چاک بەکارهێنران ئەوە حەڵاڵە، ئەگەر بۆ خراپ بەکار دەهێنران حەرامە.
بەڵکو ئەگەر بۆ شتی واجب بەکار هێنران دەبنە واجب، وەک بەکارهێنانی بۆکاری بانگەوازی
خێرخوازی وئەو شتانە.
بەپێی بنەمای شەرعی( ما لایتم الواجب الا بە فهو واجب).
کەواتە: ئەگەر چونە پەرلەمان بۆ ئەوە بێ داکۆکی لە مافی خەڵک بکرێ و ڕێگری لە گەندەڵیو دزی فزی بکرێ، و بۆ ئەوە بێ یاسای چاک و باش دەربچێ کە دژی دەقەکانی ئاین نەبێ، و ئەگەر لیست وفراکسێونێک ویستیان یاسایەکی دژە ئاین دەر بکەن ئەوان ڕێی لێ بگرن، بەم جۆرە نیەت و مەبەستە خەڵکی چاک و باش واجبە لە سەریان بەشدار بن و واجبە لە سەر هەموو باوەڕدارێک پشتیوانیان لێ بکات و دەنگیان پێ بدات.
فەرموو ئەوە فەتوای کۆمەڵێ لە زانایان:
ــ فەتوای ابن تیمیە:
قال رحمه الله: (يجب أن يعلم أن ولاية الناس من أعظم واجبات الدين بل لا قيام للدين ولا الدنيا إلا بها .... فالواجب اتخاذ الإمارة دينا وقربة يتقرب بها إلى الله)
وقال رحمه الله (ولما غلب على كثير من ولاة الأمور إرادة المال والشرف وصاروا بمعزل عن حقيقة الإيمان في ولايتهم رأى كثير من الناس أن الإمارة تنافي الإيمان وكمال الدين، ثم منهم من غلب الدين وأعرض عما لا يتم الدين إلا به، ومنهم من رأى حاجته إلى ذلك فأخذه معرضاً عن الدين لاعتقاده أنه مناف لذلك وصار الدين عنده في محل الرحمة والذل لا في محل العلو والعز، وهاتان السبيلان الفاسدتان سبيل من انتسب إلى الدين ولم يكمله بما يحتاج إليه من السلطان والجهاد والمال، وسبيل من أقبل على السلطان والمال والحرب ولم يقصد بذلك إقامة الدين هما سبيل المغضوب عليهم والضالين).
وقال رحمە: (فالواجب على المسلم أن يجتهد في ذلك حسب الوسع فمن وُليِّ ولاية يقصد بها طاعة الله وإقامة ما يمكنه من دينه ومصالح المسلمين وأقام فيها ما يمكنه من الواجبات واجتناب ما يمكنه من المحرمات لا يؤاخذ بما يعجز عنه، فإن تولية الأبرار خير للأمة من تولية الفجار، ومن كان عاجزاً عن إقامة الدين بالسلطان والجهاد ففعل ما يقدر عليه من الخير لم يكلف ما يعجز عنه فإن قوام الدين بالكتاب الهادي والحديد الناصر). انظر مجموع الفتاوى ج28 ص 390-396.
پوختەی فەتواکە ئەوەیە: هەوڵدان بۆ دەستخستنی دەسەڵات یەکێک لە گرنگترین واجباتی ئاین، و دەبێ بە تاعەت و عیبادەت تێ ی بڕوانین، و دەبێ خەڵکی چاک و باش بنێرین، و بەگوێرەی توانا هەوڵی بەرپاکردنی شەریعەت ودەستەبەرکردنی بەرژەوەندی موسوڵمانان بدەین.

ــ فەتوای شێخ ابن باز
جاء في كتاب (معوقات تطبيق الشريعة الإسلامية) للشيخ مناع القطان رحمه الله حيث ذكر فتوى لسماحة الشيخ عبد العزيز بن باز رحمه الله رداً على سؤال: عن شرعية الترشيح لمجلس الشعب وحكم الإسلام في استخراج بطاقة انتخابات بنية انتخاب الدعاة والاخوة المتدينين لدخول المجلس فأجاب رحمه الله قائلاً : إن النبي قال: ( إنما الأعمال بالنيات وإنما لكل امرئ ما نوى) فلا حرج في الالتحاق بمجلس الشعب ( البرلمان) إذا كان المقصود من ذلك تأييد الحق وعدم الموافقة على الباطل لما في ذلك من نصر الحق والانضمام إلى الدعاة إلى الله، كما أنه لا حرج كذلك في استخراج البطاقة التي يستعان بها على انتخاب الدعاة الصالحين وتأييد الحق وأهله والله الموفق.
پوختەی فەتواکە ئەوەیە: کە هیچ مانع نیە بۆ خۆ کاندیدکردن وچوونە پەرلەمان ئەگەر مەبەست پێی پشتیوانی حەق و ڕێگرتن لە باتڵ بێ، چونکە لەوەدا پشتیوانی لە حەق و بانگخوازانی ڕێگای خوا دەکرێ.
شایەنی باسە فەتوای چەندین زانای تری وەک ابن عوسەیمین و قەرزاوی...هتد هەیە، بەڵام لەبەر درێژنەبوونەوەی بابەتەکە نەمان هینا.

دووەم
چەندین بەڵگەی شەرعی هەیە کە ئەو قسە پووچە هەڵدەوەشێنێتەوە کەنابێ خەڵکی موسوڵمان خۆی کاندید بکات بۆ چوونە پەرلەمان وحکومەت، و،خەڵکی موسوڵمانی ئاسایش نابێ بەشداری لە دەنگدان بکات لەو بەڵگانە:

بەڵگەی یەکەم:
یوسف پێغەمبەر بەشداری دەکات لە حکومەتێکی کافر و داوای پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارایی دەکات لە پادشای میسری ئەو کاتە.
{قَالَ اجْعَلْنِي عَلَىٰ خَزَائِنِ الْأَرْضِ ۖ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ} [يوسف : 55]
دواتریش دەبێتە (العزیز) واتە سەرۆک وەزیرانی ئێستا.
ئەوەتا کاتێ براکانی قسەی لە گەڵ دەکەن پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەیە.
{قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ إِنَّ لَهُ أَبًا شَيْخًا كَبِيرًا فَخُذْ أَحَدَنَا مَكَانَهُ ۖ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ} [يوسف : 78].
دەی خۆ دیارە سیستەمی حوکم لەو کاتەدا کە یوسف پێغەمبەر بەشداری کردووە سیستەمی کوفر بووە، و یوسف پێغەمبەر نەیتوانیوە هەموو شتێ بە شەو ڕۆژێ بگۆڕێ، وهەموو شتێ بە حەز و ویستی ئەو نەبووە، ودەسەڵاتی سنوور دار بووە، بەڵام لە گەڵ ئەوەدا بەشداری کردووە، چونکە زانیویەتی دەتوانێ وردە وردە خراپەکان کەم بکاتەوە و چاکە کان زۆر بکات، و ئاستی زوڵم و ستەم دابەزێنێ و ڕێژەی عەدالەت بەرز بکاتەوە.
ئەمەش ناوەڕۆک و مەبەستی ئیسلامە وەک ابن تیمیە دەڵێ: ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی زوڵم وستەم یان بە یەکجاری نەیهڵێیت، یان کەمی بکاتەوە.

بەڵگەی دووەم:
پێغەمبەری خوا پێش ئەوەی ببێ بە پێغەمبەر لە ماڵێک لە ماڵەکانی مەکەدا لە گەڵ خزمەکانی کە هەموویان موشریک بوون ئامادەی هاوپەیمانیەک دەبێ بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و سەندنەوەی مافەکانیان.
دواتر لە مەدینە شانازی بەم کارەی دەکات ودەفەرموێ: ولو دعیت في الاسلام لٲجبت.
واته: ئێستاش داوای کارێکی وام لێ بکەن قەبوڵی دەکەم.
دەی کەسێکی پاک و چاک و دیندار خۆی هەڵدەبژێرێ بۆ ئەم مەبەستەیە.

بەڵگەی سێیەم:
لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە یەکێک لەو حەوت دەستەو تاقمانەی کە لە ڕۆژی دوایی لە ژێر سێبەری عەرشی خودا دەحەسێنەوە( امام عادل).
دەسەڵاتدارێکی عادل و دادپەروەر، جا چ پۆستی سەرۆک کۆمار بێ یان سەرۆک وەزیران یان سەرۆکی پەرلەمان یان وەزیرەکان...هتد.

بەڵگەی چوارەم:
چواردە سەدەی مێژووی موسوڵمانان ئەوە دەسەلمێنێ کە هەمیشە موسوڵمانان ئاین و دەسەڵاتیان پێکەوە گرێداوە و جیایان نەکردووەتەوە.
ئەو قسەیەی کە دەڵێ: ئیسلام پەیوەندی بە سیاسەت ودەسەڵاتەوە نیە، گەورەترین بیدعەتە لە ئیسلامدا، و بیرۆکەیەکی شەیتانیە بۆ یەکەم جار زانایەکی ئەزهەری بە ناوی عەلی عبدولرەزاق دایهێنا و دواتر خۆی پەشیمان بوویەوە.
بوونی دەسەڵات یەکێکە لە واجباتی ئاین، چونکە
بەبێ دەسەڵات زۆرێک لە ئەحکامی شەریعەت پشتگوێ دەخرێ و جێبەجێ ناکرێ.
بۆیە خەلیفە عوسمان دەڵێ: ٳن اللە لیزع بالسلطان ما یزع بالقرآن.
واته: ئەوەی خوا بە دەسەڵاتدار ڕێی لێ دەگرێ بە قورئان ڕێی لێ ناگیرێ.
وهەروەها پێشەوا غەزالی دەڵی:
(الملك والدین توٲمان، فالدین ٲصل والسلطان حارس، وما ٲصل له فمهدوم، وما لا حارس فضائع) احیاء علوم الدین(۱؍۱۷).
واته: دەسەڵات و ئاین دوانەن، ئاین ئەسڵە و دەسەڵاتدار پاسەوان، و ئەوەی ئەسڵی نەبێ ڕوخاوە، و ئەوەی پاسەوانی نەبێ فەوتاوە.

بەڵگەی پێنجەم:
ابن تیمیە دەڵێ:( الشریعة جاءت بتحصیل المصالح وتكمیلها وتعطیل المفاسد وتقلیلها بحسب الامكان، ومطلوبها ترجیح خیر الخیرین ودفع شر الشرین) مجموع الفتاوی(۲۳؍۳٤۳).
کەواتە: هەوڵدان بۆ جێبەجێ کردنی شەریعەت بە گوێرەی توانا دەبێ و بەیەکجاری لە توانای کەسدا نیە و تەکلیفی ما لا یطاق.
من تەحەدای ئەو کەسە دەکەم لە زاتی خۆی وخێزان و منداڵی لەسەدا سەدی شەریعەتی جێبەجێ کردووە، بەڵکو لە سەدا هەشتا یان کەمتر، ئەی چۆن داوا دەکات لە وڵاتێک پڕ لە حیزب و لایەن و ئاین و ئاینزای جۆرا و جۆر و بەدەنگێکی کەمەوە سەد لە سەدی شەریعەت جێبیەجێ بکرێت؟!.
بەشداری لە هەڵبژاردن و پەرلەمان..هتد. بۆ دەستبەرکردنی بەرژەوەندییەکان و نەهێشتنی خراپە و گەندڵییەکان بە گوێرەی توانا و بۆ گونجان.

بەڵگەی شەشەم:
ئەوەی دەڵێ: دەنگدان وهەڵبژاردن کوفرە؟.
خۆی بزانێ یان نەزانێ فەتوادانە بەوەی موسوڵمان هەمیشە کۆیلە و زەلیلی بەردەستی دەسەڵاتداری ملهوڕ و بێ دین و خوانەناس و گەندەڵ و ستەمکار بێ.
چونکە ئەگەر موسوڵمانان دەنگ بە پیاوی چاک و پاک و دیندار نەدەن، سبەی ئەوانە پەرلەمان کۆنتڕۆڵ دەکەن و حکومەت پێدەهێنن، و هەر یاسایەک کە دژی خوا و ئاین و موسوڵمانانە دەریدەکەن و تۆی موسوڵمانیش دەبێ ملکەچ وسەرشۆڕی ئەوان بی؟.
سبەی ئەگەر لەپەرلەمان یاسایان دەرکرد کە ئافرەت نابێ با ڵاپۆش بێ لەفەرمانگە حکومی و زانکۆ و پەیمانگاکاندا، وەک ئەوەی لە تورکیای عەلمانی پێشتر کرا.
ئەو کات تۆ دەبێ یان ڕێگر بی لەژن وکچەکانت کە بچنە ئەو شوێنانە، کە ئەو کات مەحرووم دەبی لە خوێندن و بڕوانامە و تەعین بوون، یان دەبێ ڕێگای بدەی بە سەری ڕووتەوە بچێت؟! جا بۆ خۆت یەکیان هەڵبژێرە؟! ٲحلاهما مرّ.
لە کوردستان ئەگەر ئەو هێزە ئیسلامیانە نەبوونایە، هێزەعەلمانیەکان دەستوری کوردستانیان تێدەپەڕاند و ئاماژەی بە ئیسلام نەدەکرد بە هیچ شێوەیەک.
ئەگەر ئەوان نەبوونایە، زۆر نزیک بوو بڕیار بدەن کە چوونە ناو مزگەوت بە پسوولە دەبێ، وەک چۆن دەچیتە پارکێک یان سەنتەرێکی کەلتووری یان شوێنەوار؟!.
سوێند بەخوا ئەوانەی دەڵێن: با حیزبی ئیسلامی نەبێ چونکە بیدعەیە، یان دەڵێن: پەرلەمان وهەڵبژاردن کوفرە لەیەکێ لەو دوو گروپە زیاتر نین:
یەکەم:
یان موسوڵمانێکی بێ ئاگا وناحاڵییە لە ناوەڕۆکی ئیسلام و مەبەستەکانی شەریعەت، و هەر ئەوەندی لێ دەزانێ؟..بێ عیلمیش موسیبەتێکی گەورەیە.
دووەم:
یان گروپێکی بەکرێگیراوی مشەخۆری دروستکراوی دەستی هێزی دژە ئاین و عەلمانی ناوخۆیی یان دەرەکین، وهیچ فڕیان بە ئاین و ئایندارییەوە نیە.
چونکە هەرگیز کەسی ساڵح و خواناس و گۆشکراو بە وانەی بەندایەتی و (ٳیاك نعبد وٳیاك نستعین) دژایەتی موسوڵمانی چاک و پاک و دیندار ناکات و پشتیوانی لە هێزی دەژە ئاین ناکات.

خاڵی حەوتەم:
جۆڕێکی تر هەن قسەیەکی زانای وعاریفی گەورە سەعید نورسی دەکەن کە فەموویەتی( اللهم ٳني ٲعوذ بك من الشیطان والسیاسة).
وەڵامی ئەمەش بە جۆرەیە:
۱. وتەی هیچ زانایەک نابێتە حوججە و بەڵگە، سەرچاوەی تەشریع قورئان و سوننەتە نەک فەتوای زانایان.
۲. مەبەستی نوورسی هەموو سیاسەتێک نیە، بەڵکو مەبەستی جۆرە خراپەکەیەتی، سیاسەتی قوڵبڕین و فێڵبازی و فیرودان و خۆفڕۆشی و خاک فرۆشی و گەندەڵی....هتد.
نەک سیاسەتی شەرعی کە جورێکە لە ئاین وەک ابن القیم دەڵێ.
بەڵگەی ئەوەی خودی پێشەوا سەعید نوورسی پاش ووتنی ئەو قسەیە لەپەنجاکاندا، بۆ گێڕانەوەی بانگ و ڕێگەدان بە چاپکردنی پەیامەکانی نوور لە گەڵ عەدنان مەندریس کە لە بۆ هەڵبژادنەکانی پەرلەمانی تورکیا خۆی هەڵبژارد بوو.. رێکەوتنی سیاسی کرد، کە برایانی نوور دەنگی پێبدەن لە هەڵبژاردن وئەویش مەرجەکانی ئەوان جێبەجێ بکات.
ئەوەبوو دەنگیان پێدا و ئەویش دەرچوو و بەڵینەکەی جێبەجێ کرد.
دەی خۆ ئەم ڕێکەوتنە پاش وتنی ( اعوذ بالله من الشیطان والسیاسة) بوو.
ئێستاش برایانی نوور لەهەڵبژادنی تورکیا پشتیوانی لە ئاکپارتی و ئوردوغان دەکەن.

لە کۆتاییدا قسەکەی عمر بن العزیز بە بیر دێنمەوە: اللهم ٳني ٲشکو الیک جلد الاشرار وتکاسل الاخیار.
واتە: خوایە سکاڵای هێز و خۆڕاگری پیاوە خراپەکان و تەمبەڵی پیاوە چاکەکان بۆ لای تۆ دەهێنم.
والی الله المشتکی ولا حول ولا قوة الا با الله.