شەڕێکی مەسیری

  شەممە, 21 نیسان 2018 11:45

بۆچی ئەم شەڕەی یەکگرتوو لە سلێمانی گرنگە؟

دور و درێژە بەڵام بۆ وەرگرتنی وێنە گەورەکە خوێندنەوەی هەموی گرنگە.

دکتۆر موسەنا و سیاسیەکی فسقلی دەمەقاڵێیەکیان بووە، بەڵام هەندێ کەس بەهەڵە خۆیان بە قسەی ئیف و بێ وەزنی سیاسیە فسقلیەکەوە سەرقاڵ کردوە. من زۆر نارۆم لەسر پرۆفایلی ئەو برادەرە، بەڵام کەسێک دوو ساڵ چاوەروانی ئحمی ئەفسەری سەیتەریەیەکی پارتی بێ بۆ ئەوەی بتوانێ برواتە هەولێر واباشترە قسەی گەورە نەکا و بەردێ هەڵنەگرێ کە لەژێریا بفلیقێتەوە.

بەڵام بۆچی قسەکانی دکتۆر موسەنا گرنگ بوون؟

هاورێیان، لەناوچەی سلێمانی ماوەی نزیکەی ٤ ساڵە ئیرهابێکی فیکری بێ حەد و حیساب هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە بچوکترین تەفاسیلا بەدڵی هەنێ هەرزە پەرلەمانتار و هەرزە سیاسی نەبن.

بیانوی دژایەتی پارتی کراوەتە دەسکەلایەک بۆ ئەوەی هەرکەس یەک دانە قسە بکا کە بۆنی حیکمەتی لێ بێ، تەخوین بکرێ

من لە کاک عومەری سەید عەلیەوە دەست پێدەکەم، تەنها لەبەر ئەوەی سیاسیەک نیە کە بە زمانی موزایدە بدوێ و هەڵوێستەکانیشی هێشتا هی پێشمەرگەیەکی دێرینی سەر راست و ویژدان پاکە، ئەم پێڕە لە تیرۆریستی کارەکتەر سوکایەتیەک نەماوە پێی نەکەن. جا بزانە، رێکخەری گشتی گۆڕان وای لێ بکرێ ئەبێ کێی تر بە سەلامەتی دەرچێ

مامۆستا سەڵاحەدین تەنها لەبەر ئەوەی فەرمووی پارتی تاوانی کرد بە داخستنی پەرلەمان بەڵام ئەبێت ئەوەش بڵێین کە هەندێ پەرلەمانتاریش هەڵەیان هەبوو، روبەرووی بۆگەنێکی بێ حەد و حیساب بوویەوە

ئەو رۆژەی رێبین هەردی وتی دەنگ دەدەم بەبەڵێ، سوکایەتی بە خۆی و ئاژداو و ئاباوی کرا و تەکفیری سیاسی کرا و بوویە هەدەفی حەملەیەکی گەورە لە تەشهیر و سوکایەتی کە هەنێکیان موقەنەعن بە قسەی مفت و رۆشنبیرانە

ئەمانە کۆمەڵێك بیزنسمان و سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میدیاکارن کە شەپۆلی پۆپیولیستی دژە پارتی لە سلێمانی بەکارئەهێنن بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی نەیارەکانیان. بە هیچ شتێکیش رازی نابن بەوە نەبێ کە وەلائی ئەزەلی و ئەبەدی خۆتیان پێشکەش بکەیت

مامۆستا عەلی باپیر تا یەک رۆژ بە لە ریفراندۆم بە شان و باڵیاندا هەڵیانددا، ئەو دەقەی گوتی کۆمەڵی ئیسلامیش بەشدار دەب و دەنگ بە بەڵێ دەدا، فەیسبووک بوویە مەیدانی جنێودان پێێ. ئەبوبەکر هەڵەدنی کە ماوەیەکی زۆر ختوکەی هەستی ئەم جۆرە خەلکەی ئەدا و قسەیەکی نەئەکرد ئەوان رەخنەی لێ بگرن ، لەگەڵ یەک رەخنە لە یوسف محەمەد، کەوتە بەر رەحمەتی جنێو و تەشهیر

تەنانەت شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کەناڵی ئێن ئار تی کە ٨ ساڵە لە خزمەتی گۆڕاندایە و دو جار هەولی کوشتنی دراوە و کەناڵەکەی سوتێندراوە و پەیامنێرەکانی لەگەڵ ئەوانەی کەی ئێن ئێن لە هەولێر و بادینان دەرکران، تەنانەت ئەویش کە بزوتنەوەی خۆی دامەزراند و کەوتە رەخنەگرتن لە گۆران، کەوتە بەر هیرشێ تەشهیر و بوختان ! واتە لەراستیدا دژایەتی پارتی لای ئەوان تەنها بیانوو دەسکەلایە، ئامانجە سەرەکیەکە ئەوەیە هیچ کەسێ نەبێ لە کوردستان بەتایبەت لە سلێمانی کە رایەکی جیاوازی لەو گروپەی ناو گۆران و یەکێتی هەبێ

من خۆم نوسینەکانم لەسەروبەندی وەفاتی کاک نەوشیروان بە سەدان هەزار خوێنەریان هەبوو، بە شان و باڵمدا هەڵیان ئەدا، کە تەبعەن من نە ئەوەم ویستوە و نە نوسینەکانیشم دەربارەی کاک نەوشیروان بۆ ئەوە بوە ، تەنها خۆشەویستیەکی راستگۆیانە بوو بۆ سەرکردەیەکی مەزن، بەڵام ئەو کاتەی هەمان ئەو رەخنانەم گرتەوە کە چەندین ساڵە لەو ژمارە کەمەی ئەندام پەرلەمانی موراهیقی گۆڕانم گرت، بەشێک لەوانەی ستایشیان ئەکرد کەوتنە جنێودان. نازانم هۆکارەکەی چیە بەس ئەبێ ئەو راستیە بڵێم کە من لەوە ئەچێ توشی کەمترین کاردانەوە بوبم و بێجگە ژمارەیەکی زۆر کەم جنێو و تەشهیر نەکراوە.

پاش ئەم چەردەیە لە حاڵەتی ئیرهابی فیکری، ئینجا تێدەگەن ئەوەی دکتۆر موسەنا کردی کە زیاتر لە تەقینەوەیەکی عاتیفی ئەچوو، چەند گرنگە

هاورێیان، دکتۆر موسەنا نەک هەر وەڵامی دایەوە، بەڵكو وەڵامێکی هێجگار توندی دایەوە کە قەناعەتم وایە ئازارەکەی تا چەند مانگێکی دوای هەڵبژاردنیش دەمێنێ. ئەمانە فێرنەبون کەسێک لە سەنتەری سلێمانی روبەروو بوەستێتەوە و تەنها بە هێزی مەنتیق لەگەڵیان بدوێ و لێیشیان بباتەوە

قسەکانی دکتۆر موسەنا دیفاع نەبوو، هجووم بوو. داواکردنی بەزەیی و ئینساف نەبوو، بەڵکو هجومێکی بێ رحمانە بوو بۆ سەر هەموو ئەوانەی ماوەی ٤ ساڵە بە تەشهیر و تیرۆری کارەکتەر سلێمانیان کردۆتە جێگەیەک کە تەنها را رێی پێ بدرێ رای خۆیان یان وەک ئەوان بێ

بروانن، بەرهەم ساڵح لە ژیانیدا موعارەزە نەبووە، لە ژیانیشیدا موعارەزە نابێ، بەڵام لەترسی دەم و زمانی ئەم مەوجەی ئیرهابی فیکریە کامپەینی هەڵبژاردنەکەی بە دڵی ئوان ئەکات. هەرچەند تەنانەت ئەوەیش نەیپاراستوە لە دەمیان ، بەڵام هەمو هەوڵێکی خۆی ئەدا بۆ ئەوەی خۆی نەدات لە قەرەیان. بەرهەم ساڵح پرۆژەی حکومەت و دەسەڵاتە و تەنها ٢ کورسیش بهێنێ هەر ئەچێتە حکومەتەوە بەڵام لەترسی ئیرهابێکی ئاشكرا ناوێرێ وا بڵێ.

هەر بۆیە کاتێ دکتۆر موسەننا دێ نە روبەروو دەبێتەوە بەڵکو لەسەر بابەتێکی وک ریفراندۆم دێتە دەنگ کە تەنانەت زۆرێک لە پارتیەکانیش ناوێرن باسی کەن، ئەمە شٶرشێکی گەورەیە

هاورێیان. سروشتی راستی وایە وەک روناکیە، گرنگ نیە چەند کەمە یان کزە، ئەتوانێ دڕ بە تاریکی بدا. من وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن سەیری ئەم قسانەی دکتۆر موسەنا و بەشێک لە یەکگرتوەکانی دیکە ناکەم، بەڵکو بە سەرەتای هەڵمەتی تێکشکاندنی تۆقاندنی فیکری سەیری ئەکەم. بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە ئەنجامی ئەم کامپەینەدا دەنگی یەکگرتوو زیادی کرد ، ئەوە بۆ داهاتوو خەڵکی زۆر زیاتر دەبن کە بە ئازایانە و دلێرانە چیدی شوێن ئەو خەتە سیاسیە ناکەون کە لەژێر زۆر و فشاری تیرۆریستانی کارەکتەدا دروست بوە.

ئەم شەرە شەری هەلبژاردنێ نیە بە تەنها، شەری تێکشکاندنی بەرەیەکی وەهمیە بەناوی بەرەی گەل کە هەموو ناشرینیکانی خۆی بە جوانی ئەفرۆشێتەوە و هەمو جوانیەکانی ئەوانی تریش ناشرین دەکات

یەکگرتوو لە ٢٠٠٥ کۆتایی بە درۆی ئیجماعی کوردی هێنا و بویە یەکەم هێزی سیاسی کە بە جیا بەشداری هەڵبژاردنی کرد و دواتریش لە بەغداد سەلماندی لەوانی تر کوردپەرەرتر نەبێ کەمتر نیە، ئەمرۆش شەڕی تێکشکاندنی ئیجماعی ئیرهابی فیکری دەکات لە سلێمانی، قەناعەتیشم وایە بەرەنجامەکانی ئەم شەرە خێری تیایە بۆ هەموو لایەک