ریفراندۆم و هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو

  یەک شەممە, 22 نیسان 2018 09:17

ئایا ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم هه‌ڵه‌ بوو؟

زۆر له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ وتراوه‌ و نوسراوه‌.. هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن كه‌ كارێكی پێویست بوو و ده‌بوایه‌ بكرێت و، مافێكی ره‌وای مێلله‌تی خۆمانه‌.. به‌ره‌یه‌كی تر ده‌ڵێن: نه‌خێر، كارێكی هه‌ڵه‌ بوو.. ئینجا ئه‌مانیش ده‌بنه‌ دوو به‌ش: به‌شێكی زۆریان ده‌ڵێن: كاره‌كه‌ له‌ خودی خۆیدا مافێكی سرۆشتی و ره‌وای میلله‌تی كورده‌، به‌ڵام كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بوو و، ئاماده‌كاری باشیش بۆ نه‌كرابوو.. به‌شێكی تر دژایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ لایه‌نێكی دیاریی كراو پێی هه‌ڵساوه‌ و، پێیان وایه‌ خودی مافه‌كه‌ مه‌به‌ست نه‌بوو‌ و، هۆكار و مه‌به‌ستی سیاسی بنه‌ماڵه‌یی و حیزبی ته‌سكی له‌ پشتبوو‌..

ئینجا پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌ و پرسه‌ دایه‌؟

ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌ده‌بیات و لێدوان و هه‌ڵوێستی ئه‌م حیزبه‌ بدات به‌ راشكاوی ده‌بینێت كه‌ یه‌كگرتوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ دا بووه‌ و، پشتگیری كردووه‌ و، بووه‌ باڵێكی سه‌ره‌كیی لێی‌..

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كگرتوو به‌ دڵی زۆرێك له‌ حیزبه‌كان و، ته‌نانه‌ت له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند و، وڵاتانی ئیقلیمی نه‌بوو و، لێكدانه‌وه‌ی جۆراو جۆری بۆی كرا..

به‌ڵام یه‌كگرتوو بێ باكانه‌ سوور بوو - ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت - له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ پشتگیری ریفراندۆم، له‌ به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌:

• مافێكی ره‌وای میلله‌تی كورده‌، كه‌ به‌ درێژایی چه‌نده‌ها ساڵه‌ خه‌باتی بۆ ده‌كات و قوربانی له‌ پێناوی ده‌دات.

• گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ئامانجێكی ستراتیژی یه‌كگرتووه‌، كه‌ هه‌ر له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می حیزبه‌وه‌ له‌ ساڵی 2012 په‌سه‌ند كراوه‌.

• بارودۆخی خراب و ئالۆزكاوی عیراق و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و، ئالوده‌بوونی حكومه‌تی عیراق به‌ په‌تای تائیفییه‌ت و توندڕه‌وی ئایینی، هانده‌ر و ده‌رفه‌تێكی گونجاو بوو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه، له‌ دوو لاوه‌ : یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بارودۆخی ناوخۆی عیراق زۆر خراب و تائیفییه‌ و، به‌رده‌وامبوون له‌ گه‌ڵی كارێكی خۆكوژی و ئه‌سته‌مه‌.

دووه‌م: لاوازبوون و سه‌رقاڵبوونی حكومه‌تی عیراق و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، به‌ كێشه‌كانی ناخۆی خۆیان، ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌.

• بوونی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد له‌م كات و ساته‌دا، ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ پشتگیری له‌ مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پرسه‌ به‌ حیزبی كراوه‌ و، مه‌به‌ستی بنه‌ماڵه‌یی و تایبه‌تی له‌ پشته‌وه‌یه‌، یه‌كگرتوو به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ی كردووه‌ و، ئامانجی گه‌یشتن بووه‌ به‌ مافی ره‌وای گه‌لی كوردستان و، خۆی خه‌ریك نه‌كردووه‌ به‌ خوێندنی نیاز و نیه‌تی له‌ پشت ئه‌م كاره‌وه‌ و، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو تواناكان به‌ گه‌ڕ بخرێن بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی هیوا و ئامانجه‌ گه‌وره‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان.. گرنگ نیه‌ كێ له‌ پشتی ئه‌م كاره‌وه‌یه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ خزمه‌ت و به‌رژه‌وندی گه‌لی خۆمان بێت و هیوا و ئامانجه‌كانی به‌ دی بێنێت..

پاشان ئه‌گه‌ر بوترێت بارودۆخ گونجاو نه‌بوو و ئاماده‌كاری بۆ نه‌كرابوو، ده‌ی خۆ كاری سیاسی گه‌ره‌نتی تێدا نیه‌ و، خوێندنی بارودۆخ ده‌كرێت راست ده‌رچێت و ده‌كرێت هه‌ڵه‌شی تێدا بكرێت، به‌ڵام قه‌ت ره‌وا نیه‌ پرسی ریفڕاندۆم به‌ ئه‌نجامه‌كانی ئێستای گرێ بدرێت و، بوترێت: ئاها، نه‌مان وت كاته‌كه‌ی گونجاو نیه‌ و نابێت ئێستا بكرێت.. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ راست بێت كه‌ كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بوو، ده‌ی بۆ چی خاوه‌نه‌كانیان له‌ كۆتا كاتدا ده‌نگیان دا و به‌شدار بوون له سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ریفڕاندۆم؟!.. ئه‌گه‌ر ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ راست بێت و، ئاسۆ و ئاینده‌ی ریفڕاندۆم دیار بوو به‌ كوێ ده‌گات، بۆ چی ئه‌وانه‌ی ئێستا داوای دادگاییكردنی ئه‌نجامده‌رانی ریفڕاندۆمه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بۆ چی ده‌نگیان پێ دا و به‌شدار بوون له‌ پرۆسه‌كه‌دا؟! .. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌وه‌نده‌ راست بێت و، متمانه‌یان پێ هه‌بوایه‌، بۆ چی راست نه‌بوون له‌ گه‌ڵ خۆیان و وه‌كو به‌ره‌ی نه‌خێر بایكۆتی پرۆسه‌كه‌یان نه‌ده‌كرد و ده‌نگیان پێ نه‌ ده‌دا؟!

ئه‌گه‌ر بوترێت ده‌ی خۆ ئێستا به‌ دیار كه‌وت كه‌ ریفراندۆم هه‌ڵه‌ بوو و كاتی گونجاو نه‌بوو.. ده‌ڵێین: شكستی ریفراندۆم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ره‌وایه‌تی و راستی و درۆستی پرسه‌كه‌ كه‌م ناكات و، واتای ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ كارێكی هه‌ڵه‌ بوو.. دۆڕان و شكه‌ست له‌ جه‌نگێك واتای دۆڕان وشكه‌ست له‌ هه‌موو جه‌نگه‌كه‌ ناگه‌ێنێت..

مافی چاره‌ی خۆنووسین مافێكی ره‌وای هه‌موو میلله‌تێكه‌ و، ده‌بوایه‌ ته‌نانه‌ت رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و، ده‌وڵه‌تانی ئازادیخواز و پێشكه‌وتوو، پشتگیری ئه‌و مافه‌ی گه‌لی كوردستانیان بكردایه‌، نه‌ك هێزگه‌لێكی نێو خۆیی و كوردستانی بێن و، بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی و، بۆ شكاندنی یه‌كتری و، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ره‌وه‌رییه‌ به‌ ناوی حیزبێك یان سه‌ركرده‌یه‌كی دیاریی كراو تۆمار نه‌كرێت، پشت له‌ گه‌لی خۆیان بكه‌ن وخه‌ونه‌كانی به‌ تاوان ئه‌ژمار بكه‌ن..

من ده‌پرسم: ئایا شكستی ریفڕاندۆم، یه‌كسانه‌ به‌ ناڕه‌وایه‌تی پرسه‌كه‌، یان ته‌نها كه‌وتنێك و دۆڕانێكه‌ و، هیچ له‌ ره‌وایه‌تی و درۆستی مافه‌كه‌ كه‌م ناكات؟

هه‌ڵبه‌ت كه‌مینه‌كی كه‌من ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌م هاوكێشه‌یه‌ ده‌بوێرن و، دانی پێدا نانێن..

ریفڕاندۆم مافێكی ره‌وای میلله‌تی خۆمان بوو، با دووری خه‌ین له‌ موزایه‌داتی سیاسی و، با به‌ هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ له‌ ئاستی ره‌وایه‌تی دۆزی گه‌له‌كه‌مان بین و، بیكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كریزی هێزه‌ سیاسیه‌كان و، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتنمان به‌ره‌و ئاسۆی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وییمان، نه‌ك سه‌ره‌تاییترین مافی نه‌ته‌وییمان ببێته‌ درزی له‌ ناوچوونی خه‌ونی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆمان..