بۆچی گەشبینم... !؟

  دوو شەممە, 14 ئایار 2018 08:12

 

گەشبینم چونكە من لە ئەسڵدا وەك گەشتیار و ڕێبوارێك لەم ژیانەدام و توێشووی ڕێگام لە كۆڵ ناوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵەی (بەهەشتە)ی سەرەتا باپیرە گەورەمی لێدەركراوە. تا بگەم بەدیداری سەروەرم (صلی الله علیه وسلم) لەسەر حەوزی كەوسەر و بەدەستی موبارەكی تینوێتیم بشكێنم.
گەشبینم چونكە لە گەشتەكەمدا هەموو ئەو شتانەی بۆ گەیاندن و كارئاسانی و حەوانەوە بەكاری دەهێنم وەك هۆكار لێیان دەڕوانم نەك ئامانج. هەر كاتێك هۆكارێكم لە كار كەوت یان نەیتوانی خزمەتم بكات دەیگۆڕم بە هۆكارێكی باشتر، بەبێ ئەوەی نیگەران بم و ئامانجەكەم بیر بچێت.
گەشبینم چونكە بەندەی خودای (رب العالمین)م.. دەی چ گومانێكتان بەو خودایە هەیە؟ (فَمَا ڤَنُّكُم بِرَبِّ الْعَاڵمِینَ) تەنها گومانی باشم و گەشبینانەم بەتۆ هەیە پەروەردگارم.

گەشبینم چونكە تێگەیشتووم خودا منی تەنها بۆ پەرستش دروست كردووە (ؤمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ ؤالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ)، هەروەها لەزەویدا ئەركی ئاوەدانی و (واستعمركم فیها)ی پێ سپاردووم.
بەندەی خودایەكم فێری كردووم باشترین كار و گوفتار بانگەوازە بۆ لای خودا و كاری باشە لەگەڵ موسڵمانان (ؤمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِّمَّن دَعَا إِلَي اللَّهِ ؤعَمِلَ صَالِحًا ؤقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ).
گەشبینم چونكە پەروەردگارم فێری كردووم ئەوەی گرنگە من بە نیەتێكی باشەوە كارەكانم بكەم و سەرەنجامی كارەكان بۆ خودا بەجێ بهێڵم و لەسەر ئەنجامەكانیش لێپرسینەوەم لەگەڵ ناكات.
گەشبینم چونكە دەزانم پەروەردگارم خۆی دەزانێت چی باشە بۆ بەندەكانی و زۆرجار ئەوەی من بەڕواڵەت بە ناباش ئەیبینم بۆ من باشترە (ؤعَسَيٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا ؤهُؤ خَيْرٌ لَّكُمْ ۖ)
گەشبینم شووێنكەوتەی پێغەمبەرێكم (صلی الله علیه وسلم) هەرگیز چۆكی دانەداوە و بۆ چركەساتێكیش ڕەشبین نەبووە و شكستی نەناسیوە. ئەو بەردەوام لەخەمی سەرخستنی ئەم بانگەوازە و ڕەزامەندی خوادا بووە، ئەو كاتەی لە تائیف بەرد بەرانی دەكەن و هەموو گیانی دەبێتە برین و خوێن و ئازار لە لوتكەی ناڕەحەتیدا، ڕوو لە پەروەردگاری دەكات و دەستەكانی بۆ ئاسمان بڵند دەكات و بە ملكەچیەوە دەفەرمێت: پەروەردگارم ئەگەر تۆ لێم زویر و نیگەران نەبیت ئیتر من باكم بەهیچ نیە (إن لم يكن بك علي غضب فلا أبالي).
گەشبینم چونكە سەروەرەكەم (صلی الله علیه وسلم) فێری كردووم بەڕۆژ خۆم ساز بدەم و بەردەوام كار بكەم، بە شەوانیش بە دڵی خوێنین و چاوی پڕ بە فرمێسكەوە بۆ خۆم و برا و خوشكانم بپاڕێمەوە و نزای هیدایەتیش بۆ دوژمنەكانم بكەم.
گەشبینم شوێنكەوتەی ئەو سەروەرەم كە دڵنیا بوو ئەگەر قەومەكەشی دژایەتی بكەن و هەڵینەبژێرن، دەبێت پەنا بۆ حەبەشە و تائیف و شوێنانی تر ببات، تا خوای گەورە لە یەسریبەوە پشتیوانی بۆ بنێرێت و كە گیان و ماڵی خۆیانی بۆ فیداكەن و دەوڵەتی بۆ دروست بكەن.
گەشبینم چونكە دەزانم پەروەردگارم داوای (واعدوا) م لێدەكات و منیش خۆم دەسازێنم و ناسرەوم، دڵنیام كە سەرەنجام هەر بەندەچاكەكارەكان كاروباری سەرزەوی دەگرنە دەست. (أَنَّ الْأَرْضَ يَرِثُهَا عِبَادِيَ الصَّالِحُونَ).
گەشبینم لە كاروانێكم پێشەواكانی بەخوێنی خۆیان درەختی كردارەكانیان ئاوداوە، بەسەری بەرزەوە زۆربەی ژیانیان لە زیندانەكاندا بەسەر بردوەو بەوپەڕی شكۆمەندیەوە پەتی سێدارەیان لەگەردن ئاڵاندوە و بۆ ساتێكیش خودای خۆیان و ئامانج و بانگەوازەكەیان پشتگوێ نەخستووە.
گەشبینم چونكە لەیەكەم ڕۆژەوە كەئەم ڕێگەم هەڵبژاردووە زانیومە ڕێگەی پێغەمبەران و پیاوچاكان و شەهیدانە و ڕێگای ئەوانیش پڕ لەكۆسپ و نشێوی و ئازارە..
گەشبینم بەخودای خۆم بە سەروەر و پێغەمبەرەكەم (صلی الله علیه وسلم)، بە ئایین و ڕێبازەكەم، گەشبینم كە بەردەوام بم لە كار و لەڕێگای ڕاست لا نەدەم و ئامادەبم بۆ هەموو ئاستەنگ و ناڕەحەتیەكان... تا ئەو كاتەی سەركەوتنی خوا بەدەست دەهێنم، سەركەوتنی خواش نزیكە بۆ كەسانێك بەچاوی دڵ لێی بڕوانن (لا إن نصر الله قريب.... ألا إن نصر الله قريب)