دزینی ئیرادەی گۆڕانكاری

  چوار شەممە, 16 ئایار 2018 06:28


            ستەمكاران ئەوانەی بە بەردەوامی خوێنی میللەتەكەیان دەمژن ، و ئەیانەوێ ژیانی خۆیان لە سەر شانی ئەو میللەتە ڕەش و ڕوتە تەواو بكەن و لە دوای خۆشیان نەوەكانیان لەهەمان شوێن و بە هەمان شێواز ژیان بەسەر بەرن و نەوە نەوە لەدوای نەوە ئەم ریتمە لە ژیانیان بەردەوام بێت پێویست دەكات بگەڕێن بە دوای پاراستنی ئەم تەرزەی ژیانیان و پاسەوانی كۆماندو پەیدا بكەن و بە ملیۆنەها پارەو پول خەرج بكەن لەم پێناوەدا ، بۆ یە ئەوەی پێیان زانیوە و هەر واشە كە ڕێگاكەیان بۆ كورت دەكاتەوە ئەوەیە كە سەنگەری ئیرادەی پۆڵاینی ئەومیللەتە بگرن و چۆڵی كەن بە خاوەنەكانیان ، كاتێ ئەمەیان كرد و بۆیان چوە سەر ئیتر هەموو شت لە بەردەم ستەمكاراندا بە ئاسانی دەچێت بە ڕێوە و ئەو میللەتە وەك ڕانە مەڕ بۆ كوێ بیانەوەێ دەیدەنە بەر و هەر كاتێ بیانەوەێ كامەیان زۆر گۆشتی خۆشەو قەڵەوە بە چەقۆی بەزەیی سوڵتان سەر دەبڕن و سەیران و سەمای خۆیانی پێ گەرم دەكەن ،.


ئەوەی سوڵتان لێی دەترسێ تەنهاو تەنها ئیرادەیە و بەس ، بۆ یە كاتێ فرعەون ئەم سەنگەرەی گرت لە گەلەكەی زانی كەسی تیا نەماوە ئیتر وتی ( ما اریكم الا ما اری وما أهدیكم الا سبیل الرشاد ) كەواتە كە ئیرادە نەما ئیتر ئەبێ سوڵتان شتمان بۆ ببینێ و بۆمان هەڵبژێرێ ، ئەبێ سوڵتان چاك و خراپمان بۆ دیاری بكات ، چونكە خۆمان ئیتر ئەو مەكینەمان لە كار كەوتوە ، جا لە كار خستنی ئیرادەی گەلان بە پێی رۆژگار شێوازەكەی دەگۆڕدرێت ، هەمیشە لە و ئالیەتانەی گۆرَانكاریەوە لەكار خستنی ئیرادە دەست پێ دەكات دەدۆزرێتەوە ، بۆ نمونە ئەمڕۆ لەناو گەلە خوا پێ دراوەكاندا ئەوانەی تێ گەشتوون ئارامی ژیانیان لە ئارامی ژیانی كەسانی تردایە ، بەختەوری ژیانیان لە بەختەوری ژیانی كەسی تردایە ، خۆش گوزەرانی ژیانیان لە خۆشگوزەرانی ژیانی كەسانی تردایە ئالیەتی هەڵبژاردن و دەستاو دەستی دەسەڵات و چون بەرەو سندوقەكان و تەعبیر لە ڕای ئازادانەی خۆیان هەمیشە تازەگەری بە ژیانیان دەدات و بەرەو چاك و چاكتر دەیان بات ، بۆیە زۆر رێز لەو ئالیەتە دەگرن و دەیپارێزن و گوێیان لێ نیە كێ دێت ژیانیان بۆ ڕێك دەخات ؟ گرنگ ئەوەیە چەندە زیاتر باشتری دەكات ؟ ئەوە لای ئەوان پلەی یەكەم بە دەست دێنێ و دەتوانێ دەنگی تاك دەستە بەر بكات .


بۆیە پێویستە ئەم گەلانەی تر كە كار دەكرێت بۆ كوشتنی ئیرادەیان تەسلیم نەبن و ئاڵای سپی هەڵنەكەن ، هەر رۆژێ دێت ئەو ئیرادە پۆڵاینە سەر بكەوێت و ژیانیكی ئابڕومەندانە بۆ نەوەی داهاتو دروست بكات .


لەم هەڵبژاردنەی 12/5/2018 لە هەرێمی كوردستان ئێمە وامان دەزانی دزی كاری و فێڵ و تەڵەكە دەكرێت چونكە گومانمان نەبو بە دەلیلی ڕابردوی ئەم هێزە گزیكارانە ، بەڵام بێیت فیشەكێ بنێیت بە ئیرادەی خەڵكەوە و بتەوەێ بیكوژی لەوانەیە بەم شێوەیە زۆر بیری لێ نەكرابێتەوە یان حیسابی بۆ نەكرابێت هەر چەند دڵسۆزان زۆر هاواریان كرد بەڵام بە داخەوە گوێیان بۆ نەگیرا ، ئێستە ئیرادەی خەڵك كە بریندارە و خوێنی لێ دەرژێ ، دەسەڵات دەیەوێت خوێنی تێدا نەمێنێت و بە هێواشی گیان لە دەست بدات ، لە فریا كەوتن لە سەر تەختی نەخۆشخانە لێ ی كەوتوە ، نابێ بهێڵین بمرێ دەبێ بە هەموومان پارێزگاری لێ بكەین ، هەموو كارتێ بەكار بهێنین بۆ چاك بونەوەی ئەم برینداریە ، دەسەڵات و سوڵتانە ناشەرعیەكان زۆر حەز بە مردنی دەكەن و بۆیان بكرێت لە ڕێگەی دەستەو دایەرەكەیانەوە دەرزیەكی ژەهراوی بۆ دەكەن و لەناوی دەبەن .


گەلی براینە هەستن نەهێڵن ئەو ئیرادەیە بمرێت ، ئیرادەی گۆڕانكاری ، ئیرادەی نابۆ سوڵتانی ستەم كار، هەر دەبێت بیگۆڕین ، خۆشم پێم نەكرێت وەسیەتم كردوە بۆ نەوەكەم تەسلیم نەبێت ، نابێ سوڵتان نانێكی بە ئیسراحەت بخوات ، نابێ خەوێكی خۆش ببینێ ، هەر دەبێت خەو ببینێ چۆن لە سەر تەخت هاتوەتە خوارەوە و ڕیسوا بوە و دەر بەدەری شارا ن بوە ، چونكە تەنهاو تەنها چەكی لەناو بردنی ئەم سوڵتانە نا شەرعیانە ئیرادەیە و بەس و هیچی تر ، ئەو برسیت دەكات بە ئیرادە خۆت تێر بكە ، ئەو تینوت دەكات ئیرادە بكە بە ئاوێكی ساردو قوڕگی وشك هەڵاتوی خۆتی پێ فێنك بكەوە ، ئەو دەت كوژێ ئیرادەی خۆت لە سەر گۆڕەكەت تەسلیم بە نەوەكەت بكەو بە ئەمانەت لە لای دابنێ ،ئەمەیە ڕێگای گۆڕانكاری ، ئەمەیە ڕێگای لەناو چونی سوڵتانی ناشەرعی 15/5/2018بغداد