تەنها بۆنی گەنمەکەم بۆ بهێڵەوە

  چوار شەممە, 16 ئایار 2018 12:33

شاعیرێکی ئێرانی دەڵێت : تەنها بۆنی گوڵە گەنمەکەم بۆ بهێڵەوە ، هەرچیم هەیە با بۆ تۆ بێت .. پۆزشێکی خەمناک بۆ تۆ هەی شاعیرە قەلەندەرەکەی ووڵاتی غوربەت ، ساتێک بێ دەنگیش بۆ دەنگە ناوازەکەی ( داریوش ) ... ئێرە کوردستانە .. 

هەی ڕەقیبانی ووڵاتم تکاتان لێ دەکەین تەنها بۆنی گوڵە گەنمەکان و دەنگەکانمان مابوو لێمانی بستێنن ، شەڕی پارە و دەسەڵات و ئەمبەر و ئەوبەرەکانی شاخ و ئەمسەر و ئەوسەری شەقام و سەرجادەکان ، جێ ژووانی چاوەڕوانیەکان و جێ نزرگەی ساڵحان ، جێی هەڵپەڕکێی کوڕانی لادێ و شەنگە بێری کچانی گوند و ڕامانی پیرە شەکەت و ماندووەکانی ووڵات و ئومێدی هاتنەوەی مناڵە وونبووەکانی هەڵەبجە و ئێسک و پروسکە وورد و خاش بووەکانی بیابانە گەرمەکانی عەرەبستانیشتان کوشت ...
سەرزەمینێک نەما گوناهێکی تێدا نەکەن ، ئاسمانێک نەما فووی هەناسە ژەهراویەکانی خۆتانی پێدا نەکەن ، شاییەک نەما شیوەنی تێ نەخەن ، ماڵێک نەما خەمی چاوەڕوانی تێ نەکەن ، گەنجێک نەما سەدان وادەی درۆی ئەمڕۆ و سبەینێی پێ نەدەن ، ئەوەتا پاش ئەم هەموو هەڵلووشینی پارەو پوولە دەستان برد بۆ گیرفانە خاڵی و هەڵتەکیوەکانی خوێندکارانی دڵ پڕ لە ئومێدی ووڵاتم و له کوتاشدا دەنگ و
ئیرادەی میلەتتان دەست بەسەر کرد ..

ئێوە چین ؟ پێم بڵێن ئێوە چین ؟ ئێوە دڵتان هەیە ؟ خەمتان هەیە ؟ هەستتان هەیە ؟ ئێوە مانای باوکایەتی دەزانن ؟ دەزانن برا و خوشک و ژن و مناڵ یانی چی ؟ دەکرێت پێمان بڵێن کەی لوتف و بەزەییتان دەجوڵێت ؟ کە چییەک نەما لەنێو هەناو و گیرفان و باخەڵمدا ، چییەک ماوەتەوە بۆ ڕێز و حورمەتی ئێوە ، کە من نەتوانم تەنانەت حیکایەتی خەونی برسییەکانیش بۆ مناڵەکانم باس بکەم . نازانم بەرپرسانی ووڵاتم چ مانایەک ماوەتەوە بۆ ئێوە ، کە لەپاڵ گۆڕی شەهیدان و بێ ئومێدی خەڵک و برسی و ڕەش و ڕووتەکان دا .. ئێوەش لە کەش و هەوایەکی ئارام دا پارە و پوولی میللەت هەڵدەڕژن بەسەر جوانی شاجوانێکدا ، کە بە خیلقەتی خودا کەشخە بەسەر کچانی نائومێدی ووڵاتەکەمدا دەکات ..
ئێوە تەنها دەنگ و بۆنی گوڵەگەنمەکان ماوەلێمانی بستێنن ، بەڵام لێتان ناگەڕێین لەو دەنگ و بۆنە بێ بەشمان بکەن ، ئای لە تووڕە بوونی مرۆڤی برسی و هەژار و نائومێد .. خودایە چیتر بەڵای مەسئولی بێ هەست و وویژدان بەسیەتی ، لوتفێکی تایبەتی خۆت ، بۆ بەرپرسێک سڵ لە تۆ بکات و هیچ نەبێ وەکو میللەت بژی ...

خودایە لوتفێک لەپاڵ بێ لوتفی ئەم دەسەڵاتە دا ...