لە پێشوازی رەمەزاندا

  یەک شەممە, 20 ئایار 2018 07:52

پێویستە لەسەرمان كە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە بكەین بۆ پێشوازی مانگی رەمەزان و پێداویستیەكانی بۆ ئامادە بكەین و زمانمان بەم نزایە پاراو بكەین و بڵێین (خوایە گیان سوپاس بۆ تۆ كە جارێكی تر گەیشتینەوە رەمەزان و پشتیوانیمان بكە بۆ بەئەنجامگەیاندنی، ئەو چاكە و تەقوایەشمان بە نسیب بكە كە تیایەتی).

ئەم مانگە پڕە لە خێر و بەرەكەت، مانگی سۆز و بەزەیی و لێخۆشبوون و رزگاربوونە لە ئاگر، مانگی چاكە و ئیحسانە، ئەمە تەنها بۆ ئەم ئوممەتی ئیسلامیەیە و هیچ ئوممەتێكی تر ئەمەی نیە.

لە گرنگترین ئەو ئامادەكاریانەی كە پێویستە، ئەوەیە كە بە بەڕۆژو بوون لە مانگی شەعباندا پێشوازی بكرێت، هەندێك فەرموودە هەیە جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێغەمبەری خوا مانگەكە هەمووی بەڕۆژوو بووە یان چەند رۆژێكی بەڕۆژوو بووە، ئەگەر هەركەسێكیش بە بەردەوامی رۆژی دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بووە با بەردەوام بێت یان هەركەسێك رۆژووی لەسەرە دەتوانێت لەم مانگەدا قەزای بكاتەوە.

لە گرنگترین ئامادەكاریەكان بریتیە لە بوونی ئیرادەیەكی بەهێز و نیەتێكی باش بۆ بەڕۆژو بوون و رازی كردنی خوای گەورە، بەو ئامانجەش بەڕۆژوو بێت كە بەجێهێنانی فەرمانێكی خوای گەورەیە و ئەنجامدانیشی بۆ كۆمەڵێك ئامانجی بنەڕەتیە، كە لە گرنگترینیان:

یەكەم/ تەقوا، [لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] وشەی (تەقوا) هەموو كارێكی خێر دەگرێتەوە واتە خۆپاراستن، دەبێت مرۆڤی باوەڕدار بە ئیرادەیەكی بەهێز و باوەڕبەخۆ بوون و راستگۆییەوە بڕیاری جێبەجێكردنی بدات، لەو رۆژەدا لە شتە حەڵاڵەكان دوور بكەوێتەوە لە خواردن و خواردنەوەو ئارەزوو، بڕیار بدات لەم مانگەدا لە هەموو حەرام و خراپە و تاوان و درۆ و غەیبەت و ... هتد دوربكەوێتەوە، واتە دوركەوتنەوە لەو شتانەی كە خوا حەرامی كردووە، دەبێت ئەم حاڵەتە لای مرۆڤی باوەڕدار پەیوەست نەبێت تەنها بە رەمەزانەوە، بەڵكو لەدوای رەمەزانیش مرۆڤێكی خواناس و راستگۆ و چاكەكاربێت.

ئەگەر لە مانگی رەمەزاندا تووشی تاوانێك بوویت نابێت بیخەیتە ئەستۆی شەیتان، چونكە لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە كە دەفەرموێت "إِذَا دَخَلَ رَمَضَانُ فُتِّحَتْ أَبْؤابُ الْجَنَّةِ ؤغُلِّقَتْ أَبْؤابُ جَهَنَّمَ ؤسُلْسِلَتْ الشَّيَاطِينُ" واتە كاتێك كە رەمەزان هات دەرگاكانی بەهەشت دەكرێنەوەو دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن و شەیتانەكانیش لغاو دەكرێن، كەواتە لە رەمەزاندا هەركەسێك تاوان بكات خۆی تاوانبارە و دەبێت سەرزەنشتی خۆی بكات، چونكە لە رۆژی دواییدا شەیتان خۆی بێ‌ بەری دەكات لەوانەی كە تاوانەكە دەدەنەوە پاڵا ئەو، بەڵكو دەڵێت تەنها خۆت تاوانباریت چونكە من هیچ هۆكارێكم نەبوو تۆ ناچار بكەم بە تاوانكردن ئەگەر بۆخۆت ئەنجامت نەدایە [فَلَا تَلُومُونِي ؤلُومُوا أَنْفُسَكُمْ مَا أَنَا بِمُصْرِخِكُمْ ؤمَا أَنْتُمْ بِمُصْرِخِيَّ إِنِّي كَفَرْتُ بِمَا أَشْرَكْتُمُونِ مِنْ قَبْلُ إِنَّ الظَّالِمِينَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ] بەڵام ئەوەی دەبینرێت مرۆڤە شەیتان رەفتارەكانن، كە بە بەرچاومانەوە دەبینرێن و هانی باوەڕدار دەدەن بۆ تاوان و خراپەكاری كە لە ئێستادا هۆكاری راگەیاندن و تۆڕە پەیوەندیە جیاوازەكان سەرقافڵەی ئەم كارەن، چونكە لەنێویاندا بەشێكی راگەیاندنیان كردۆتە بازاڕ بۆ خستنەڕووی هونەرێكی رەزیل و بێ‌ مانا كە پڕیەتی لە تاوان و خراپەكاری، لەم رێگەیەشەوە گەنجان و تازەپێگەیشتوان هان دەدرێن كە سەرقاڵی ئەم جۆرە تاوانانە بن و سەرئەنجامیش كاریگەری خراپ پەیدا دەكات لەسەریان و كەسایەتیەكی لاواز و نابەرپرسیار و نا نیشتمانیان لێ‌ دروست دەبێت، لەبەرئەوە ئەركی گەورەی دەزگاكانی راگەیاندن ئەوەیە كە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و پرۆژەی گەورە لە بواری راگەیاندندا جێبەجێ‌ بكەن بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی گەنجی باش و مرۆڤی باش و چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا و گێڕانەوەی هاوڵاتیان لە تاوان و خراپەكاری.

بۆئەوەی لە ئەم مانگەدا مرۆڤی مسوڵمان ببێتە مرۆڤێكی چاكەخواز و دوركەوتنەوە لە شەڕ و خراپەكاری و گەندەڵی، واتە ئەم مانگە ببێتە هۆی زیادكردنی چاكەكان و گەڕانەوە لە خراپەكان و بەوشێوەیەش توێشوویەك كۆ بكەنەوە كە لە ماوەی 11 مانگی داهاتوودا وەك وزە كەڵكی لێ‌ وەربگرێت و بتوانێت لەبەرامبەر تاوان و خراپەدا بوەستێتەوەو بەرگریەكی گەورە لە دەروونیدا دروست ببێت بۆ پاراستنی ئاستێكی بەرز لە ئیمان و خواناسی.

پێغەمبەری خوا (صلی) ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە یەكێك لە فەزڵەكانی خوا لە مانگی رەمەزاندا رزگاربوونە لە ئاگر، وەك دەفەرموێت [ؤلِلَّهِ عُتَقَا‌وُ مِنْ النَّارِ ؤذَلكَ كُلُّ لَيْلَةٍ]، واتە پێویستە مرۆڤی باوەڕدار بگاتە ئەم ئاستە كە شایەنی رزگاربوون بێت لە ئاگر، ئەمەش كاتێك دەبێت كە دروشمەكەی بریتی بێت لە "يَا بَاغِيَ الْخَيْرِ أَقْبِلْ ؤيَا بَاغِيَ الشَّرِّ ادبر" واتە "ئەی ئەو كەسەی كە روو لە خێری زیادی بكەو ئەو كەسەش كە رووی لە خراپە و تاوانە با وازی لێ‌ بێنێت"، دەبێت ئەم دروشمە لە ژیانیدا جێبەجێ‌ بكات و لەدوای ئەوەشەوەیە كە دەگاتە ئەو تەقوایەی كە خوا دەیەوێت.

دووەم/ لە رێگەی رۆژوەوە خوای گەورە دەیەوێت بمانگەیەنێتە ئاستێكی مرۆیی بەرز لە هەستكردن بە گرفت و ناڕەحەتیەكانی كەسانی تر، بەتایبەتی هەژاران و هەستكردن بەو بارودۆخە ناهەموارەی كە تیایدا دەژین، مانگی رەمەزان مانگی چاكە و خێرخوازیە، دەبێت لە زیادەمەسرەفی دوور بكەوینەوە، چونكە هەركەسە دەبێت بە پێویستی خۆی خەرجی هەبێت و زیادەمەسرەفی نەكات، وەك خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّ الْمُبَذِّرِينَ كَانُوا إِخْؤانَ الشَّيَاطِينِ] لێرەدا ئەو كەسانەی كە زیادەمەسرەفی دەكەن خوای گەورە بە برای شەیتان ناویان دەبات، ئەمەش سیفەتێكە كە خوای گەورە خۆشی ناوێت، وەك دەفەرموێت [ؤكُلُوا ؤاشْرَبُوا ؤلَا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ]، توێژینەوەی جۆربەجۆر هەن لەم بارەیەوە كە هەمووی جەخت لەوە دەكەنەوە كە جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان ژیانی مسوڵمانە دەوڵەمەندەكان و هەژارەكاندا ،بەتایبەتیش ئەگەر سەیری دانیشتوانی كەنداو بكەین و بەتایبەتی تریش لە مانگی رەمەزاندا ،ئاستی بە فیڕۆدان و خەرجی لە ئاستێكی بەرزدایە و بێ‌ ئاگاییەكی زۆری پێوە دیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكانی هەژار و نەدار، یەكێك لە توێژینەوەكان دەڵێت "ئەگەر ئەو پارە زۆرەی لە مانگی رەمەزاندا خەرج دەكرێت بە زیادە مەسرەفی كۆی بكەینەوەو تەرخانی بكەین بۆ هەژاران ئەوا 50%ی كۆمەڵێك وڵاتی هەژار سودمەند دەبن بۆ ماوەی شەش مانگ". چونكە بەڕۆژوو بوون بۆ دروستكردنی ئەم هەستەیە و ئەگەر لەلای دەوڵەمەندەكانیش ئەمە دروست نەبێت كەواتە ئامانج لە رۆژوو گرتن چیە؟.

سێیەم/ گەڕانەوە بۆلای خواو پەشیمان بوونەوە لە تاوانەكان یەكێكە لە ئامانجە سەرەكیەكانی بەڕۆژو بوون لە مانگی رەمەزاندا، پەشیمانبوونەوە لە تاوانیش تەنها بە وتە نابێت بەڵكو ئەو پەشیمان بوونەوەیەی كە لای خوای گەورە وەرگیراوە دەبێت بە سێ‌ مەرج بێت..

1- دابڕان لە تاوانەكە.

2- پەشیمان بوونەوە لە كردنی ئەو تاوانانە.

3- بڕیاردان بۆ نەگەڕانەوە بۆ ئەو تاوانە بەشێوەیەكی هەتا هەتایی.

وەك خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّمَا التَّوْبَةُ عَلَي اللَّهِ لِلَّذِينَ يَعْمَلُونَ السُّو‌وَ بِجَهَالَةٍ ثُمَّ يَتُوبُونَ مِنْ قَرِيبٍ فَأُولَئِكَ يَتُوبُ اللَّهُ عَلَيْهِمْ ؤكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا].

ئەگەر تاوانەكە بەرامبەر مافی مرۆڤێك بوو، ئەوە مەرجێكی تریش زیاد دەكات كە بریتیە لەوەی دەبێت ئەو مافە بگەڕێنیتەوە بۆ ئەو كەسە و گەردنی خۆتی پێ‌ ئازاد بكەیت، ئەمە ئەگەر پەیوەندی بە مافێكی داراییەوە هەبوو بەڵام ئەوەی زۆر قورسە كە پەیوەندی هەبێت بە مافێكی مەعنەوییەوە وەك غەیبەت كردن و دوو زمانی و درۆكردن و.. هتد.

لەبەرئەوە پێویستە زۆر خۆمان بپارێزین لە تاوانە دەروونیەكان ،چونكە دوایی دەبێت پەشیمانی دەرببڕیت و داوای لێبوردنی لێ‌ بكەیت، ئەگەر ئەوە نەكەیت، ئەوا لە رۆژی دواییدا مایە پووچ دەبیت و هەموو كردەوە چاكەكانت بەو تاوانانە دەڕوات.

پێویستە مرۆڤی باوەڕدار بەردەوام گەشە بە چاكەكاری بدات رۆژ بە رۆژ ئەو كارانە بكات كە لەخوا نزیكی دەكاتەوەو لە ئەوانەش خۆی بەدوور بگرێت كە دەبێتە مایەی سەرشۆڕی لە رۆژی دوایی دا، واتە نابێت لە شوێنی خۆیدا وەستاو بێت و بە چەند عیبادەتێك سەرقاڵا بێت و بەمەش دڵی خۆی خۆش بكات كە باوەڕدارێكی تەواوە، وەك دەفەرموێت [لِمَنْ شَا‌وَ مِنْكُمْ أَنْ يَتَقَدَّمَ أَوْ يَتَأَخَّرَ]، بەپێی ئەم ئایەتە پێویستە لەسەرمان كە بەردەوام عیبادەتی چاكتر و باشتر بكەین و داهێنانی زیاترمان هەبێت و لە كارە دنیاییەكانماندا دڵسۆزتر و چاكتر بین و نموونەی مرۆڤی دڵسۆز و بەوەفاو هۆشیار و بەئاگا و چاكەخواز بین.

مانگی رەمەزان مانگی گەورەی نزا كردنە، خوای گەورەش ئامادەیی خۆی دەبڕیوە بۆ بەدەمەوەچوونی كەسێك كە داوای لێ‌ بكات وەك دەفەرموێت [ؤإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْؤةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي ؤلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ]. واتە هەركەسێك لە بەندەكانم داوام لێ‌ بكات ئەوا من نزیكم و وەڵامی داواكەی دەدەمەوە لەبەرئەوە وەڵامی داواكانم بدەنەوەو باوەڕم پێ‌ بهێنن بۆئەوەی مرۆڤێكی چاك و باش و گەورەبن.

ئەگەر ئەم بنەما سەرەكیانە لە رۆژوودا هاتنەدی ئەو رۆژووە لای خوا رۆژویەكی وەرگیراوەو ئەو ئامانجە گەورەش كە بۆی دانراوە دەیهێنێتەدی كە بەدەستخستنی تەقوایە.