یه‌كڕیزی ئیسلامیه‌كان له‌نێوان بنه‌ما شه‌رعی وهه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كاندا

  دوو شەممە, 21 ئایار 2018 07:02

 

به‌بێ قووڵبوونه‌وه‌ وڕۆچوونی زیاتر به‌نێو ڕایه‌ڵه‌و تونێله‌كانی ‌هه‌ریه‌كـ له‌م چه‌مكـ و سه‌رباسه‌ی وتاره‌كه‌ وبۆ خۆبواردان ودووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ورده‌كاری وماجه‌رای ڕووداوه‌كانی مێژوو كه‌ بۆ خۆیان بوون به‌به‌شێكـ له‌ مێژوویه‌كی له‌بیركراوو دووری له‌قسه‌و تاووتوێكردنی خودی زۆرینه‌ی زۆری ئێستای نێوان موسڵمانان ، بێنه‌وه‌و هه‌ر له‌م نزیكی وبه‌رده‌سته‌ به‌سه‌رنج ودیققه‌ته‌وه‌‌ بچینه‌ خزمه‌تی قورئانی پیرۆز و تێڕامان له‌ ئایه‌ته‌كانی ﴿ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ﴾ المائدة 3،﴿ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ ﴾ الأنبياء 107 ، ( ونَزَّلْنَا عَلَيْكَ الكِتَابَ تِبْيَاناً لِّكُلّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ ) النحل89 ،له‌وێشه‌وه‌ به‌گوزه‌رێكی خێرا به‌ناو فه‌رموده‌ وئاكاره‌ جوان وته‌رجه‌مه‌كراوه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان ( صل الله علیه وسلم ) بۆ‌ هه‌ڵسوكه‌وت ومامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی هاوه‌ڵه‌ به‌ڕیزه‌كانی كه‌مه‌حوی ئاسا بۆ خۆیان له‌واقیعدا پێغه‌مبه‌رستانێكـ بوون ،ئه‌وجا‌ بۆ ئه‌نجامدانی نوێژه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان وبه‌ڕۆژووبوونی كۆرس ئاسای ساڵانه‌ی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌زاره‌های حاجی بۆ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌هه‌موو ده‌نگـ و ڕه‌نگه‌ جێاوازه‌كانیه‌وه‌ له‌جیهاندا ، دیسان به‌خشین وقوربانیكردن له‌قووت وبژێوی خۆیان ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی پێكه‌وه‌بوون وخڕبوونه‌وه‌و لێكـ ئاڵان وده‌ست له‌ملانی یه‌كدیه‌ ، واته‌ ئه‌م په‌یامه‌‌ مه‌به‌ستیه‌تی له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تاكـ به‌تاكی كۆی كۆمه‌ڵگا وهێشتنه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ هه‌میشه‌ وكۆتاجار شوێنكه‌وتوانی كۆو وكۆكی یه‌كتربن .

واته‌ ڕۆحی گشتگیری ئه‌م ئاینه‌ بێگه‌رده‌ ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ چه‌سپاندن وجێگیركردنی ماناكانی ( شمل ، جمع ، تكامل ، تكاتف ) ئه‌كات كه‌متر به‌لای په‌رته‌وازه‌یی وپه‌رتكردن و جێاكاریدا ده‌ڕوات‌ ! شمل به‌واتای گشتگیریه‌كی بێكه‌ل وكه‌لێن ، جه‌معی كۆكه‌ره‌وه‌و نزیكی وله‌خۆگرتن ، ته‌كامولی ته‌واوكاری وبوارنه‌هێشتنه‌وه‌ بۆ هیچ پرس وئاریشه‌یه‌كـ به‌بێ وه‌ڵام ، هه‌روه‌كـ ته‌كاتوف به‌مانای شاندانه‌ شانی یه‌كتر وچوونه ‌ژێرباری ئه‌ركه‌كان وڕانه‌كردنه له‌پێگه‌ی به‌رپرسیارێتی وقایلبوون به‌خودویستی ودووره‌ په‌ڕێزی ! لێره‌وه‌ بۆ وه‌ڵاتێكی وه‌كـ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئالووده‌ی ده‌یان كێشه‌و گرفتی سیاسی و ئیداری و مێژووی و ئابوری و جوگرافیه‌ وهێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی له‌سه‌ره‌و ئاڵینراوو ته‌لبه‌نی وه‌ڵاتانی نه‌یاری ئیقلیمیه‌ ، بۆ پێگه‌و قورسایی حزب وگروپ و قه‌واره‌ سیاسیه‌كانی ئیسلامیه‌كان له‌ناو خه‌ڵكـ وحكومه‌ت ، ئه‌گه‌ر بنه‌ما ئیمانی وئه‌خلاقیه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام وفراوانی چه‌مكه‌كانی برایه‌تی وتوانه‌وه‌ له‌پێناو یه‌كدیدا كۆمان نه‌كاته‌وه‌ ویه‌كـ ده‌نگـ ویه‌كڕێزمان نه‌كات ، ئه‌وا هه‌رگیز به‌ هاوهه‌ڵوێستی له‌پرسه‌ سیاسی و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كاندا ناتوانین برا وته‌بابین ، چونكه‌ ئیسلام وه‌كـ ئاینێكی دامه‌زراو وپێبووی سه‌رچاوه‌كانی بونیادنانی تاكێكی په‌روه‌رده‌كراو .

بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كۆنكریتی و جێگیر وچه‌سپاوه‌و بۆ هیچ سه‌رده‌م وبڕگه‌و قۆناغێكی مێژوویی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌و ناگۆڕدرێت ، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كان كه‌ ده‌ره‌نجام وبه‌رمه‌بنای ڕووداو وپێشهاته‌كانی ڕۆژه‌و له‌ دیدگاو خوێندنه‌وه‌ی جێاوازی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی جێاواز له‌یه‌كتر و شیته‌ڵكاریمان بۆ گۆرانكاریه‌كانی ئێستا به‌ ئاینده‌ ئاراسته‌ ئه‌درێ له‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی زیاتری جێاوازیه‌كان وجێاكردنه‌وه‌و پۆلێنكاری ! به‌مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر له‌بنه‌ما نه‌گۆڕو پرنسیپه‌ گه‌وره‌و ئه‌خلاقیه‌كاندا برا وده‌ستباری یه‌كدی نه‌بین ئه‌وا هه‌ڵوێستی سیاسی وپێشهاته‌كانی هه‌نووكه‌ گره‌وی له‌سه‌رناكرێ و ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ ناگاته‌ هه‌وار ! چونكه‌ پرس وبڕیاره‌ سیاسیه‌كان مه‌حكومی كاته‌و به‌گۆڕانكاری و تێپه‌ڕینی كات وڕۆژگار هه‌ڵوێسته‌كان ده‌گۆڕدرێن و ئه‌شێ له‌بریدا خوێندنه‌وه‌ی نوێ و بڕیاری نوێ بێنێته‌بوون كه‌ به‌ته‌واوی له‌ڕابووردوو نه‌چێ !

لێره‌وه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌كـ بۆ بواره‌ سیاسیه‌كه‌ ناكرێت هه‌تا هیوا وئامانجه‌ گه‌وره‌كانی له‌سه‌ر بینا بكرێت ! بۆچی مه‌گه‌ر جێاوازی وبیركردنه‌وه‌ی سیاسیمان به‌ڕه‌چاو‌كردنی ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن بۆ ده‌ق و ڕاڤه‌ی چه‌مكه‌ ‌فیكری وبیروباوه‌ڕیه‌كانی فیكری ئیسلامیی ، سیاسه‌ت بۆخۆی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی وماكی جێاوازی و جێاكاری ناوونیشان و لۆگه‌و ئاڵای سه‌رجه‌م گروپ و ڕیكخراوو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان نیه‌ له‌ ئێستا و ڕابووردوودا !؟ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر جووڵانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌ی جێاواز هه‌وڵدراوه‌ بیشه‌رعێنن و به‌رگی پیرۆزی شه‌رعی به‌سه‌ردا بكه‌ن له‌وێشه‌وه‌ بۆ دوو دونیای جێاواز له‌یه‌كتر و دابه‌شكردنی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ربنه‌مای به‌هه‌شتی وئه‌هریمه‌ن ! خۆ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر پاساوو بیانوویه‌كه‌وه‌ بێ گومان بخه‌یته‌ سه‌ر ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌و بته‌وێ هه‌موو جێاوازیه‌كان بگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ جێاوازی له‌فیكر و بیروباوه‌ڕی موسڵمانان وله‌بازنه‌ی حه‌ڵاڵ وحه‌رامدا سنووردار بكرێت ! ئه‌وا به‌درێژبوونه‌وه‌ی چوارده‌سه‌ده‌ له‌مێژووی سیاسی و جێاوازیه‌ سیاسیه‌كانی نێوان موسڵمانان و‌فراوانی وپانتایی ئێستای ڕووبه‌ری جوگرافیای سه‌رجه‌م گه‌لانی موسڵمانان ، گومان ده‌خه‌یته‌ سه‌ر بیروباوه‌ڕ وبنه‌ما فیكریه‌ نه‌گۆڕو خاڵه‌ جێاواز وتایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م ئاینه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاینێكـ كه‌ توانای كۆكردنه‌وه‌و له‌ئامێزگرتنی خودی شوێنكه‌وتوانی بێ چ جای ئه‌وانیتر !

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت و بێ ئاگاییدا نه‌مێنینه‌وه‌ و جێماوو له‌دوای دواوه‌ی ئه‌وانیتر نه‌بین ، ئه‌وا پێویسته‌ جێاوازیه‌ سیاسیه‌كان وه‌لابخه‌ین و چیتر به‌رگی شه‌رعی و شه‌رعاندنی ئیجتیهاده‌ سیاسیه‌كانی ڕۆژ نه‌شه‌رعێنین ، ئه‌گه‌رنا هێشتا بێخه‌به‌ری خه‌وتووی خه‌ونی حوشترین ....