بارودۆخی عیراق له‌ ژێر هه‌ژمونی وڵاتان وناكۆكی ناوخۆیی

ئه‌وه‌ی سه‌رنجی عیراق بدات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئێستا زیاتر له‌پێشو له‌مه‌ترسیدایه‌ به‌هۆی ئه‌م هه‌ژمونه‌ی وڵاتان تیایدا هه‌یانه‌و هه‌ریه‌كه‌و بۆ زیادكردنی قه‌ڵه‌مه‌ڕه‌وی خۆی كارده‌كات وگوێ به‌ژیان وگوزه‌رانی خه‌ڵك وئارامی ده‌روونیان ناده‌ن وئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردانانه‌ی قوڵ كردۆته‌وه‌ وڕێگای بۆ خۆش كردووه‌ بریتیه‌ له‌ناكۆكی ناوخۆی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی له‌گشت ڕویه‌كه‌وه‌ .هه‌ندێ له‌ناكۆكیه‌كانی هینده‌ قوڵن ڕه‌گ وریشه‌یان بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.ئینجا دوای نه‌مانی ڕژێمی به‌عس كه‌ به‌تاكڕه‌وی خۆی عیراقی به‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆگه‌یاند كه‌ هه‌رچی ولاتی دراوسێی وهه‌رێمی ونێوده‌وڵه‌تی هه‌ن بیانه‌وێت چڕنوكی خۆیان له‌م وڵاته‌ پڕ خێروبێره‌ بچه‌قێنن.

هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ڕوی نه‌ته‌وه‌ جیاوازن وڕوی له‌ مه‌زهه‌بی وبگره‌ ئاینیش جیاوازیان هه‌یه‌.هه‌ر هێزێكیش له‌ترسی ئه‌وه‌ی تر پشتی به‌هێزی ده‌ره‌كی تر به‌ستوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ولاوازكردنی ئه‌وه‌ی تر.ئێستا دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبراردنه‌كانی 12-5 كه‌ هێشتا ئه‌نجامی كۆتایی له‌لایه‌ن كۆمسیۆن ڕانه‌گه‌ینراوه‌ به‌ڵام هه‌ندێ هێزی سیاسی كه‌ به‌شێكی زۆری ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ن پێگه‌ی خۆیان له‌حكومه‌تی ئاینده‌دا بكه‌نه‌وه‌.ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شتی نوێی هێنا كایه‌وه‌ له‌عیراق وده‌نگه‌كانی زیاتر په‌رت وبڵاو كرد له‌به‌شی ناوه‌ڕاست وباشور به‌لام له‌هه‌رێم هه‌ردوو هێزی پارتی ویه‌كێتی براوه‌ن.
ئه‌وه‌ جیگای له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ كه‌ هێشتا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان مشت ومڕیان له‌سه‌رو یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ كه‌چی هه‌ندێ هێز به‌ره‌و به‌غدا رایان كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روسۆراغێك له‌ئاینده‌ی خۆیان بكه‌ن وبزانن پێگه‌یان چی ده‌بێت له‌ عیراقی ئاینده‌ی بێ ئاینده‌.
جارێ شیعه‌كان له‌ناو خۆیان په‌رته‌وازه‌ تر بوون كه‌ هه‌ندێكیان یه‌كتر تاوانبار ده‌كه‌ن به‌ ئێرانی وئه‌وانی تریش تۆمه‌تباریان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا وسعودیه‌.كورده‌كان له‌م نێوانه‌ جار له‌به‌ره‌ی صه‌درن وشانی ماچ ده‌كه‌ن وجارێكی تر ده‌یانه‌وێت به‌به‌لێنه‌كانی مالیكی بخه‌ڵه‌تێن كه‌ده‌یه‌وێت پشتگیری بكه‌ن بۆهاتنه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وئه‌ویش كركوك وبه‌شێكی تر له‌ دیالی بۆیان واز لێ بێنێ.له‌كاتێكدت مالیكیش خۆی له‌لایه‌ن صه‌در هێلی سوره‌ ونابێ كاندید بێت.هه‌ندێ هێزی تر هه‌ن دژی ئه‌مه‌ریكان وبگره‌ له‌ ناو لیستی تیرۆردان كه‌چی له‌په‌ر له‌مان چه‌ندین كورسیان به‌ده‌ست هێناوه‌وكه‌سایه‌تی وا هه‌یه‌ بۆته‌ په‌رله‌مانتار وتۆمه‌تی تیرۆری پێوه‌یه‌.هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وعامری له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ لوتكه‌ی تیرۆرن كه‌چی به‌شێكی كورسیه‌كان په‌رله‌مانی بردووه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان.وهادی عامری نیازی خۆی كاندید كردنی هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكی وه‌زیران.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك وله‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق چه‌ندین بڕیاری ده‌ركردووه‌ كه‌ پێ ده‌چێ له‌ئاینده‌دا گشت هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هۆی ئاشكرا بوونی ساخته‌كاریه‌كان بكه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌ودوور نیه‌ ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌خۆیدا گۆمه‌كه‌ لێلتر ده‌كات.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ كۆمسیۆن ئه‌نجام‌و زیاتر له‌ 1000 صندوقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.وئه‌گه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش جێ به‌جێ بكرێت ئه‌وا بێگومان گشت خه‌ونه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌بنه‌وه‌ سه‌ڕاب وبۆی هه‌یه‌ ئاینده‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیش بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتو هێزه‌ براوه‌كان رازی نه‌بن به‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌داهاتودا كۆمسیۆن رای بگه‌یه‌نێ.هه‌ر له‌ ئیستاوه‌ دیاره‌ كه‌ ناكۆكی كه‌وتۆته‌ نێوان په‌رله‌مانی عیراق وكۆمسیۆنی عیراق.
ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ بڕوات ئه‌وا دوور نیه‌ شه‌ڕێكی ناوخۆ عیراق به‌ره‌و وێرانی ببات.له‌نێوان دوو به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا وئێران وكوردیش له‌م نێوانه‌ بۆی هه‌یه‌ زیاتر له‌به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا بێت.به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێگه‌ی سه‌ربازی به‌هێزی له‌هه‌رێم داناوه‌ .دووریش نیه‌ ئه‌م په‌رته‌وازه‌ بونه‌ی لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان سه‌ره‌نجام چاره‌نوسی كورد به‌ره‌و جیا بونه‌وه‌ ببات .ئه‌وكاتیش هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پشتگیری بكه‌ن.به‌ڵام كوردیش به‌م ناكۆكیه‌ ناوخۆییه‌ وه‌ بۆی هه‌یه به‌م ئارامیه‌ نه‌مێنێته‌وه‌.ئیتر بارودۆخه‌ زۆر ئومێد به‌خش نیه‌ چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ زۆربه‌یان چاوێان بڕیوه‌ته‌ كورسی وپۆست وده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ خۆیان وحزبه‌كانیان ئیتر نه‌ عیراقیه‌كان ئازاری خه‌ڵكی عیراقیان له‌بیرماوه‌ نه‌ كوردیه‌كان خه‌می نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ماوه‌ .ئه‌گه‌ریش تۆزێك ئومێد به‌خۆمان بده‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمسیۆن به‌ ئه‌نجامه‌كان بڕواته‌وه‌و هه‌ندێ كورسی دزراو بۆ لایه‌نه‌كانی تر بگه‌ڕێنێته‌وه‌.سه‌ره‌نجام ناكۆكی كه‌م بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان وله‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ براوه‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ر كه‌سێكی وه‌ها ڕێك كه‌ون كه‌ خه‌می خه‌ڵكی هه‌بێت وله‌هه‌مان كاتدا پشتیوانی ناوخۆیی ونێو ده‌وڵه‌تی هه‌بێت.