ئەوەی ئێران دەبێت بيكات

ئێران یەكێكە لە دراوسێ نزیكەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكی بەهێز لە زۆر لایەن لە نێوان هەردوولا هەیە و لە زۆر وێستگەی رابردوودا پێكەوە بووینە، ساڵانە ئێرانە بەهۆی هەرێمی كوردستان 7 تاوەكو 8 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە و بازاڕەكانی كوردستان باشترین شوێنی ساخ كردنەوەی كاڵاكانی ئەو وڵاتە بوونە.
ئەوەی كە مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە ئێران وەكو پێویست وەبەرهێنانی لە بواری ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان نەكردووە،بەپێی داتاكان بێت 70%سەوزە و 40%ی میووە و 80% پەینە كمیاویەكان و 50%ی شیرەمەنی لە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران یەك پڕۆژەی كستوكاڵی لە كوردستان نیە،تەنانەت جار جار ئاویشمان لەسەر دەگرێتەوە و زیان لە كشتوكاڵمان دەدات.!
ئێران وڵاتێكە لە كشتوكاڵ و ئامێری كشتوكاڵی و پیشەسازی كشتوكاڵی پێشكەوتووە دەبوو هەر چۆنێك بێت هاوكاری ژێرخانی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بكات، راستە ئێران ئەگەر ئەوە بكات رەنگە كاریگەری لەسەر داهاتووی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی بكات، بەڵام دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت ئەگەر ژێرخانی ئابووری هەرێم بەهێز بێت ئەوە لایەنێكی بەهێز دەبێت بۆ خودی ئێران و هاوڵاتیانی ئێرانی.
ئەگەر لە 400 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە كوردستان ئێران تەنها 48 پڕۆژەی وەبەرهێنانی هەبێت رێژەكە زۆر كەمە، هەمیشە هەرێمی كوردستان چاوی لەوە بووە، ئێران رۆڵی زیارتری هەبێت لە وەبەرهێنان چونكە وڵاتێكی كاریگەرە.

خۆشبەختانە لە كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابووریەكانی هەرێم و ئێران ئەوەم بەدی كرد سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنەرانی ئێران تەنانەت بەرپرسانی ئەو حكوومەتەش دەیانەوێت بە ستراتیژیەتێكی تازەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بكەن.
وەكو جێگری وەزیری بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی پێ راگەیاندم لە هەوڵی ئەوەدان بەرنامەیەكی درێژخایەن دابنێن بۆ سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش نەیشاردەوە بەرنامە و پلانێكی رێژخایەنیان هەیە.
له‌په‌یامه‌كانی ئێران لە كۆنفرانسی ئابووری به‌ئاسانی هه‌ستت به‌وه‌ دەكرد لە رابردوودا تێروانی ئەوان بە جۆرێك بووە بۆ بازاڕی كوردستان هەڵەیان كردووە و نایانەونێت لەسەر ئەو هەڵەیە بەردەوام بن، بۆیە دەیانەوێت سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن و بەشێوەیەكی تر بێنە ژوورەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
بۆیە هەرێمی كوردستان چاوی زیاتری لە وەبەرهێنەرانی ئێرانە بۆ ئەوەی ئەو قۆناخە تێبپەرێنین تەنها كاڵاكانی ئێران لە بازاڕ ببینین، بەڵكو ئەوەش ببینین كە بەهۆی پڕۆژە ئابووریە هاوبەشە ستراتیژیەكانی ئێران كارگە و ژێرخانی ئابووری كوردستانیش بەهێز دەبێت و بەرژەوەندیە هاوبەشەكان زیاتر دەبن.