ئەحكامی شەرعی لە خەو وەرناگیرێت

حوكمی خەو:
خەوی پێغەمبەران راست و دروستە، بەڵام بێجگە لە ئەوان یان بۆ مژدەدانە یان بۆ ئاگاداركردنەوە یان تەنها خەیاڵ و لێدانەوەی رابردووە، لەبەرئەوە هەموو خەوێك بێجگە لە خەوی پێغەمبەران تەنانەت بینینی پێغەمبەریش لە خەودا ،بەڵگەی شەرعی نیە هەتا لە رێگەیەوە حوكمێكی شەرعی لەسەر بنیات بنرێت لەڕووی حەڵاڵی و حەرامی و .. هتد، چونكە ئەحكامی شەرعی لە قورئان و فەرموودە وەردەگیرێن یان لە ژیاننامەی پێغەمبەر و بەڵگە جۆربەجۆرەكان، بەم هۆیەوە خەو ناكرێتە بنەمایەك بۆ ئەحكامی شەرعی چونكە ئەگەر ئەو دەرگایە بكرێتەوە زۆر مەترسیدارە و دەبێت هەموومان ئەوە بزانین كە ئاین تەواو بووە و بە تەواوی لەبەردەستماندایە وەك خوای گەورە دەفەرموێت [الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ ؤأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي ؤرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا].
بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو فەرموودەیەیە كە ئیمامی بوخاری لە ئەبی هورەیرەوە دەگێڕێتەوە كە دەڵێت: "گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو دەیوت (هیچ شتێك لە پێغەمبەرایەتی نامێنێتەوە تەنها مژدەكان نەبێت. وتیان مژدەكان چین؟ فەرمووی: خەوی دروست)" ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەحكامی شەرعی لە خەو وەرناگیرێت، بەڵكو وەك بەڵگە و مژدە سەیر دەكرێن بۆ روودانی شتێك.
خەوی یوسف دروست بوو:
یەعقوبی باوكی یوسف (سەلامی خوایان لێ‌ بێت) بەوە راڤەی خەوەكەی كرد كە كوڕەكەی دەبێتە پێغەمبەر و خوا نیعمەتی بەسەردا دەڕژێنێت هەروەك چۆن رژاندی بەسەر باپیرەگەورەی (ئیبراهیم و ئیسحاق)، هەروەها خوای گەورە فێری لێكدانەوەی خەونەكانی كرد واتە زانینی هۆكار و ئەنجامەكانی ئەمەش بەخششێك بوو لەلایەن خواوە پێی بەخشرا بوو كە توانای هەستكردنی هەبوو بە لێكدانەوەی شتەكان لە داهاتوودا و ئەو بەرئەنجامەی كە لێی دەكەوێتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە لێكدانەوەی خەوەكەی پاشادا دەركەوت.
پێوەرەكانی خەو:
پێغەمبەری خوا چەند پێوەرێكی داناوە بۆ لێكدانەوەی خەو كە لەلایەن خوا یان شەیتان یان دەرونی مرۆڤەكەوە بێت، وەك دەفەرموێت (إذا اقترب الزمان لم تكد رؤيا المسلم تكذب، وأصدقكم رؤيا أصدقكم حديثاً، ورؤيا المسلم جز‌و من خمس وأربعين جز‌واً من النبوة، والرؤيا ثلاثة؛ فالرؤيا الصالحة بشري من الله، ورؤيا تحزين من الشيطان، ورؤيا مما يحدث المر‌و نفسه، فإن رأي أحدكم ما يكره فليصل ولا يحدث بها الناس)، هەروەها دەفەرموێت (خەو سێ‌ جۆرە هەندێكی لە شەیتانەوەیەو دەبێتە هۆی خەفەتباری مرۆڤ یان مرۆڤ كاتێك كە بەخەبەرە كردەوەیەك دەكات دوایی لە خەودا دەیبینێتەوە، یان بەشێكە لە46 هەمین بەشی پێغەمبەرایەتی)، هەروەها دەفەرموێت (ئەگەر یەكێكتان خەوێكی خۆشی بینی سوپاسی خوای لەسەر بكات و بۆ كەسانی تریش باسی بكات، بەڵام ئەگەر خەوێكی ناخۆشی بینی ئەوە لە شەیتانەوەیەو پەنا بەخوا بگرێت لە شەڕی و بۆ كەسی باس نەكات ئەوكاتە بێ‌ زیان دەبێت).
ئەم فەرموودانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە خەوی باش دەبێتە مایەی خۆشبەختی بۆ مرۆڤ، خەوی شەیتانیش ئەو خەوەیە كە مرۆڤ دڵتەنگ دەكات.
هەندێك روونكردنەوە لەسەر هەندێك وشە:
1- وتەی یوسف بەرامبەر بە باوكی (یا أبت) مانای خۆشەویستیەكی زۆر دەگەیەنێت بۆ باوك.
2- وشەی (ساجدین) ئەمە كۆی (المذكر السالم)ە، باسكردنە لەوەی كە كاتێك رۆژ و مانگ و ئەستێرەكان كڕنوشیان بۆ خوا برد پلەیان بەرزبۆوەو هاتنە ئاستی مرۆڤە خاوەن عەقڵەكان، بەڵام ئەو مرۆڤانەی كە عەقڵا و گوێ‌ و چاویان بەكارناهێنن و راستی پێ‌ نابینن دادەبەزن بۆ ئاستی ئاژەڵەكان.
3- ئەو ئەستێرە و رۆژ و مانگە لە لێكدانەوەی خەونەكەدا منداڵەكان و ژنەكەی یەعقوب دەگرێتەوە.
4- خەوی منداڵا و بێ‌ باوەڕ دەبێت بەهەند وەربگیرێت، هەروەك لە چیرۆكی یوسف دا بینیمان.