ئایاهەدەپە دەسپێشخەری دەکات؟

 

 پاش سەرکەوتنی حیزبی ئاکپارتی و ئەردوگان لەهەڵبژاردنەکانی 24 ی حوزەیرانی ڕابوردوودا لەتورکیا ، زۆرێک لە شارەزایانی دۆزی کورد لەو وڵاتە، پێیان وایە وەک هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لەڕووی سیاسیەوەو بۆ سوود وەرگرتن لەو 67 کورسیەی هەدەپە ، باش وایە ئەم حیزبە بۆدابڕینی حیزبی مەهەپەی ڕەگەزپەرست لە ئاکپارتی و دەرهێنانی بەڕە لەژێر پێی ، هەروەها بۆ درێژەدان بەپرۆسەی ئاشتی لەباکور،کەلەم قۆناغەدا گرنگە زیندو بکرێتەوە، باش وایە هەدەپە دەسپێشخەرییەک بکا بۆ ئاکپارتی و لەگەڵیدا ڕێک کەوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ی تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەردوگان و ئەم هەنگاوە تاقی بکاتەوە ، چونکە ئەگەر بێتو مەهەپە ئەو بۆشاییە بۆئاکپارتی پڕبکاتەوەو حکومەتی لەگەڵدا پێک بهێنێ، ئەوکات چاوەڕێ دەکرێ تاکە بژاردە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کورد لەباکور، تەنهابژاردەی سەربازی و ئەمنی بێت ،کەئەوەش دەمانباتەوە بۆ جەولەیەکی دیکەی شەرو ماڵوێرانی و بێگومان هیچ لایەک لێی سودمەند نابێ ..

دیارە بۆ ئەم هەنگاوە پێویستە قەندیل و بەڕێز ئۆجەلانیش بێنە سەرخەت و هاوکارو هەماهەنگ بن و هەڵوێستی ئاشتی خوازانەی خۆیان لەڕێگەی دەسپێشخەرییەکەوە بخەنە ڕوو. ئەمڕۆ ئەەردوگان پاش هەموارکردنی دەستورو هەڵبژاردنی بەسەرۆک کۆمار، بەپێی سیستمی سەرۆکایەتی،خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانترەو دەتوانێت هەنگاوی باشتر لەجارانیش بنێ بۆچارەسەری کێشەی کورد بەڕێگای ئاشتی، وەک کێشەیەکی حەقیقی و مێژوویی وسیاسی نکوڵی لێ نەکراو لەتورکیا ،کە چارەسەرکردنی ئەوەندەی بەستراوە بە مافی ڕەوای گەلی کوردو داهاتوی تورکیاوە ،نەبەستراوە بە حیزب و گروپێکەوەو ئەرکی له پێشینەی ئەردوگان و حیزبەکەشیەتی ،کە خەمی چارەسەری بخوات،چونکە تا کێشەی کورد لەوڵاتەکەی چارەنەکرێ،نابێ بەتەما بێت سەقامگیریی بچەسپێت .