كێشەی كوردو دەسەڵاتە نوێیەكەی ئۆردوغان

  دوو شەممە, 02 تەمموز 2018 10:00

 

پارتە سیاسیەكانی توركیا ئۆردوغان بە پیاوە زیرەكەكە ناو دەبەن لە گەمەی هەڵبژاردندا، لەبەرئەوە ئەگەر سەرنج بدەین هەڵبژاردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت، كارێكی بەرنامە بۆ دارێژراو و پلانێكی سیاسیی زیرەكانە بوو، چونكە ئەگەر توركیا بەو دەسەڵاتەوە بچوایەتە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 و ئەوكاتە هەڵبژاردنی ئەنجام بدایە هەرگیز ئەو سەركەوتنانەی ئێستای بەدەست نەدەهێنا، سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكاندا هیچ كاتێك بە زۆرینەی رەها نەبووە، بەڵكو بە سەرنجدان لە هەموو هەڵبژاردنەكان بەتایبەتیش لە دوای ساڵی (2014) كە تیایدا ئۆردوغان سەركەوت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا، بە جیاوازیەكی كەم بووە لەگەڵا ئۆپۆزسیۆندا. بەپێی بۆچونی بەشێك لە چاودێرانی هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەوەی چارەنووسی پارتە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا یەكلایی دەكاتەوە نزیكەی میلۆنێك دەنگدەرە نەك ئەو (60) ملیۆن كەسەی كە دەنگی داوە، ئەمەش وایكردووە، لە یەكەم رۆژی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی AKP بیر لەوە بكاتەوە چۆن بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەر بكات، لەبەرئەوەش كە خۆیان لە دەسەڵاتدان كاتەكەشی دیاری دەكەن و لەسەر بنەمای سایكۆلۆژیای هاوڵاتی توركیا بەگشتی و زۆرینەی تورك بەتایبەتی گۆڕانكاری بەسەر گوتاری سیاسیاندا دەهێنن. هەڵبژاردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت بەشێك بوو لەو بەرنامانە، چونكە لە ئێستادا توركیا گیرۆدەی كێشەی قورس نەبووەتەوە، نە لەڕووی ئابوری و نە لەڕووی سیاسیەوە نەچۆتە ناو قەیرانێكەوە كە نەتوانێت لێی دەرباز بێت، بەڵكو ئەوەی كە هەیە دەسەڵات خۆی دروستی كردووە كە بەشێكی بۆ كاركردن بوە لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەری توركیا كە دەنگدانەوەیە بە دادوگەشەپێدان و بەتەنها هێزی رزگاركردنی توركیای بزانێت لە پێناو پاراستنی یەكپارچەیی خاكی توركیا و مانەوەی توركیا وەك زلهێزێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگرتن لە هەرەسی لیرە و ئابوری توركیا و لەهەمان كاتدا رێبەرایەتی كردنی گەلانی مسوڵمان بۆ ئەو ئەجێندا سیاسەی كە هەیەتی وەك بەشێك لە پرۆژەكانیان بۆ سەرلەنوێ‌ زیندوكردنەوەی خەونی سوڵتانی لە چوارچێوەی پرۆژەی سیاسی عوسمانیە نوێیەكاندا.
پارتی دادوگەشەپێدان لەماوەی دەسەڵاتی چەند ساڵی رابردوویدا بە بەرنامە كاری كردووە بۆ ئەوەی سەرلەبەری سیستمە كۆنە كەمالیەكە بگۆڕێت و یەك لەدوایەك شوێنكارەكانیان بە بەدیلی نوێتر پڕ بكاتەوە، كە مۆركی تایبەتی ئۆردوغانیزم و پرۆژە سیاسیەكەی پێوە بێت.
ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستور لە مانگی نیسانی (2017)و سەركەوتنی تیایدا ئەوە گەورەترین هەنگاو بوو پاشان پێشخستنی هەڵبژاردن و سور بوون لەسەر ئەنجامدانی و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكەشدا بە تەواوی توانای ئەنجامەكانی بەدەست بهێنێت و ئیتر بكەوێتە سەر جێبەجێكردنی ئەو خەونانەی كە هەیبوو بۆ بنیاتنانەوەی توركیا، بەتایبەتی لەڕوی سیاسی و دەستوریەوە، چونكە گۆڕینی سیستمەكە بۆ سەرۆكایەتی مانای گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتە گرنگەكانە بۆ خودی سەرۆك كۆمار و هەرخۆیشی سەرۆكی پارتی براوەی هەڵبژاردنەكانەو هەموو بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەكانی بەدەستە لە دروستكردنی حكومەت و دانانی وەزیرەكان و دادگاكان و دامەزراوە گرنگەكانی وەك ئاسایش و میدیاكانی حكومەت و پۆلیس و دامەزراوەی سەربازی.
لەلایەكی تریشەوە بە بەرنامە كاری كرد لەسەر ئەوەی كە جارێكی تر هاوشێوەی كەمال ئەتاتورك خۆی بكاتە سەركردەیەكی كاریزمی لەلایەك بۆ رەگەزی تورك ،لەلایەكی تریشەوە بۆ گەلانی تری توركیا، بەستنی هاوپەیمانێتی ستراتیجی لەگەڵا مەهەپە لەپێناو ئەوەدابوو كە ئۆردوغان لە سەركردەیەكی پارتێكەوە كە بە باكگراوندی ئیسلامی ناسراوە بۆ سەركردەیەكی نوێ‌ كە لەدوای ئەتاتورك ئاڵای توركیا هەڵدەگرێ‌ و رابەرایەتی گەلی توركیا دەكات بۆ ئایندەو سەروەریەكانیان لە مێژوودا بۆ زیندوو دەكاتەوەو روبەڕووی دوژمنەكانی توركیا دەوەستێتەوە.
بۆ گەلانی تری مسوڵمانیش لەناوخۆو دەرەوەی توركیادا هەڵگرتنی گوتارێكی ئاینی و بەردەوام پشتیوانی لە كێشەی قودس و فەڵەستینیەكان و كێشەی كەمینە مسوڵمانەكان لە میانمار و توركمانستانی رۆژهەڵات و مسوڵمانەكانی تبت لە چین و داكۆكی كردن لە كێشە ئیسلامیەكان لە نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی وایكردووە كە سۆزی هاوڵاتی مسوڵمانی شەقام بەلای خۆیدا كێش بكات لە هەر نەتەوەیەك بێت، لەوكاتەوە كە ئۆردوغان هاوپەیمانی ستراتیجی لەگەڵا نەتەوە پەرستەكانی توركدا بەستووە، لەوكاتەوە ئاستی توندوتیژیەكانی بەرامبەر بە كورد و كێشەكەی لە هەرسێ‌ پارچەی كوردستان زیادی كردووە، بەمەش دەیەوێت شەڕی كورد بكاتە بەشێك لە شەڕی تیرۆر و بەردەوام هێرشەكانی بۆسەر پارتی كرێكاران و یەپەگە و ئۆپەراسیۆنەكانی لە كوردستانی باشور و هەڕەشەكانی لە قەندیل و شەنگار و مەخمود و جێگاكانی تر بە شەڕی دژ بە تیرۆر ناوبردووە، بەمەش خواست و ئامانجی توركە فاشیەكانی هێناوەتەدی و بۆشی دەركەوتووە ئەم گوتارە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئەو دەنگانە نەبووە كە لە باكوری كوردستان پێی دراوە، لەم كاتەشدا كە توانیویەتی بە هاوپیەمانی لەگەڵا مەهەپەدا هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بباتەوە، پێناچێت پاشەكشە لەو ئاراستەیە بكات و جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵا كورددا، لەبەرئەوە پێشبینی دەكرێت كە حكومەتی ئایندە بەشێك لە پۆستە گرنگەكانی بدرێت بە مەهەپە و ئەوكاتەش هەڵوێستەكان بەرامبەر بە كورد توندتر دەبن، بەتایبەتیش لەو روانگەیەوە كە ئەمریكا بێ‌ دەنگە لە ئاست ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكان و زۆرجاریش پشتیوانی دەوڵەتی توركیا دەكات بۆ سنورداركردنی چالاكی پەیەدە لە سوریا و پارتی كرێكاران لە قەندیل و ناوچەكانی تر.لە بەر ئەوە پێشبینی دەكرێت قۆناغی ئایندە بۆكورد دژوارتر بێت و وا بە ئاسانیش دەوڵەت نەگەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.