وچانێک لەبەردەم زاراوەی (مبارك) دا

  یەک شەممە, 08 تەمموز 2018 11:55

    (برك): بنچینەی ئەم وشەیە (البرك) بەکاربراوە بۆچەند شت وەک : چەسپاندنی سنگی وشتر بەزەوییەوە کاتێک یەخیداوە ، پێی وتراوە (برکة) ، بۆ شتی تریش بەکار ھاتووە ، لەوانە مانەوەی جەنگاوەر لەسەنگەرو جێگیر بوونی ، یان بۆ گلدانەوە و پەنگدانەوەی ئاو لەگۆل و گۆم و ھەسارو خەزاندا ، بەمە وتراوە (برکة).

لە قورئاندا وشەی (البرکة) ، بۆ ھەرشتێ بەکار ھاتووە یانی جێگیربوون و بەردوامی خێرو بێرو فەڕی زۆری خوایی لەو شتەدا ، چونکە سەرچاوەی بەرەکات خوای موتەعالە، لەوانە ئاماژەدان بەخێرو فەڕی ھەمیشەیی ئاسمان و زەوی کە بەشێکی پەیوەستە بەخێرو بەرەکەت و بەھای ئاوەوە ، وە مەرجی بەردەوامیەکەی ئەوەیە گەر خەڵکی باوەڕدارو پارێزکار بن ئەم دەروازەیە بەکراوەیی لەسەریان دەمێنێتەوە و داناخرێ و بارانی بەفەڕیان بەسەردا دەبارێت : (وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَىٰ آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِم بَرَكَاتٍ مِّنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ) .

ئەم دەستەواژەیە (المُبارك) ، (اسم المفعول) ـە ، سوودی ئەوە دەگەیەنێ ، ئەوەی جێگیری و مانەوەو بەردەوامی ئەم خێرو فەڕو بەرەکەتە زۆرەی سپاردووە بە قورئان خوای مھرەبانەو ھەرگیز کۆتایی ناێت، وە ھەرکەس بەڕاستی باوەڕی پێ بێنێت و بە دروستی شوێنی بکەوێت و بە چاوساغی خۆی بزانێت ، ڕەحمەتی خوا دای دەپۆشێت : (وَهَٰذَا كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ مُبَارَكٌ فَاتَّبِعُوهُ وَاتَّقُوا لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ) .

ھەروەک بەڕونی خراوەتە ڕوو کەوا ئەوەی خێرو بەرەکەتەو لەبەرژەوەندی مرۆڤ دایە بە زیادەوە بۆ ھەمیشە لەقورئاندا جێگیر کراوە و بۆ دەستخستنی مەرج ھەیە ، لەوانە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی دروست بۆ خواست و پرسەکان تیایدا ، لە ھەر سەردەمە و دۆخێکدا ، وە بێگومان ئەمە ئەرکی ئاوەزداران و ئاقڵمەندانە : زیاتر لەوەش ئەم قورئانە تەواوی ئەو شتانە یاد دەخاتەوە کەزۆر خێردارو بەپیتن و لەقازانجی ئادەمیزادان ، کەچی لەگەڵ ئەو ھەمووە مەزننیەی دا ھێشتا مرۆڤانێکی زۆر خۆیانی لێ وێڵ دەکەن ، وەیان دەبنە نەیاری و دژایەتی دەکەن ، سەیرە !! بەشێک لە ئادەمیزاد چاوی بەدوای تراویلکەو سەرابەوەیە : (وَهَذَا ذِكْرٌ مُبَارَكٌ أَنْزَلْنَاهُ أَفَأَنْتُمْ لَهُ مُنْكِرُونَ) .

بەرەکاتی قورئانی موبارەک ھەرگیز ئەژمار ناکرێن ، فراوان و ھەمە جۆرن ، تەواوی ئەو بوارانەی لەخۆی گرتووە لێوان لێون لە خێرو فەڕو بەرەکەت لەوانە : وێژە و دەربڕینی ، مانا و واتای ، دەلیل و ئاماژەی ، ھیدایەت و ڕێنوێنی ، شیفا و چارەسەری ، پاداشت و سەوابی ، حکمەت و دانایی ، چاوساغی و بیانیی ، سەکینەت و سوکنایی ، پایەبەرزی و شکۆداری ، دەرچەو جێگرەوەی ، دڵسۆزی و خەمخوری ، شادی بەخشی و بەختەوەرکردنی و .. تاد .

ئەمە تەنھا بۆ ژیانی کاتی دونیا ، بۆ دواڕۆژ بەرەکاتی زۆر گەورە و بەنرخ ترە .

جیاوازی نێوان وشەی (مُبارك) و (مُقدّس) : وشەی (المقدَّس) واتە : پاک و خوێن ، وە (التقدیس) بەمانی خاوێنکردنەوەو گەورەڕاگرتن (التطھیر والتعظیم)، وە (القدس) واتە : پاکی و خاوێنی (الطھارة) ، جا یەکێک لە ناوە جوانەکانی خوا (القُدُّس) ـە ، یانی پاک و بێگەردە و دوورە لە ھەموو کەم و کوریەک .

وە ئەم زاراوە تایبەت نەکراوە بەخوای (متعال) ، بەڵکو خۆی بۆ ھەندێ لە دروستکراوانی بەکاری بردووە کە شایستەی بوو بن لەوانە :(قُلْ نزَّلَهُ رُوحُ الْقُدُسِ) ، مەبەست لێی فریشتەی وەحیە (جبریل) علیە السلام ، کەخاوێن و پاک بووە لەھەموو ناپاکی و ناتەواویەک لە ھێنانی وەحی بۆ پێغەمبەران (علیھم السلام).

بۆ ھەندێ شوێنی زەوی بەکاری بردووە : (ادْخُلُوا الأَرضَ المُقَدَّسَةَ)، بچنە ناو ئەو زەویە خاوێن و خێردارو بەپیتەوە ، وە بۆ دۆڵ و شیوی (طوى) : (إِنِّي أَنَا رَبُّكَ فَاخْلَعْ نَعْلَيْكَ إِنَّكَ بِالْوَادِ الْمُقَدَّسِ طُوًى) .

دەی خودی ئەم وەسفە (المبارک والمگەّر) بۆ قورئان ھاتووە : (کِتَابٌ ڕَنزَلْنَاەُ إِڵیْکَ مُبَارَکٌ) . وشەی (مبارک) واتە: خێرو فەڕی زۆرو زیاد و بەرەکەتدار ، کەڵک و سودی بەرەکەتدارەو دایم لە زیادکردن و گەشەکردن دایە ، وە بە زۆری ھەستی پێ ناکرێ و بەرچاو نیە ، کەچی تیایدا ئەو خێرو فەڕە جێگیرە و بەردەوامە .

(رَسُولٌ مِنَ اللَّهِ يَتْلُو صُحُفاً مُطَهَّرَةً فِيهَا كُتُبٌ قَيِّمَة ) ، وشەی (مُطهَّرَ) خاوێنە لە ھەر ناتەواوی پوچەڵیەک وە ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نیە ، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە وەک پێشینان خۆمان بیارێزین لە خۆ چواندن بە مەسیحیەکان .

وە بادروست پێڕەوی لە قورئان بکەین و ئەو وەسفانە بەکار بێنین کە خوای (متعال) قورئانی پێ وەسف کردووە لەوانە : (إِنَّهُ لَقُرْآنٌ كَرِيمٌ) ، (وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ) ، (بَلْ هُوَ قُرْآنٌ مَجِيدٌ) ، (وَالْقُرْآنَ الْعَظِيمَ) ، (كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ) ، (وَقُرْآنٍ مُبِين) .